ژمارەیەک کۆچىەر لە رێگەی بەلەمەوە گەیشتوون بە خاکی بەریتانیا
سبەی
لەباربوونی کەشوهەوا و هاتنی کەشی گەرما، پەڕینەوەی کۆچبەرانى لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە زیادکردووە. سەرەڕای رێکارە توندەکانی هەردوو حکومەت بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران، بەڵام کۆچبەران رێگەی نوێیان دۆزیوەتەوە بۆ پەڕینەوە و خۆدزینەوە لە پۆلیسی ئاوەکانی فەڕەنسا و بەریتانیا.
بەپێی راپۆرتێکی پێگەی بی بی سی بەریتانی، کۆچبەران لە رێگەی بڕینى کەناڵی ئینگلیزەوە خۆیان دەگەیەننە خاکی بەریتانیا. وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لەئێستادا بازرگانانی پەڕینەوە (قاچاغچییەکان)، بەلەمە بچووکەکان وەک سیستمی تاکسی و پاس کار پێدەکەن، کۆچبەران لە کەناراوەکان کۆدەکەنەوە و سەریان دەخەن بۆ نێو بەلەمەکان، پاشان پەڕاندنەوەیان لە کەناڵی ئینگلیز.
ئەو رێگە تایبەتە ناونراوە "بەلەمى تەکسی،" چونکە هاوشێوەی تەکسی کۆچبەران کۆدەکاتەوە.
هەرچەندە پۆلیسی فەڕەنسا بانگەشەی ئەوە دەکات، رێگربوون لە یەک لەسەر سێی کۆچبەران پێش ئەوەی بگەنە دەریا، بەڵام تاکتیکە نوێیەکەی قاچاغچییەکان، سەرکەوتوو بووە و بەردەوامن لە پەڕاندنەوەی کۆچبەران لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا.
قاچاغچییەکان پیشتر بەلەمەکانیان لە دووری بنکە دەریاییەکانى پۆلیس پڕ دەکرد لە هەوا و لەگەڵ کۆچبەرەکاندا فڕیاندەدایە دەریاوە، بەڵام ئێستا لەبری ئەوە باندەکانی قاچاغچی لە شوێنی شاراوەی باشترەوە بەلەمەکانیان هەوا تێدەکەن. بەو رێگەیەش، قاچاغچییەکان سەرکەوتوو بوون لە قوتاربوون لە راوەدوونانی پۆلیس و هەڵوەشاندنەوەی گەشتە قاچاغەکانیان.
رێگەی "بەلەمى تەکسی" رێکخراوترە بەراورد بە رێگەکانی پێشوو، چونکە زیاتر رێکخراوترە، رێگەکانی پێشوو، زۆر جار بە هۆی قەرەباڵغییەوە کۆچبەران گیانیان لەدەستدەدا یان بەلەمە بچووکەکان توانای هەڵگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەرانیان نەدەبوو و بەلەمەکان تێکدەشکان، ئەوەش دەبووە هۆی مەترسییەکی راستەقینە لەسەر ژیانی کۆچبەران بەتایبەت ژنان و منداڵان.
پۆلیسی فەڕەنسا بەهۆی یاساکانی وڵاتەکەوە، لە ئاوەکاندا ناتوانن دەستبەسەر بەلەمەکاندا بگرن، تەنها کاتێک نەبێت کە کۆچبەران پێویستیان بە یارمەتی هەبێت. لەبەر ئەو هۆکارەش حکومەت پلانی هەیە گۆڕانکاریی لە یاسای تایبەت بە ئاوەکاندا بکات، ئەوەش لەپێناو رێگریکردنی زیاتری پۆلیس لە پەڕینەوەی کۆچبەران.
یاسا ئاوییەکان کە رێگریدەکات لە دەستوەردانی پۆلیس و راوەدوونانی بەلەمە بچووکەکان کە کۆچبەران دەگوازێتەوە، لەپێناو سەلامەتی کۆچبەرانە، چونکە رەنگە بە هۆی راوەدوونانەوە کۆچبەران کە بەشێکی زۆریان منداڵ، ژن و بەتەمەنن، بترسن و خۆیان هەڵبدەنە نێو ئاوەکان، ئەوەش مەترسیی راستەقینە دەخاتە سەر ژیانیان.
بەهۆی یاساکانەوە، پۆلیسی فەڕەنسا تەنها لە کەناراوەکان دەتوانن رێگریبکەن لە گەیشتنی کۆچبەران بە بەلەمە بچووکەکان، هەر کە کۆچبەران رۆشتنە نێو ئاوەکانەوە، بەهۆی یاسای ئاوەییەکانی وڵاتەکەوە، پۆلیس ناتوانێت رێگرییان لێبکات.
بەپێی ئامارەکانی هۆم ئۆفیس و وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، تا ناوەڕاستی ئەمساڵ 16 هەزار و 545 کۆچبەر لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە بە نایاسایی گەیشتوون بە بەریتانیا.
ژمارەیەک وێنەی کۆچبەران کە لە رێگەی بەلەمی تاکسییەوە دەیانەوێت بگەن بە بەریتانیا