سیاسەتی نوێی سەربازی ئیسرائیل رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت

#ئیسرائیل#ئێران#حیزوڵڵا#سوریا#The New York Times
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
  • کاریگەری حەوتی ئۆکتۆبەر بەجۆرێک بوو وای کرد، ئیسرائیل زۆرینەی سیاسەتەکانی دەرەوەی خۆی بگۆڕێت، ئەو گۆڕانکارییەش بووەتە هۆی گۆڕانکارییە خێرا و پێشبینینەکراوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
Primary Asset

دیمەنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر تاران

سبەی

رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خێران، پێشبینیکردنیان ئاسان نییە. یەكێک لە هۆکاری گۆڕانکارییە خێراکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیسرائیلە، لەلاوازکردنی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی و حیزبوڵڵای لوبنانی، هەروەها گۆڕینی رژێمی بەشار ئەسەد، ئێستاش هێرشکردنە سەر ئێران.

 کاریگەری حەوتی ئۆکتۆبەر بەجۆرێک بوو وای کرد، ئیسرائیل زۆرینەی سیاسەتەکانی دەرەوەی خۆی بگۆڕێت، ئەو گۆڕانکارییەش بووەتە هۆی گۆڕانکارییە خێرا و پێشبینینەکراوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی، هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل و کوشتنی نزیکەی 1200 هاوڵاتیی و بە بارمتەگرتنی 251 هاوڵاتیی دیکەی ئیسرائیلی لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە هۆکاری سەرەکی گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئیسرائیل بووە.

سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان لە سیاسەتەکانی دەرەوەی ئیسرائیل، ئامۆس یادلین، بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی سەربازی ئیسرائیل، قسەی بۆ رۆژنامە ئەمەریکییەکە کردووە و دەڵێت: "20 ساڵ پێش رووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر، ئێمە رێگەمان بە پەرەسەندنی هەڕەشەکان لە دەرەوەی سنورەکانمان داوە، باوەڕمان بە دەزگا هەواڵگرییەکانمان بوو کە پێش هەر هێرشێک ئاگادارمان دەکەنەوە."

کارەساتی حەوتی ئۆکتۆبەر وەک یادلین دەڵێت: "ئەو باوەڕەمانی گۆڕی کە تەنها پشت بە دەزگا هەواڵگرییەکانمان ببەستین،" دەشڵێت: “حەوتی ئۆکتۆبەر وای لێکردین، رووبەڕووی کۆمەڵێک مەترسی ببینەوە کە پێشتر هەرگیز رووبەڕووی نەبوینەتەوە.”

 ئامۆس یادلین

سەبارەت بە ئەو مەترسییانەی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر ئیسرائیل رووبەڕووی دەبێتەوە بەپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگریی سەربازی دەڵێت: "ئێمە چیتر چاوەڕی ناکەین هێرشمان بکرێتەسەر، ئێمە چیتر چاوەڕی نەکەین توشی شۆک بکرێین."

سیاسەتە سەربازییەکانی دەرەوەی ئیسرائیل دوای حەوتی ئۆکتۆبەر، دەستپێشخەری هێرش بووە بۆ سەر نەیارەکانی، بۆ نموونە حیزوبوڵڵای لوبنان و سوریا.

دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەبو محەمەد جۆلانی (ناسراو بە ئەحمەد شەرع)، سوپای ئیسرائیل لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە ژێرخانی سەربازی سوریای تەواو لاوازکردن، پاشان بەشێکی وڵاتەکەی داگیرکردووە، تائێستاش داگیرکارییەکە بەردەوامە، بەو شێوەیە ئیسرائیل مەترسییەکانی سوریای نوێی نەهێشت لەسەر دەوڵەتەکەی.

هێرشەکانی 13ـی حوزەیرانی  2025ـی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، رەنگدانەوەی سیاسەتی گۆڕاوی ئیسرائیل دوای حەوتی ئۆکتۆبەرە. ئیسرائیل چاوەڕێی هێرش نەبوو تا وەڵامبداتەوە، بەڵکو لە بەروارێکدا هێرشەکەی ئەنجامدا کە تەواو چاوەڕواننەکراو بوو بۆ ئێران.

بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل رۆژى سێشەممە لە پینجەم رۆژى شەڕى وڵاتەکەى لەگەڵ ئێران جەختیکردەوە، کە لەمەودوا جیهان رۆژهەڵاتێکى ناوەڕاست دەبینێت کە پێشتر نەبووە. ناتەنیاهۆ پێشتر چەندینجار جەختى لە گۆڕینى نەخشەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کردووەتەوە.

بەراورد بە شەڕی ‌غەززە، کە تا ئەمڕۆش ئیسرائیل نەیتوانیوە یەکلایی بکاتەوە، شەڕەکانی دیکەی کە بە دەستپێشخەری خۆی دەستی پێکردووە، لەوانە وەک شەڕی لەگەڵ حیزبوڵڵا و داگیرکردنی بەشێكی خاکی لوبنان، لێدان لە ژێرخانی سەربازی سوریای نوێ و داگیرکردنی بەشێک لە خاکەی، هەروەها هێرشی پێشوەختەی بۆ سەر ئێران، سەرکەوتوو بووە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی