خراپترین سیناریۆ؛ بەهۆى شەڕى ئیسرائیل و ئێرانەوە تاچەند مەترسی تیشکدەرەوەى ئەتۆمى هەیە؟

#ئێران#ئیسرائیل#ئەتۆم
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • زانایان جیاوازی دەکەن لە نێوان ئەو مەترسیانەی کە بەهۆی بە ئامانجگرتنى دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە دروست دەبن- وەک ئەوەی بۆ نموونە لە دامەزراوەی نەتەنز ڕوویدا- لەگەڵ ئەوانەی بەهۆی بە ئامانجگرتنی وێستگە ئەتۆمییەکانەوە دروست دەبن. یەکەمیان شتێکی بێ بایەخ نییە، بەڵام دووەمیان ئەو شتەیە کە دەتوانێت ئەگەرى کارەساتی ئەتۆمی ڕاستەقینەى لێبکەوێتەوە.
Primary Asset

سبەى

نیگەرانی لەبارەى ئەگەری ڕوودانی کارەساتی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر دەبێت، لەگەڵ بەردەوامى شەڕى ئێران و ئیسرائیلدا، بەڵام شارەزایان دەڵێن ئەو ڕووداوە ئەتۆمییانەى لە وڵاتێکدا روودەدەن و مەترسی بۆ سەر خەڵکی دەرەوەى ئەو وڵاتە دروستدەکەن دەگمەنن.

دەستەی چاودێرى ئەتۆمی و تیشکی لە سعودیە لە تۆڕى ئێکس هاووڵاتیانى وڵاتەکەى دڵنیاکردووەتەوە، کە سعودیە لە هەموو دەرئەنجامێکی تیشکدەرەوە سەلامەتە.

هەژمارى دەستەکە لە هەینی ڕابردووەوە کارلێکی نائاسایی بەخۆیەوە بینیوە، کاتێک دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەی بابەتەکانى پەیوەست بە مەترسییەکانی تیشکدانەوە کە ئەگەر هەیە لە ئەنجامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دروست بێت.

دەستەکە کاردەکات "لەسەر هەڵسەنگاندنێکی چالاکانە بۆ کاردانەوەی ئەگەری باری نائاسایی ئەتۆمی بۆ شانشینی سعودیە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی پێویست بۆ پاراستنی مرۆڤ و ژینگە لە کاریگەرییە تیشکدەرەکان".

لە کوەیت، بەرپرسێکی پاسەوانی نیشتمانی ڕۆژی یەکشەممە پشتڕاستی کردەوە کە بە درێژایی کاتژمێر چاودێری دۆخی تیشک و کیمیایی دەکەن، هەروەها رەوشەکە تا ئێستا "ئاسایی و جێگیرە".

ئەو بەرپرسە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی کوێت جەختی لەوە کردەوە کە خاوەنی توانای پێشکەوتوون کە توانای دەستنیشانکردنی تیشک و ماددە کیمیاییەکانی ناو ئاو و هەوایان هەیە.

لە قەتەریش وەزارەتی ژینگە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە ئاستی تیشکدانەوە لەو وڵاتە لە سنوورێکی ئاساییدا ماوەتەوە، خەڵک دڵنیا دەکاتەوە کە بەردەوام لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات.

هەروەها سکرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو ڕایگەیاند، ناوەندی بەڕێوەبردنی فریاگوزاری GCC بەشێکی چالاک کراوە وەک بەشێک لە ڕێوشوێنەکانی وەڵامدانەوەی ناوچەیی، بۆ گرتنەبەرى هەر ڕێوشوێنێکی خۆپارێزی. بەڵام نیگەرانییەکان بەردەوامن و قسەى دەسەڵاتداران بەس نین بۆ دڵنیاکردنەوەیان.

زانایان و پسپۆڕان چی دەڵێن سەبارەت بە گەورەیی و پانتایی مەترسییەکان، بەتایبەتی لە وڵاتانی کەنداو؟ چ ڕێوشوێنێک دەتوانرێت بگیرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنیان؟

خراپترین سیناریۆ ؟

زانایان جیاوازی دەکەن لە نێوان ئەو مەترسیانەی کە بەهۆی بە ئامانجگرتنى دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە دروست دەبن- وەک ئەوەی بۆ نموونە لە دامەزراوەی نەتەنز ڕوویدا-  لەگەڵ ئەوانەی بەهۆی بە ئامانجگرتنی وێستگە ئەتۆمییەکانەوە دروست دەبن. یەکەمیان شتێکی بێ بایەخ نییە، بەڵام دووەمیان ئەو شتەیە کە دەتوانێت ئەگەرى کارەساتی ئەتۆمی ڕاستەقینەى لێبکەوێتەوە.

لە وێستگە ئەتۆمییەکاندا، لە کاتی کارلێکی ئەتۆمیدا، خانەکانى یۆرانیۆم دابەش دەبن، ماددەى تیشکدەر بەرهەم دەهێنن- ئەو ماددانە کە تیشکدەرترن لەو یۆرانیۆمەی کە لە دامەزراوەکاندا دەپیتێندرێت، کە کارلێکی ئەتۆمی تێیدا ڕوونادات.

بۆیە ئەو زانایانەی کە بی بی سی قسەی لەگەڵ کردوون پێیان وایە ئەو مەترسیانەی کە بەهۆی بۆردومانکردنی دامەزراوەکانی پیتاندنەوە دروست دەبن زۆر کەمتر دەبن لەو مەترسیانەی کە بەهۆی بۆردومانی ئەگەری وێستگەکانەوە دروست دەبن. ئەوان دەڵێن مەترسیی هەرە جیددی، لەڕووی زیانگەیاندن بە تیشکدانەوە لەسەر خەڵک، هێرشکردنە سەر وێستگەیەکى ئەتۆمی وەک بوشێهری ئێران یان دیمۆنای ئیسرائیلە.

ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەڵێت، پیسبوونی تیشکدەر و کیمیایی لە شوێنی دامەزراوەی پیتاندنی نەتانز کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردومانکراوە هەبووە، بەڵام ئاستی تیشکدانەوە لە دەرەوەی شوێنەکە بە ئاسایی ماوەتەوە، هەروەک ئەو دامەزراوانەی تر کە تا ئێستا بۆردومان کراون.

لە ئەگەری ڕوودانی کارەسات کام ناوچە و وڵات کاریگەرییان لەسەر دەبێت؟

ئەمە قورسترین پرسیارە، بەو پێیەی پەیوەستە بە فاکتەری پێشبینی نەکراوەوە: بارودۆخی کەشوهەوای ئەو ڕۆژە، بە تایبەتی خێرایی و ئاراستەی با و باران.

کاتێک تەنۆلکە تیشکدەرەکان بڵاودەبنەوە بۆ ناو بەرگەهەوا لە ئەنجامی هێرشێک یان تەقینەوەیەک لە وێستگەیەکى ئەتۆمیدا، با ئەم تەنۆلکانە هەڵدەگرێت و شێوەى هەورێکی تیشکدەر دروست دەکەن. ئەگەر باران باری، تیشکی هەورەکە لەگەڵیدا دەکەوێتە سەر زەوی کە بارانەکەی لێ دەبارێت.

دوای کارەساتی چێرنۆبڵ لە ئۆکرانیا لە ساڵی ١٩٨٦- ئەوکاتە بەشێک بوو لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو- هەورێکی تیشکدەر گەیشتە بەریتانیا، هەرچەندە زیانەکانی بۆ ژینگە کەمتر بوو. بەڵام هەورێک کە تیشکی مەترسیدارتر و چڕتری هەڵگرتبوو، گەیشتە ناوچەیەک کە ١٠٠ کیلۆمەتر لە شوێنی ڕووداوەکەوە دوورە.

بەڵام هەندێک جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕووداوە ئەتۆمییەکان کە مەترسی بۆ سەر خەڵکی دەرەوەی شوێنی ئەتۆمی دروست دەکەن، دەگمەنن.

جیم سمیس، مامۆستای زانستی ژینگەیی لە زانکۆی پۆرتسمۆس کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی ڕووداوەکەی چێرنۆبڵ، دەڵێت "زۆر دەگمەنە ڕووداوێک ئەوەندە گەورە بێت کە مەترسییەکی بەرچاو بۆ خەڵکی دەرەوەی شوێنەکە دروست بکات. تەنها لە حاڵەتەکانی وەک چێرنۆبیل و ڕووداوەکەی فوکوشیما لە ساڵی ٢٠١١ لە ژاپۆن مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆسەر خەڵکی دەرەوە هەبووە، مەترسییەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد نەبووە و بچووکە بە بەراورد بەو مەترسیانەی کە لە ژیانی خۆماندا ڕووبەڕووی دەبینەوە".

مەترسییەکان لەسەر وڵاتانی کەنداو

چوار ساڵ لەمەوبەر گۆڤاری زانست و ئاسایشی جیهانی توێژینەوەیەکی بڵاوکردەوە کە ئەگەر ئاگر لە حەوزەکانی سووتەمەنی بەکارھێنراو لە وێستگەی ئەتۆمی بوشێھر لە ئێران یان وێستگەی ئەتۆمی بەراکە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بکەوێتەوە، چی بەسەر شارە گەورەکانی کەنداودا دێت.

بە وتەی نووسەرانی توێژینەوەکە، هەر ڕووداوێکی ئەتۆمی لە ناوچەی کەنداو دەتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر ناوچەکە ئەوەش بەهۆی سێ هۆکارەوە:

یەکەم: چڕی دانیشتوان لە شارە کەنارییەکان کە هەوڵەکان بۆ گواستنەوەی خەڵک لە ئەگەری ڕوودانی کارەساتدا ئاڵۆز بکات.

دووەم: دەوڵەتانی کەنداو زۆر پشت بە ئاوی دەریایی پاڵێوراو دەبەستن، کە دەتوانێت ببێتە هۆی قەیرانی ئاو بۆ تەواوی دانیشتوانی ناوچەکە.

فاکتەری سێیەم بریتییە لە چڕبوونەوەی چالاکییە ئابوورییەکان- بە تایبەتی، بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و گاز- لە ناوچە کەنارییەکان و لە ئاوەکانی کەنداودا. ڕووداوێکی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا دەتوانێت هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز تێکبدات و ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی بۆسەر ئەو وڵاتانە دەبێت.

"نیگەران مەبە"

شارەزایان دەڵێن، ئەو ڕێنماییانەی کە لە کاتی ڕوودانی کارەساتی ئەتۆمیدا پەیڕەو دەکرێن، بە شێوەیەکی ئاسایی ڕێنمایی خەڵک دەکەن کە لە ژوورەوە بمێننەوە و پەنجەرە و دەرگاکان دابخەن و ئاو لە سەرچاوە بەرکەوتووەکانەوە نەخۆنەوە و خۆیان لە خواردنی ئەو سەوزە و میوە بەدوور بگرن کە ڕەنگە بەر تیشک کەوتبن. ڕەنگە هەندێکیان وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی پەنا بۆ کۆکردنەوەی خۆراک ببەن.

بەڵام هەموو ڕێوشوێنەکان، هەروەها هەموو هۆشداری و دڵنیاکردنەوەکان، ناتوانن دڵەڕاوکێ لەناوببەن، کە خۆی دەتوانێت ببێتە مەترسییەکی زیادە بۆ مەترسییەکانی دەوروبەرمان.

جیم سمیس دەڵێت "ئامۆژگاری گشتی من بۆ خەڵک ئەوەیە کە زۆر نیگەران نەبن. دوای چێرنۆبیل بینیمان کە دڵەڕاوکێی خەڵک سەبارەت بە تیشکدانەوە دەتوانێت کێشەی زیاتر لە خودی تیشکەکە دروست بکات. ئەگەر پێت وترا خۆت بپارێزە، گوێ لە قسەکانی دەسەڵاتداران بگرە و بە گشتی نیگەران مەبە".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی