وەزارەتی بەرگریی تورکیا
سبەی
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژە بەوە دەدات چەکدانەنان و تێکەڵنەبوونی هەسەدە لەگەڵ دەوڵەتی سوریا دەبێتە هەڕەشە لەسەر یەکڕیزی و یەکپارچەیی سوریا و ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا و دەڵێت "هەڵوێستی تورکیا لەمبارەیەوە ڕوون و ڕاشکاوە و ڕێگە بە هەڵسوکەوتە 'تێکدەرانەکەی' ئەوان نادرێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی ئەیلوولی 2025 زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بەبێ ئاماژەدان بە ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان هەسەدە و ئیدارەی کاتی سووریا واژوو کراوە بۆ تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ دەوڵەتی سووریا، هەسەدەی بەوە تۆمەتبار کرد بەڵێنەکانی خۆی نەبردووەتە سەر بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای سوریا.
زەکی ئاکتورک ئاماژە بەوە دەدات چەکدانەنان و تێکەڵنەبوونی هەسەدە لەگەڵ دەوڵەتی سوریا دەبێتە هەڕەشە لەسەر یەکڕیزی و یەکپارچەیی سوریا و ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا و دەڵێت: "هەڵوێستی تورکیا لەمبارەیەوە ڕوون و ڕاشکاوە و ڕێگە بە هەڵسوکەوتە 'تێکدەرانەکەی' ئەوان نادرێت".
ئەو جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی لە هەماهەنگیدایەکی جیدیدایە لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێکخراوانەی تورکیا بە "تیرۆریست" ناویان دەبات و دەڵێت: "دەبێت هەسەدە بەشداری لە پرۆسەی تێکەڵبوون لەگەڵ سوپادا بکات. واز لە هەموو قسە و کارێک بهێنێت کە دەبێتە هەڕەشە لەسەر یەکڕیزی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سووریا".
ئەو ئاماژە بەوە دەدات کە تورکیا لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی سووریا دەکات و ئەگەر پێویستیش بکات بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی و هێنانەدی سەقامگیری لە سووریا ئامادەیە بە هەموو جۆرێک هاوکاری ئیدارەی نوێی سوریا بکات.
"یەکگرتنی ڕاستەقینە یەکگرتنێکی دیموکراتی و ئازادانە و بە ویستی گەلان دەبێت"
سیپان حەمۆ رۆژی یەکشەممە (31ـی ئابی 2025) لە میانی هەڤپەیڤینێک لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی هاوار لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا و ئەگەری یەکگرتنی هەسەدە لەگەڵ سوپای نوێی سوریا دوا.
سیپان حەمۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە یەکگرتنی ڕاستەقینە یەکگرتنێکی دیموکراتی و ئازادانە و بە ویستی گەلان دەبێت و ڕەخنەی لەو بۆچوونە گرت کە پێی وایە بەشداریکردن هەمووان لەژێر چەتری دەوڵەتێک کە لە دیمەشق پێک دەهێندرێت بە یەکگرتن دەزانێت.
حەمۆ ئاماژە بەوە دەدات "حکومەتی کاتی" لە دیمەشق خاوەنی عەقڵییەتێکی ئاشتیخوازانە نییە و لەسەر بنەمای دەسەڵاتی توندڕەوی ئیسلامی دامەزراوە و ناتوانێت هەموو پێکهاتەکان لەخۆ بگرێت و دەڵێت: "هەسەدە پێداگیرە لەسەر ئەوەی یەکگرتنەکە دیموکراسییانە بێت و سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا بە کورد، عەرەب، ئەرمەنی، ئاشووری، عەلەوی، درووز، مەسیحی، سوننە و گەلانی دیکە لەخۆ بگرێت".
حەمۆ ڕەخنەی لە حکومەتی ئێستای دیمەشق گرت کە ناتوانێت دان بە هەموو ناوچەکان و پێکهاتەکان بنێت و بۆ نموونەی بە ڕێککەوتننامەی (10ـی ئاداری 2025) نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع هێنایەوە کە لەلایەن ئیدارەی کاتیی دیمەشقەوە پووچەڵ کراوەتەوە و دەڵێت: "دواتر، دیمەشق تاکلایانە و بیرتەسکانە ڕەشنووسی پڕۆژە دەستوورێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و سوەیدا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمان ناکەن، ئەمەش سەلمێنەری نەبوونی عەقڵییەتێکی دیموکراتییانەیە بۆ یەکگرتن".
ئەو فەرماندەیەی هەسەدە جەخت لەوە دەکاتەوە مەرجی سەرەکی ئەوان بۆ یەکگرتن لەگەڵ سوپای نوێی سوریا یەکگرتنێکی دیموکراسییانە و فەراهەمکردنی ئازادییە بۆ ژنان و دەڵێت: "لە دیدگای هەسەدەوە ئەم دوو خاڵە خاڵی سەرەکی و بنەمای هەر جۆرە ڕێککەوتنێکن. بەڵام بە هیچ جۆرێک لە سیاسەتی دیمەشقدا بەهەند وەرناگیرێن. بە هەموو جۆرێک دەسەڵاتێکی تاکڕەو و توندڕەو ڕەت دەکەینەوە".
تا یاساکان نەگۆڕێن، لەگەڵ سوپا یەک ناگرین
سەبارەت بە شێوازی یەکگرتنی هەسەدە لەگەڵ سوپای نوێی سوریا و چۆنیەتی دامەزراندنی سوپایەک، حەمۆ دەڵێت: "تا گۆڕانکاری لە یاساکاندا نەکرێت، ناتوانین هیچ گفتوگۆیەک لەسەر یەکگرتن بکەین. سەرەتا دەبێت یاسا دەربکرێت و ئیدارەیەکی دیموکراتی دیاری بکرێت. دەبێت سوپا ڕەنگدانەوەی سیستەمێکی سیاسی دیموکراتییانە بێت".
ئەو ئاماژەی بەوە دا بە پشتبەستن بە ئەزموونی گەورەی لە شەڕی دژی داعش و ڕژێمی بەعسی سوریا، دەکرێت هەسەدە ببێت بە نموونەیەکی نوێ بۆ پێکهێنانەوەی سوپای سوریا و دەڵێت: "وەک یەکەم هەنگاویش، دەتوانرێت ئەنجومەنێکی سەربازی هاوبەش لەگەڵ سوپای حکومەتی دیمەشق پێکبهێنرێت".
با وڵاتانی خۆرئاوا ئازادی گەلان نەخەنە سەرووی بەرژەوەندییە ئابورییەکانیان
سەبارەت بە ڕۆڵی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، سیپان حەمۆ جەختی لەوە کردەوە ئەم هێزانە تەنها لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا کار دەکەن و دەتوانن هۆکاری چارەسەر یان قوڵکردنەوەی قەیرانەکان بن و دەڵێت: "ئەمەریکا بە بەرپرسیاری سەرەکییە لە گۆڕانکارییەکانی سوریا و داوا لە وڵاتانی خۆرئاوا دەکەم بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان نەخەنە سەرووی ئازادی گەلانەوە".
هەرگیز نەبووین و نابینە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا
سپیان حەمۆ جەختی کردەوە هەسەدە هەرگیز نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا ناشبێ و دەڵێت: "بوونی گەلی کورد دڵنیاییدەری سووریایەکی دیموکراتییە. بۆ هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری لە سوریا، کە بنەمای ئاسایشی تورکیاشە، دەبێت تورکیا کورد وەک هەڕەشە نەبینێت و باوەڕی وابێت کە کورد ڕۆڵی بنەڕەتی دەگێڕێت لە بە دیموکراتیزەبوونی سوریادا".
بە پیلانگێڕی هەواڵگری هەوڵ دەدرێت پشێوی لە ناوچەکە دروست بکرێت
حەمۆ ئاماژە بەوە دەدات یەکگرتنێکی دیموکراتی کە ئازادی هەموو پێکهاتەکان بە بنەما وەردەگرێت، چارەسەرێک دەبێت بۆ هەموو کێشەکانی سوریا و ناوچەکە و دەشڵێت: "بەڵام ئەگەر لەسەر عەقڵییەتی گوێڕایەڵی و ملکەچبوون بێت، سوریا لە قەیرانەکان ڕزگاری نابێت. لە قۆناغێکی زۆر هەستیارداین و ئامانجمان بنیاتنانی سوریایەکی دیموکراتی و یەکگرتووە".
حەمۆ هۆشداری دا لە پیلانگێڕییەکانی هەواڵگری کە دەیانەوێت پشێوی دروست بکەن و داوای لە گەلانی ناوچەکە کرد ئاگادار بن و بە سیناریۆکان هەڵنەخەڵەتێن و دەڵێت: "هەسەدە وای دەبینێت بە هاوبەشیکردن، سوریا وەک یەکەیەکی یەکگرتوو بنیات دەنرێت".