سبه‌ی
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رێنماییه‌كانی خۆپارێزیی له تای خوێنبه‌ربوون بڵاوكرده‌وه و ده‌ڵێت، "بۆ دووربوون لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، رێنمایی زانستیی جێبەجێبکه‌ن".
به‌پێی رێنماییه‌كان، پێویستە سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە رێگەپێدراون و پزیشکی ڤێتێرنەری سەرپەرشتیی دەکات. لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵکردن یان پارچەپارچەکردنی گۆشتەکەیان، جلوبەرگی خۆپارێزی وەک: دەستکێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسکی دەموچاو بەکاربهێنرێن.
نابێت خێزان یان خەڵک لە چواردەوری قەساب کۆببنەوە و هاوکاریی بکەن و نابێت بەبێ دەستکێش دەست لە لاشه‌ی ئاژه‌ڵ بدرێت، وه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رایگه‌یاندووه و ده‌شڵێت، "دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەکە پارچەپارچە بکەن و پاشان دەست بە باشی بشۆردرێت".
له درێژه‌ی رێنماییه‌كاندا هاتووه، "لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی کیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت، بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بە گۆشت و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان، هه‌روه‌ها پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕدرێت، بە تایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆرین پاک بکرێنەوە".
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رێنمایی هاوڵاتییان ده‌كات به‌وه‌ی كه باشتر وايە گۆشت دواى سەربڕينى ئاژەڵ بۆ ماوەى نيو كاتژمێر لە پلەى (4 - 6 پلەى سەدى هەڵبگيرێت، پاشان بەكاربهێنرێت و رایگه‌یاندووه، "بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون. ئه‌گه‌ریش ئاژەڵ گەنە يان مێرووى تر‌ى هەبوو، باشتر وايە سەر نەبڕدرێت".
ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی تۆماركردنی یه‌كه‌م حاڵه‌تی توشبوونی به نه‌خۆشیی تای خوێنبه‌ربوون له هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند و ئاشكرایكرد، توشبووه‌كه پیاوێكی ته‌مه‌ن 42 ساڵانه و دانیشتووی كۆیه‌یه.