ترەمپ وەڵامى خامنەیی دەداتەوە: بەختێکى باش

#ئەمەریکا#دۆناڵد ترەمپ#ئێران#خامنەیی#ئیسرائیل
6 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ 18ـی حوزەیرانی 2025 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئیسرائیل وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
Primary Asset

ترەمپ و خامنەیی

سبەی

دۆناڵد ترەمپ هیواى "بەختێکى باشى" بۆ خامنەیی خواست، دواى ئەوەى داواکەى ترەمپى بۆ خۆبەدەستەوەدانى بێ مەرج رەتکردەوە لەشەڕى وڵاتەکەیدا لەگەڵ ئیسرائیل. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ 18ـی حوزەیرانی 2025 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئیسرائیل وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسێکدا لەبارەى ئەوەی ئایا ئەمەریکا نزیکە لەوەی هێرش بکاتە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران؟ سەرۆکی ئەمەریکا بە گاڵتەجاڕییەوە وەڵامی پرسیارەکەی دایەوە و رایگەیاند، "بەڕاستی تۆ پێتوایە وەڵامی ئەو پرسیارەت بدەمەوە؟" ترەمپ راشیگەیاند، "تۆ نازانیت من هێرشەکە ئەنجام دەدەم یاخود نا، هیچ کەسێک نازانێت."

سەرۆکی ئەمەریکا لۆمەی دەسەڵاتدارانی ئێرانی کرد و رایگەیاند، "بۆچی پێش ئەو هەموو کوشتار و وێرانکارییە دانوستانتان نەکرد (رێکنەکەوتن)؟"

دۆناڵد ترەمپ، کە رۆژى سێشەممە داوای خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئێران کرد، کاتێک پرسیاری ئەوەی ئاراستەکرا کە چی هەیە بۆ قسەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران کە داواکەى رەتکردەوە، ترەمپ وتی "بەختێکی باش."

دوێنێ سێشەممە (17ـی حوزەیرانی 2025)، عەلی خامنەیی رایگەیاند، ” گەلی ئێران بە چەسپاوی لەبەرامبەر جەنگێكی داسەپێندراو وەستاوەتەوە و بەهیچ شێوەیەك ئاشتی سەپێندراو قبوڵ ناكات و تەسیلم نابێت."

سەبارەت بە راگرتنی ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران، ترەمپ رایگەیاند کە بە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی راگەیاندووە کە، "بەردوام بێت" لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران.

لەدواى هەڵگیرسانى شەڕى ئێران و ئیسرائیلەوە، ترەمپ هەڵوێستى جۆراوجۆرى نیشانداوە، بەڵام هێشتا بڕیارى لەسەر بەشداری راستەوخۆ نەداوە، هەرچەندە بەرپرسانى ئیسرائیل پێشبینى دەکەن ترەمپ بڕیارەکە بکات و پشتیوانى وڵاتەکەى بکات لەو شەڕەدا.

ترەمپ دوێنێ سێشەممە لەپۆستێکدا لە تۆڕى تروس سۆشیال نوسیویەتى، ئێستا بەتەواوى و بەشێوەیەکى گشتگیر ئاسمانى ئێران لەدەستى ئەواندایە.

ترەمپ لە پۆستێکى دیکەدا ئاماژەى بەوەداوە کە دەزانن خامنەیی لە کوێ خۆى حەشارداوە و بە ئامانجێکى ئاسانى دانا، لەگەڵ ئەوەشدا جەختیکردەوە کە نایانەوێت لە ئێستادا بیکوژن و خەریکە ئارامیان بەرانبەر ئێران کۆتایی دێت.

ترەمپ رۆژێک پێشتر فەرمانى بە دانیشتوانى تاران کرد شارەکە چۆڵ بکەن، لەگەڵ چڕکردنەوەى بۆردومانکردنى شارەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەوەش دواى چەند کاتژمێرێک لە داوایەکى هاوشێوەى بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنى شارەکە.

ترەمپ هەروەها پێشتر داوای لە ئێران کردبوو قسەیان لەگەڵدا بکات پێش ئەوەى کار لەکار بترازێت.

لەکاتێکدا ترەمپ تاوتوێی بەشدارى راستەوخۆ لە جەنگى ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکات، ململانێیەکى نوێ لە واشنتن سەریهەڵداوە لەنێوان هەڵۆکانى کۆمارییەکان، کە داواى هێرشى دەستبەجێ دەکەن بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى ئێران، لەگەڵ بەشێکى تر لە کۆمارییەکان کە داواى پابەندبوونى ترەمپ دەکەن بە بەڵێنەکانى لەکاتى هەڵبژاردن لەبارەى دەستوەرنەدانى ئەمەریکا لەشەڕێکى نوێی دەرەکیدا.

ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمەریکا دەستیکردووە بە گواستنەوەی فڕۆکەى هەڵگرى سووتەمەنی و  کەشتیگەلى “یو ئێس ئێس نیمیتز” بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش وەک بەشێک لەو ئامادەکارییانەی کە شارەزایان دەڵێن پێویستە بۆ  بەشداریى ئەمەریکا لەشەڕەکە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی