سبەی
وەزیری دادی تورکیا رەتیدەکاتەوە هیچ یاسایەک هەموار بکرێتەوە بۆ دەرکردنی لێبوردنی گشتی و دەڵێت: "هیچ جۆرە کارێکمان لەبەردەستدا نییە کە بە واتای بڕیاری دەرکردنی لێبوردنی گشتی بێت".
یڵماز تونچ ئەمشەو 1ی ئەیلوولی 2025 ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەند لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای 11ەمین پاکێجی چاکسازی، بەڵام تەواوی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن وەک بە دەمەوەهاتن بۆ پرۆسەی ئاشتی، لێبوردنی گشتی بۆ زیندانییانی کورد دەردەچێت.
لەبارەی یاسای سزاکانەوە کە دەم پارتی بەردەوام داوای هەموارکردنەوەی دەکات، یڵماز تونچ دەڵێت: "ئەم یاسایە لە 2025 بە تەواوی هەموار کراوەتەوە و لەو هەموارکردنەوەیەدا زیندانییانی دۆسیە جیاوازەکان پۆلین کراون. بەم پێیەش زیندانییانی دۆسیەی تیرۆر (پەکەکە)، تاوانەکانی دەستدرێژیکردنە سەر و بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر بە مەرج ئازاد ناکرێن".
وەزیری دادی تورکیا بە توندی وەڵامی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپەشی دایەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە گوایە تورکیا وڵاتێکی یاساسەروەر و دەستوورییە و دەسەڵاتی دادوەری نەکراوەتە ئامرازێک بە دەست ئاک پارتیی دەسەڵاتدارەوە.
هەرچەند بڕیار بوو لەگەڵ هەنگاوەکانی پەکەکە بۆ چەکدانان، تورکیاش هەنگاو بنێت بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازی یاسایی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە کەچی تا ئێستا تورکیا هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نەناوە و بۆ ماوەی زیاتر لە یەک مانگیش ڕێگە بە شاندی ئیمراڵی و کەسوکارەکەی نەدرا سەردانی ئۆجەلان بکەن.
نومان کورتوڵموش سەرۆکى پەرلەمانى تورکیا رۆژى 26ى ئاب لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى رایگەیاند، تورکیا ئێستا دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمدایە و پێویستە باشترین سوود لەم پرۆسەیە وەربگرن، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەکەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆیدا.
وتیشی، "لە هیچ خاڵێکی ئەم پرۆسەیەدا هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە نەکراوە و لە داهاتووشدا هیچ دانوستانێک نابێت لەوە دڵنیابن".
کورتوڵموش کە سەرۆکى لیژنەى پەرلەمانى تورکیایە بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازی یاسایی بۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە جەختیکردەوە، لیژنەکە بە هیچ شێوەیەک سەکۆیەکی سیاسی نییە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەموارکردنی دەستوور.
ئەوەشى خستەڕوو، بچووکترین داواکاری بۆ ئۆتۆنۆمی، هەرێمێکی جیا، یان بە فەرمیکردنی زمانە رەسەنە جیاوازەکان نییە. بچوکترین هەوڵ بۆ دوورخستنەوە یان ئازادکردنی ئۆجەلان نییە، هەروەها هیچ داواکارییەک بۆ ئەم بابەتە نییە.
قسەکانى کورتوڵموش لەکاتێکدایە، پەکەکە پرسی سەرخستنى پڕۆسەى ئاشتى بەستووەتەوە بە ئازادکردنى ئۆجەلانەوە، دەم پارتیش داوادەکات رەوشى ئۆجەلان باشتر بکرێت.
ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی دەم پارتی رۆژى 26ى ئاب لە ناوچەی قۆسەری مێردین لە وتەیەکدا رایگەیاند، "چیتر کەس ناتوانێت نکۆڵی لە هەبوونی گەلی کورد بکات داوامان ئەوەیە کە بتوانین سیاسەتی دیموکراتیک بکەین، مافی سیاسییمان دانی پێدا بنرێت، ئێمەش داوای کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئازاد دەکەین".
وتیشى هەندێک لایەن بەنیازن کۆتایی بە پرۆسەکە بهێنن و ژمارەیان زۆرە، بەڵام ڕێگەیان پێ نادەن، "دەبێت بزانین کە ئۆجەلان بانگەوازێکی مێژوویی کرد. پەکەکەش بڕیاری ستراتیژیدا. لەم هەفتەیەدا، دیدارێک لە ئیمراڵی ئەنجام دەدرێت، دەبێت ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان دامەزراوە، لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە. هەروەها دەبێت هەلومەرجی باشتر بکرێت".
پێشتر دوران کاڵکان، ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان جەختى کردبووەوە، بەبێ ئازادیی جەستەیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی لە پەرلەمان، هەموو هەوڵەکان بێ ئەنجام دەبن و پرۆسەکە وەک 'باڵندەیەکی یەک باڵ' دەمێنێتەوە.
هەروەها لەچەند رۆژى رابردوودا و لە پێنجەمین کۆبوونەوەی ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازی یاسایی بۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە پێکهێندراوە، دایکانی ئاشتی و شەممە بە دەنگی بەرز داوای ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان کرد.