"لە كاتی رووداوەكەی لالەزار من مۆڵەت بووم"؛ سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ لەسەر ناكۆكیەكانی ناو دەستەكە دێتە دەنگ

#دەستەی مافی مرۆڤ#لالەزار#یەکێتی#پارتی
10 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، سەبارەت بە ناكۆكیەكانی ناو دەستەكە، كە بەهۆی رووداوەكانی لالەزار دەركەوتن، روونكردنەوەیەكی بڵاوكردۆتەوە و دەڵێت "من لەو كاتەدا مۆڵەتی فەرمیی بووم ئەوەی ڕوویدا  لە زووترین دەرفەتدا پێكەوە باسی دەكەین".
  • دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی كوردستان – عێراق، دامەزراوەیەكی حكومییە، بەپێی بڕگەی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 1992ـی  ھەمواركراو پێكهێنراوە، كارەكانی بەپێی یاسای ژمارە 13ـی ساڵی 2010 یاسای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان- عێراق، ئەنجام دەدات. لە چوارچێوەی بوودجەی گشتیی ھەرێمدا، بوودجەیەكی تایبەتیی بۆ تەرخان كراوە و بە پەرلەمانەوە پەیوەست كراوە
Primary Asset

مونا یاقۆ و لۆگۆی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ

سبەی

سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، سەبارەت بە ناكۆكیەكانی ناو دەستەكە، كە بەهۆی رووداوەكانی لالەزار دەركەوتن، روونكردنەوەیەكی بڵاوكردۆتەوە و دەڵێت "من لەو كاتەدا مۆڵەتی فەرمیی بووم ئەوەی ڕوویدا  لە زووترین دەرفەتدا پێكەوە باسی دەكەین".

مونا یاقۆ، لە نوسینێكدا لە فەیسبووكی خۆی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردۆتەوە و نوسیویەتی:"دەربارەی دەركردنی دوو بەیاننامەی جیاواز بە ناوی دەستەوە، سەبارەت بە ڕوداوەكانی لالەزار، دەمەوێت ئەوە روون بكەمەوە:

1- من ئەكادیمستێكی سەربەخۆم، لە هیچ قۆناغێكی ژیانمدا سەر بە هیچ حیزبێك نەبومە، هەر لە سەرەتاوە ئامانجم لە كاركردن لە دەستەی مافی مرۆڤ،پراكتیزەكردنی پسپۆڕییەكەم و خزمەت كردنی هاوڵاتیان بوو دو،ر لە حیساباتی سیاسی.

2- لە ماوەی چوار ساڵ زیاتر لە كاركردنم لە دەستە، بە پەرۆش بووین بۆ جێگیركردنی پرەنسیپی یەكڕیزی، و كاركردن بە شێوەیەكی تەواو بێ لایەنانە، بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی لە بەدوداچونی كێشەكان لە شارە جیاجیاكانی هەرێمدا.

3-كارەكانمان لە سەر بنەمای بانگەشەی میدیایی یا شوێنكەوتنی خواستەكان نەبووە، بەڵكو لە سەر بنەمای چاودێری كردنی مەیدانی جددی بووە، زۆر جار دیدار و سەردانەكانمان دور لە چاوی كامێراكان بووە، چونكە ئامانجی سەرەكیمان هەمیشە دەستنیشانكردنی پێشێلكاریەكان و دۆزینەوەی چارەسەر بووە، نەك تۆمار كردنی هەڵوێستی كەسی  و قارەمانێتی. لەسەر بنەمای قەناعەتێكی پتەو، پێوەرە سەرەكییەكەمان ڕازیكردنی_ویژدانمان بووە نەك هیچ لایەن و كیان و تاكێك. 

4- لە بەرامبەر هیچ ڕوداوێكدا بێ دەنگ نەبوین، بەڵكو  دەستمانكردووە بە پەیوەندی لە گەل لایەنە پەیوەندیدارەكان و ڕاپۆرت و نوسراو و تێبینیەكانمان بابەتیانە و شەفافانە بۆ ناردوون.

بۆیە نابێت جددیەتی كارەكانمان تەنها بەو شتانە بپێورێت كە لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا بڵاودەكرێنەوە.

5- كاتێك رووداوەكانی لالەزار روویدا، من لە مۆڵەتی فەرمی بوم، و هاوكارەكانم ڕاسپارد بۆ ئەوەی لە نزیكەوە چاودێری بابەتەكە بكەن.

ئۆرگانە نێودەوڵەتییەكان داوای ڕوونكردنەوەیان لەسەر ئەو بابەتە كردبوو

مونا یاقۆ دەڵێت “ڕاستەوخۆ لەگەڵ گەڕانەوەم بۆ سەر كارەكەم، دەستپێشخەری داواكارییەكی فەرمیم كرد بۆ سەردانی گیراوانی سلێمانی، بە پلەی خۆم وەك سەرۆكی دەستە و كەسایەتییەكی سەربەخۆ، هەروەها لەبەر ئەوەی ئۆرگانە نێودەوڵەتییەكان داوای ڕوونكردنەوەیان لەسەر ئەو بابەتە كردبوو. هەروەها ئەمەش لە وەڵامی داواكارییەكانی بنەماڵەی دەستگیركراوەكاندا بوو، بێ ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی حیزبیەوە هەبێت. هەروەها هەماهەنگیەك ئەنجامدرا لەگەڵ هاوكارانێك كە پاشخانی سیاسی تایبەتیان هەیە بۆ ئاسان كردنی ڕێكخستن و ڕێكارەكان”.

سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەشڵێت "لە كۆتاییدا ڕێز و حورمەتی خۆمان بۆ هەموو هاوكاران و هەموو لایەنە حزبییەكان دووپات دەكەینەوە. ئێمە ئەوەی ڕوویدا  لە زووترین دەرفەتدا پێكەوە باسی دەكەین، وەك داب و نەریتی خۆمان له دەسته، هەروەها پابەندبوونمان بۆ بەهێزكردنی كردەوەی هاوبەش دووپات دەكەینەوە، هیوادارین كێبڕكێ لەسەر بنەمای هاوكاری لەگەڵ دەستەكەمان و خزمەتكردنی هاوڵاتیان و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بێت، نەك ئەوەی دەسته بكرێتە لایەنێك لە هەر ململانێیەكی سیاسیدا، ئەو متمانەیەی لە ساڵانی ڕابردوودا لە هەموو سكاڵاكاران بەدەستمان هێناوە، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی عێراق، نوێنەرایەتی سەروەت و سامانێكی بەنرخ دەكات كە لە هیچ بارودۆخێكدا بەفیڕۆ نادرێت."

ناکۆکیی ناوخۆیی دەستەی مافی مرۆڤ

روونكردنەوەكەی سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەكاتێكدایە، پێشتر لەسەر بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەكی دەستەی مافی مرۆڤ سەبارەت بە دۆسیەی دەستگیركردنی ئارام قادر و لالەزار، ناكۆكی لەناو ئەنجومەنی كارگێڕی دەستەی مافی مرۆڤ دروست بوو، بەشێك لە ئەندامانی دەستەكە ئەو راگەیەندراوە بە هەڵوێستێكی سیاسی دیزاینكراو دەزانن و نایشارنەوە پێشووتریش سەرنج و تێبنیان لەسەر ئەو جۆرە هەڵوێست و پەیامانەی دەستە هەبووە و نە ئاگایان لێی بووە، نە پرسیان پێكراوە.

لە راگەیەندراوێكدا كە میدیای فەرمی یەكێتی بەناوی بەشێك لەئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بڵاوی كردوەتەوە، ئاماژەیان بەوەكردووە، شەوی هەینی پێنجی ئەیلول راگەیەندراوێك بەناوی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بڵاوكرایەوە لەسەر رووداوەكانی لالەزار و كەیسی ئارام قادر، هەرچەندە ئێمە وەك بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێری دەستە ناوەڕۆكەكەی رەت دەكەینەوە و بە هەڵوێستێكی سیاسی دیزاینكراوی دەزانین، چەندان جاری تر سەرنج و تێبنیمان هەبووە لەسەر ئەو جۆرە هەڵوێست و پەیامانەی دەستە؛ كە نە ئاگامان لێ ی بووە نە پرسمان پێكراوە، بەڵام لەپێناو پاراستنی ناوی دەستەكەمان هیچ هەڵوێستمان نەنواندوە و هەموو جارێك داوای چارەسەرمان كردوە..

ئەو ئەندامانی ئەنجومەنەكە ئەوەیان خستوەتەڕوو كە؛ سەبارەت بەسەردان كردنی ئارام قادر لەهەفتەی رابردوو، دوای ئەوەی كەسوكاری ناوبراو سەردانی دەستەیان كرد، داوایان كرد دەستە بەدواداچون بكات، ئێمە پەیوەندیمان بەلایەنی پەیوەندیدارەوە كرد و بەسوپاسەوە وەڵامیان داینەوە كە لەم هەفتەیەی بێتەوە ئەو دەرفەتەمان بۆ ڕێكدەخەن و بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە بۆ كاتەكەی وەڵاممان بدەنەوە. بەڵام نازانین پەلەی بڵاوكردنەوەی ئەو پەیامە بەو پشوەو ڕۆژی هەینییە مانای چی بوو؟.

سەبارەت بەدەستگیركراوانی شەڕەكەی لالەزار، بەشێك لە ئەندامانی دەستەكە بڵاویان كردەوە؛ هەموولایەك ئاگادارن، ئێمە یەكەم تیم بوین وەك دەستە سەردانی لاهور شێخ جەنگی و دەستگیركراوەكانمان كرد و، هەر لەڕێگەی ئێمەشەوە، ئاسایشی گشتی سلێمانی ئاسانكاری كرد بۆ سەردانی كردنی كەسوكاری دەستگیركراوەكان و بەردەوامیش لەسەر خەت بوین بۆ سۆراغ كردن و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر هەموویان، هیچ ڕێگریەك نەبوە بۆ كارەكانمان. بڕیار بوو رۆژی یەك شەممە هەموو ئاسانكارییەك بكرێت، بەڵام دیسان نەیانهیشت بگاتە یەكشەممە وەك ئەوەی پێیان گوترابێت؛ دەبێت هەر ئەم شەو ئەو بەیاننامەیەی كە ئامادە كراوە دەبێت بڵاوبكرێتەوە، سەرباری ئەوەی گفتۆگۆی زۆر كرا بۆ دواخستنی بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكە تا رۆژی یەكشەممە كە دەوامی فەرمییە بەڵام دیارە بڕیاری پێش وەختە بووە.

لەبەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەیاندا هاتووە، دەمانەوێ ئەوە بۆ هەموو لایەك ئاشكرا بكەین؛ ئێمە وەك بەشیك لە ئەنجومەنی كارگێڕی دەستە، ئەو پەیامەی بەناوی دەستەی مافی مرۆڤ بڵاوكراوەتەوە، ڕەت دەكەینەوە و دەڵێین: بەهیچ شێوەیەك گوزارشت لەڕای هەموو دەستە ناكات و تەنها ڕای لایەنێكی سیاسیە كە ناوی دەستە بۆ ئامانجی سیاسی خۆیان بەكاردەهێنن و بەئاشكراش بە پەیامەكەی دەستە و ئەو پەلەپەل كردنەوە دیارە.

دەستەی مافی مرۆڤ لە شەڕەكەی خورشید هەركی لەكوێ بوون؟

ئەو ژمارە ئەندامەی دەستەی مافی مرۆڤ نوسیویانە: لایەنە ئەمنییەكانی سلێمانی لەرۆژی یەكەمی رووداوەكەی لالەزار و بابەتەكانی تریش هاوكار بوون وە دەبوو دەستە ڕەچاوی ئەوەی بكردبایە ئەو كەیسە هێشتا لەژێر لێكۆڵینەوەیەو نابێت پەلەی تێدا بكرێت، ئینجا پرسیاری جددی ئەوەیە: ئەی ئەو بەشەی ئەنجومەنی كارگێری دەستە لەكوێ بوون كاتێك لەشەرەكەی خوڕشید هەركی و هێزە ئەمنیەكان، دوو كەس لە هێزەكان شەهید كران و كەسی داواكراویش لەمیوانخانە دانرابوو، بەڵام ئەو تیمەی ناو دەستە شتێكیان نەوت؟

ئەوەشیان خستوەتەڕوو:  چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستا چەند كەسێك هەوڵی تیرۆر كردنی ڕۆژنامەنوس هێمن مامەندیان داو دواتر هەڵهاتن بۆ شاری هەولێر و ئاسایشی گشتی سلێمانی پەیامی بڵاوكردەوە، بۆچی ئەرك پێ سپێردراوانی ئەو لایەنە سیاسیەی ناو دەستە داوایان لەدەزگا ئەمنیەكانی هەولێر نەكرد ئەو كەسانە دەستگیر بكەن و بیدەنە دادگا؟.

هەروەك دەشپرسن: ئەی كاتێك سەرۆكی دەستە ئامادەی دادگایی كردنی شێروان شێروانی بوو، بەبەرچاوی بەڕێزیان دادگا بڕیارێكی دا بەسەر ناوبراودا و لە بەردەمی دادگاش چالاكوانان و ئەندامی پەرلەمان سوكایەتیان پێ كرا، بۆچی دەستەی مافی مرۆڤ هیچ شتێكیان بڵاو نەكردەوە؟ لەكاتێكدا نوێنەری یۆنامی نیگەرانی دەربڕی.

ئەی بۆ تا ئێستا تۆمەتبارانی كەیسی شوان سابر دەستگیر و ئاشكرا نەكراون و هیچ پەلە پەلیش ناكرێت؟

ئەی كاتێك شێخ ئەدهەم بارزانی ڕێگەی پێنەدرا بەشداریی پرسەی دایكی بكات لەماڵ و زێدی خۆی و دەست بەسەر ماڵ و موڵكیدا گیراو پاسەوان و شوفێرەكەی دەستگیركرا و جارێكی تریش بەم دوایە كۆمەڵێك پاسەوانی گیرا بۆچی ئەو لایەنەی ناو دەستە شتێكی بۆ ڕای گشتی نەوت و بڵاو نەكردەوە؟

هەڵوێستی دەستەكە بۆ بەرژەوەندی لایەنێكی سیاسییە

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەیاندا هاتووە: بەردەوامی ئەو جۆرە هەڵوێستانە بۆ بەرژەوەندی لایەنێكی سیاسی دەكەوێتە سەر ئەستۆی سەرۆكی دەستەكە و بەپێی یاسای دەستە بەرپرسە لە پاراستنی سیاسەتی دەستە وەك دەزگایەكی سەربەخۆو بێ لایەن و ئاكامەكانیش هەرچی بێ لەزەرەری ناوبانگی دەستە دەبێت.

راگەیەندراوی دەستەی مافی مرۆڤ لەسەر دۆسیەی ئارام قادر و لالەزار

شەوی هەینی (5ـی ئەیلولی 2025) دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە هەندێك بابەتی پەیوەست بە ڕووداوی شەڕەكەی لالەزار لە سلێمانی و كەیسی ئارام قادر، یاداشتێكیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی حكومەت، سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی دادوەری، نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان و كونسوڵخانە و نوێنەرانی وڵاتان لەهەرێمی كوردستان كرد.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: هەموو لایەك ئاگادارن كە نزیكەی 15 رۆژ بەسەر ڕووداوی شەڕەكەی لالەزار لە شاری سلێمانی تێدەپەڕێت و دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوامە لە چاودێری كردنی پێشهاتەكان و سۆراغكردنی هەموو ئەو كەسانەی كە كەس و كاریان زانیاریان لە بارەوەیان نییە و بێ سەر و شوێنن. پاش ماوەیەك لە چاوەڕوانی بۆ زانینی سۆراغی ئەو كەسانەی تا ئێستا هیچ هەواڵێكیان لە بارەوە نازانرێت.

ئاماژەی بەوەشكردبوو، دەزگای ئاسایش سلێمانی لەڕێگەی ڕاوێژكارێكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤەوە بە ئێمەی ڕاگەیاند دواین لیستی ناوی بێ سەر و شوێنان كە نێر دراوە بۆ دەزگای ئاسایش، لەلای ئێمە نین تەنها ئەو ئامارەی جاری پێشووتر كە بە دەستەمان دابوو لەلای ئاسایشی سلێمانین.

دەستەی مافی مرۆڤ بڵاوی كردەوە؛ بەپێی زانیاری و بەدواداچوونی ئێمە ئەو كەسانەی نادیارن بەشێكیان لەدژە تیرۆر یان كوماندۆی سلێمانین، ئەو ڕێگا نەدان و زانیاری پێ نەدانە بە كەس و كاریان وە بەدەستەی مافی مرۆڤ گومان هەڵدەگرێت و ئەوەمان پێ دەڵێت ئەو كەسانە ئەشكەنجە درابن و توندوتیژی لەگەڵ یان بەكار هاتبێت لە كاتی دان پێدان بۆیە نایانەوێت كەس بیان بینت.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە: پێویستە هەموو لایەك بزانن ماوەی هەفتەیەكە دەستەی مافی مرۆڤ لەڕێگەی ڕاوێژكارێكی دەستە داوای كردووە كە تیمێكی دەستە بە سەرۆكایەتی سەرۆكی دەستە د. مونا سەردانی بەشێك لەو ڕاگیراوانە بكات لەناویاندا لاهوری شیخ جەنگی، بەڵام دەزگاكانی ئەمنی سلێمانی ڕەتیان كردووە بە بیانووی ئەوەی كە تیمی دەستە پێشتر هاتووە پێویست ناكات دووبارە بێن لە كاتێكدا بۆ هیچ كەس و لایەنێك نییە سەردان و بەدواداچوون بۆ كەیسەكانی مافی مرۆڤ سنووردار بكات، ڕاستە پێشتر تیمێكی دەستە سەردانی بەشێك لە ڕاگیراوانی ئەم كەیسە كردبوو، بەڵام ڕێژەی ڕاگیراوان زۆرە و پێویستە چەند جارێكی تر تیمی دەستە سەردانیان بكات تاوەكوو لەنزیكە وە هەموویان بیبینێت.

ئاماژەی بەوەكردووە: هێزە ئەمنییەكان تا ئێستا بەردەوامن لەدەست بەسەر داگرتنی موڵك و ماڵی لاهور شێخ جەنگی و ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ناوبراو، تەنانەت بە كەناڵی تەلەفزیۆنی زوومیشەوە، هەمووی بە هەڕەمەكی كراوە و ئێستاش دەكرێت و لێرەوە داوا دەكەین ئەو كارە ڕابگیرێت و سەرۆكایەتی داواكاری گشتی ڕۆڵی خۆی بگێڕیت لەو بابەتە.

بابەتێكی دیكە كە دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەی پێداوە، كە داوای بینینی ئارام قادر سەرۆكی پێشووی حیزبی هاوپەیمانی كردبوو دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی ڕێگەیان نەداوە و تائێستا هیچ زانیارییەكیش لەسەر ژیان و تەندروستی ناوبراو و شوێن و جێگەی بە ئێمە و كەسوكاریان نەداوە.

دەستەی مافی مرۆڤدەڵێت:  لەگەڵ چەسپاندنی یاسان بەپێی ڕێكارە ڕێگە پێدراوەكان پشتگیری سەروەری یاسا دەكەین و دژی هەر جۆرە پێشێلكاری و كارێكی هەڕەمەكین و جەختیش لەسەر ڕۆڵی دەستەی مافی مرۆڤ دەكەینەوە كە پێویستە هەرچی زووە كار ئاسانی بۆ سەرۆك و تیمەكانمان بكرێت بۆ بەدواداچوون بۆ هەر كەیسێك لە هەر كوێ و لای هەر دەزگایەك بێت ئەوەش لە چوارچێوەی كار و ئەرك و دەسەڵاتی دەستەیە كە پەرلەمانی كوردستان بۆی دیاری كردووە وەك دەزگایەكی نیشتمانی سەربەخۆ.

داواش دەكەن، لیژنەیەكی باڵا پێك بهێنرێت بۆ لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون و ڕاستی و دروستی ئەم كەیسە، لە دەرەنجامەكانی خەڵكی كوردستان ئاگادار بكرێنەوە

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی كوردستان – عێراق، دامەزراوەیەكی حكومییە، بەپێی بڕگەی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 1992ـی  ھەمواركراو پێكهێنراوە، كارەكانی بەپێی یاسای ژمارە 13ـی ساڵی 2010 یاسای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان- عێراق، ئەنجام دەدات. لە چوارچێوەی بوودجەی گشتیی ھەرێمدا، بوودجەیەكی تایبەتیی بۆ تەرخان كراوە و بە پەرلەمانەوە پەیوەست كراوە

ئامانجی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی كوردستان - عێراق پارێزگاریكردنە لە مافەكانی مرۆڤ و پتەوكردن و داكۆكیكردن لێیان لە ھەموو لایەنەكانەوە و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ڕۆشنبیریی مافەكانی مرۆڤ

ئەركی دەستەكە راو و ڕاوێژی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ ێشكەش دەكات و ڕاسپاردە بۆ وەزارەتەكان و دەزگا پەیوەندیدارەكان لە هەرێمی كوردستان بەرزدەكاتەوە.

لە ڕیگەی چەسپاندنی بەھای لێبوردەیی و ماناكانی ھاوكاریی كۆمەڵایەتییەوە ڕۆشنبیریی مافەكانیی مرۆڤ و بابەتەكانی ژنان و منداڵان بڵاو دەكاتەوە. لەگەڵ چاودێریی گونجانی یاساكانی ھەرێم لەگەڵ بنەماكانی مافی مرۆڤ و ئازادییە سەرەكییەكان، پێشكەشكردنی پێشنیاز لەو بارەیەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات و چەندین ئەركی دیكە.

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی