سبەی
دوای شەش رۆژ لە بەردەوامیی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، مەرجەعی شیعەکان داوای راگرتنی شەڕ و دۆزینەوەی رێگاچارەی ئاشتی بۆ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکات. هۆشداریی دەدات کە شەڕ دەرەنجامی خراپی بۆ ناوچەکە لێدەکەوێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەی نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینیی شیعەکاندا کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (19ـی حوزەیرانی 2025) بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە: مەرجەعی باڵای ئاینی لە نەجەف بە توندی ئیدانەی هێرشی سەربازیی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و هەر هەڕەشەیەک دەکات کە سەرکردە سیاسی و ئاینییە باڵاکان بە ئامانج بگرێت.
نوسینگەی سیستانی رایگەیاندووە: ئەنجامدانی ئەو کردەوە تاوانکارییە سەرپێچی ئاشکرای پێوەر ئاینی و ئەخەلاقییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەرەنجامەکەی کاردانەوەی خراپی لەسەر ناوچەکە دەبێت.
هۆشداریی داوە لەوەی رەنگە دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت و ئاڵۆزییەکی گەورەی لێبکەوێتەوە و زیان بەبەرژەوەندی گشتی بکەوێت لە دوورترین مەوداکاندا.
سیستانی داوا لە سەرجەم لایەنە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی ناوچەکە دەکات، بەتایبەتی وڵاتانی ئیسلامی کە ئەوپەڕی هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ وەستاندنی ئەو جەنگە و دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانەی دادپەروەرانە بۆ دۆسیەی ئەتۆمی ئێران بەپێی بنەما یاساییە نێودەوڵەتییەکان.
بەیاننامەکەی نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لەکاتێکدایە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە رۆژی شەشەمیدایە، ئەوەش دوای ئەوەی بەرەبەیانی رۆژی هەینی (13ـی حوزەیرانی 2025) ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر ناوچە جیاوازەکانی ئێران و بەهۆیەوە حەوت زانای ئەتۆمی ئێران و ژمارەیەک بەرپرسی سوپای ئێران و سوپای پاسدارانی کردە ئامانج، دواتر ئێران وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و لە شەش رۆژی رابردوودا هەردوولا بەبەردەوامی مووشەکبارانی یەکتر دەکەن.