سبەی
دەنگۆی پێکهێنانی شاندێکی پێنج کەسی لەلایەن لیژنە پەرلەمانییەکەی تورکیا بۆ ئەوەی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات؛ فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی گشتیی پارتی سەرلەنوێ ڕەفاهـ هێنایە دەنگ و دەڵێت: "ئەگەر ئەوە ڕاست بێت لە لیژنەکە دەکشێینەوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە (7ـی ئەیلوول 2025) دوای بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیە کە داواکاری بەردەوامی کوردانی باکوری کوردستانە، فاتیح ئەربەکان هاتە دەنگ و بە توندی دژی هەر جۆرە هەوڵێکی لەم جۆرە وەستایەوە.
ئەو کە پارتەکەی یەک ئەندامی هەیە لەو لیژنە پەرلەمانییەی لە 53 ئەندام پێکهاتووە، دەڵێت: "ئەگەر شاند ڕەوانەی ئیمراڵی بکرێت، لە لیژنەکە دەکشێینەوە. بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەین ئەو پەرلەمانتارانەی بە ئیرادەی گەل هەڵبژێردراون، بچنە ئیمراڵی".
کوڕە گەورەکەی نەجمەدین ئەربەکان کە بە باوکی ئیسلامی لە تورکیا دادەندرێت باس لەوە دەکات خۆی دامەزراوەی هەواڵگریی تورکیا (میت)، لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی تورکیا و پەرلەمانتارانی دەم پارتی دەچنە لای ئۆجەلان و دەڵێت: "ئەو دەیەوێت چی بڵێت با بە ئەوانی بڵێت".
فاتیح ئەربەکان، ئەندازیارێک لەسەر ڕێچکەی باوکی
محەمەد عەلی فاتیح ئەربەکان، لەدایکبووی ساڵی 1979، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە ئەندازیاریی کارەبا و ئەلیکترۆن لە زانکۆی باشکەنتی ئەنقەرە.
وەک کوڕی نەجمەددین ئەربەکانی دامەزرێنەری ڕەوتی "دیدگای نیشتمانی"، فاتیح ئەربەکان خۆی بە میراتگری ڕاستەقینەی ئەو ڕێبازە سیاسییە دەزانێت.
دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک لەنێو پارتی سەعادەتدا کاری سیاسی کرد، بەهۆی ناکۆکیی فیکرییەوە، لە ساڵی 2018 بە دامەزراندنی پارتی "سەرلەنوێ ڕەفاهـ" ڕێچکەیەکی جیاوازی گرتەبەر، بە ئامانجی زیندووکردنەوەی بنەما سەرەکییەکانی بزووتنەوەکەی باوکی.
ئەربەکان نوێنەرایەتیی باڵێکی توندڕەوتری ئیسلامی سیاسی دەکات و بە وتارە ناسیۆنالیستی و دژە-ڕۆژئاواییەکانی ناسراوە.
هەڵوێستی بەرامبەر بە پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی، یەکێکە لە بنەما نەگۆڕەکانی سیاسەتی ئەو. ئەو هەر جۆرە دانوستاندنێک لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان یان پەکەکە بە هێڵی سوور و سازش هەڵنەگر دەزانێت، پێی وایە ئەم پرسە تەنها ڕەهەندێکی ئەمنی هەیە و نابێت مامەڵەی سیاسیی لەگەڵدا بکرێت.
ئەم هەڵوێستە توندەی وای کردووە ببێتە جێگرەوەیەک بۆ ئەو دەنگدەرە نەریتخوازانەی کە لە سیاسەتەکانی ئاک پارتی لەم پرسەدا ناڕازین.
پارتی سەرلەنوێ ڕەفاهـ، ڕکابەری ئاک پارتی لەسەر دەنگی نەریتخوازان
پارتی سەرلەنوێ ڕەفاه لە هەڵبژاردنی گشتیی ساڵی 2023دا توانی 5 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا بەدەست بهێنێت و وەک هێزێکی نوێی کاریگەر خۆی بسەلمێنێت.
هەرچەندە لە چوارچێوەی "هاوپەیمانیی جمهور"دا هاوپەیمانی حکومەتە، بەڵام لە هەمان کاتدا وەک ڕکابەرێکی سەرەکیی ئاک پارتی سەیر دەکرێت، بەتایبەت لەسەر بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەرە نەریتخواز و ئیسلامییەکان.
ئەم ڕکابەرییە لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 2024دا گەیشتە لووتکە، کاتێک پارتی "سەرلەنوێ ڕەفاهـ" توانی چەندین شارەوانیی گرنگ، وەک ڕها (ئورفا) و یۆزگات، لە ئاک پارتی وەربگرێتەوە.
ئەم پارتە پرۆسەی ئاشتی و هەر جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ ئۆجەلان بە توندی ڕەت دەکاتەوە و بە "ناپاکی" و "سازش بەرامبەر بە پەکەکە" ناوی دەبات.
دژایەتیکردنی توندی بۆ ئەم پرۆسەیە، یەکێکە لە ستراتیژییە سەرەکییەکانی بۆ جیاکردنەوەی خۆی لە ئاک پارتی و ڕاکێشانی ئەو دەنگدەرە ناسیۆنالیست و نەریتخوازانەی کە نیگەرانییان لە نەرمی نواندنی حکومەت هەیە.
هەڕەشەکەی فاتیح ئەربەکان بە کشانەوە لە لیژنەی پەرلەمانی، نیشانەی ئەوەیە کە ئامادەیە هاوپەیمانێتییەکەشی لەگەڵ ئاک پارتی بخاتە مەترسییەوە لەپێناو پاراستنی ئەم هێڵە سوورەدا.