لەگەڵ نزیکبوونەوەى سزاى ئابووری کەمەرشکێن داڕمانى تمەن بەردەوامە

#ئێران#تمەن#ئەوروپا
3 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • تمەنی ئێرانى جارێکی دیکە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە ئەوەش لە کاتێکدایە کە زلهێزەکانی ئەوروپا هەوڵ دەدەن تا کۆتایی ئەم مانگە سەرجەم سزا ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران بگەڕێننەوە
Primary Asset

سبەى

ئێران لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا ڕووبەڕووی چەندین قەیران دەبێتەوە و لەکاتێکدا وڵاتە ئەوروپییەکان فشارەکانیان زیاد دەکەن و هەڕەشەی سزای زیاتر دەکەن، هیچ ئاسۆیەک بۆ ڕێککەوتنی تاران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابیندرێت و هاوکات بەهای تمەن نزمبوونەوەیەکی مێژوویی تۆمار کرد.

تمەنی ئێرانى جارێکی دیکە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە ئەوەش لە کاتێکدایە کە زلهێزەکانی ئەوروپا هەوڵ دەدەن تا کۆتایی ئەم مانگە سەرجەم سزا ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران بگەڕێننەوە و هەوڵى دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تاران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی وەستاوە و ترسی دەستپێکردنەوەوی شەڕی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریکا لە هەموو کات چاوەڕوانکراوترە.

لە ڕۆژانی رابردوودا نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕی دراوی تاراندا بە زیاتر لە 10 ملیۆن و 600 هەزار تمەنی ئێرانی مامەڵەی پێوەکرا کە بەراورد بە پێش دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە مانگی نیسانی ڕابردوو بەهاکەی لاوازترە.

 بەشێک لە شارەزایانی ئابووری هۆکاری دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی نەک بۆ قەیرانی دارایی و ئابووری بەڵکوو وەک کاردانەوەیەکی بازار سەبارەت بە تێکچوونی بارودۆخی سیاسی دەیبینن.

بڕیارە فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا وەک ئەو لایەنە ئەوروپیانەی کە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ی ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا ماونەتەوە، میکانیزمی "سناپباک" یان گەڕاندنەوەی ئۆتۆماتیکی سزا ئابوورییەکانی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ سەر ئێران چالاک بکەنەوە کە لە بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەڵگیرابوون.

ئێستا هاوپەیمانانی ئەوروپی بە شێوەیەکی کاریگەر وادەی یەک مانگیان بە ئێران داوە بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێک کە دەتوانێت سناپباک بۆ ماوەی ساڵێک یان کەمتر دوابخات.

مەرجەکان بریتین لە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا، ڕێگەدان بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ پشکنینی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران و هەروەها پێدانی زانیاری لەلایەن ئێرانەوە سەبارەت بە 408.6 کیلۆگرام (900.8 پاوند) یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەڵێت وڵاتەکەی هەیەتی.

ئێران لە مێژە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئاشتیانەیە و ڕایگەیاندووە، وڵاتانی ئەوروپی داوای ئەو مەرجانەیان کردووە کە دەبێت دەرئەنجامی دانوستانەکان بێت نەک خاڵی دەستپێک، بۆیە ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت.

پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەم هەفتەیەدا ڕێگەیان پێدرا سەرپەرشتی گۆڕینی سووتەمەنی بنکەی ئەتۆمی بوشەهر لە باشووری ئێران بکەن، بەڵام مۆڵەتیان پێنەدرا سەردانی ناوەندە ئەتۆمییەکانی دیکەی ئێران بکەن ئەوەش دوای ئەوە هات کە ئێران ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەوە تۆمەتبار کرد کە ڕێگەی خۆشکەر بووە بۆ ئەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا هێرش بکەنەسەر ئێران لە مانگی حوزەیران رابردوودا.

تاران هەروەها ڕایگەیاندووە کە زلهێزەکانی ئەوروپا هیچ بنەمایەکی یاسایییان نییە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی سناپباک، چونکە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨دا بە کشانەوەی تاکلایەنە لەو ڕێککەوتنەکە و دواتر سەپاندنی سزای قورس بۆ سەر ئێران کۆتایی بە ڕێکەوتنەکە هێناوە.

ئاماژەکەی ئێران بۆ سەردەمی یەکەمی حکومەتی ترەمپ دێت کە تێیدا سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 2019 لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و پێنج کۆ یەک کشایەوە و راشیگەیاند کە رێککەوتنەکە بە قازانجی ئێران بووە و دەبێت پێداچوونەوەی پێدابکرێت لە کاردانەوەشدا ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ سەرووی لەسەدا 60 بەرزکردەوە ئەوەش وەک هەوڵی ئێران بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم لەلایەن وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکا لێکدرایەوە.

لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵی گەیشتن بە هەڵوێستێکی هەماهەنگ لەگەڵ چین و ڕووسیا وەک وڵاتانی دیکەی واژۆکەری ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ دەدەن بۆ ئەوەی بەر بە گێرانەوەی سزاکان بۆ سەر وڵاتەکەیان بگیردرێت.

وەزیرانی دەرەوەی هەر سێ وڵاتەکە ڕۆژی دووشەممە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم هەنگاوەی ئەوروپییەکان پێچەوانەی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە بنەمای ڕێککەوتنی ئەتۆمییە و هەر بۆیە "بە شێوازی پێشوەختە لە ڕووی یاسایی و ڕێکارەوە کەموکوڕی تێدایە". ئاماژەیان بەوەشکردووە، پێویستە لایەنەکان چارەسەری ڕەگ و ڕیشەی دۆخەکە بکەن و واز لە سزا و هەڕەشە بهێنن.

لای خۆیەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، زلهێزەکانی ئەوروپا خیانەت لە ئەرکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن و دەیکەنە “ئامرازێکی زۆرەملێ نەک وەک ناوەندێک بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهانی.

دەشڵێت "ئەرکی بەپەلەی لەبەردەمماندا گەڕاندنەوەی یاسای نێودەوڵەتییە بۆ ئەوەی ئەو زەمینە بدرێت بە دیپلۆماسی کە پێویستە بۆ سەرکەوتن".

ئەوەش لە کاتێکدایە کە سەرۆک کۆماری ئێران، چین و ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە له میانەی لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای له شاری تیانجینی باکوری چین کۆبوونەوە. بەپێی زانیارییەکان، مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران دیدارێکی دوو کاتژمێری لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا ئەنجامداوە.

قەیرانەکان لە ناوخۆی ئێران

سەرەڕای ئەوەی هیچ پێشکەوتنێک لە دیپلۆماسى و دانوستان بەدەستنەهاتووە  هاوکات هەڕەشەکانی هێرشی زیاتر بۆ سەر ئێران لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ١٢ ڕۆژەی مانگی حوزەیرانەوە بەردەوامە .

مەترسی گەڕانەوەی سزا ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران بازارەکانی دراوی تەنیوەو بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پێشتریش بەهۆی چەندین ساڵ سزای توندی ئەمریکا ئابووری ئێران تووشی قەیرانی جددی بووەتەوە، ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران لە سەرووی 35% ماوەتەوە کە یەکێکە لە بەرزترین ڕێژەکانی هەڵاوسان لە جیهاندا و سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا دابڕانی ئەو وڵاتە لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان قووڵتر دەکاتەوە و فرۆشتنی نەوت قورستر دەکات.

دوای دەیان ساڵ لە خراپ بەڕێوەبردنی وڵات و گەمارۆکان، ئێران لە ناوخۆشدا لەگەڵ چەندین قەیرانی جیاوازدا ڕووبەڕووە و هاوڵاتییانی ئێرانی هاوکات لەگەڵ قەیرانی کەمی ئاو و کارەبا دەجەنگن.

تاران، هەروەها شار و شارۆچکە و گوندەکانی سەرتاسەری وڵات، ماوەی چەند مانگێکە ڕۆژانە تووشی پچڕانی کارەبا دەبن، بەهۆی ئەوەی ژێرخانی دابینکردنی کارەبا لە گەرمای هاویندا ناتوانێت خۆی لەگەڵ داخوازی و پێویستی هاولاتیان بگونجێنێت، پچڕانی ناوەبەناوی کارەبا هاوڵاتیانی بێزار کردووە و زیانی گەورەی بە پیشەسازی ئێراندا گەیاندووە.

هاوکات پایتەخت و شارەکانی دیکەی ئێرانیش لە سەرتاسەری وڵات ڕووبەڕووی قەیرانی ئاو بوونەتەوە، کە سەرچاوەی قەیرانەکە بۆ خراپ بەڕێوەبردنی درێژخایەنی سیستەمەکە و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاوە دەگەڕێتەوە، جگە لە قوڵبوونەوەى کاریگەرى وشکەساڵی.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی