سبەى
سکاڵاکارانى دۆسیەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە بڕیارى دادگاى فیدراڵى بۆ دواخستنى یەکلاکردنەوەى سکاڵاکەیان ئاگادارنەکراونەتەوە، لەکاتێکدا ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق دەڵێت دادگا بڕیاردانى لەو بارەیەوە دواخستووە.
بڕیارەکەى 28 ى ئایارى وەزارەتى دارایی عێراق بۆ راگرتنى ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، جارێکى تر کێشەى مووچەى هێنایەوە خاڵى سەرەتا، ئەوەش دواى چوار مانگ لەناردنى مووچە بەپێی رێککەوتنى هەرێم و بەغداد لەسەرەتاى ئەمساڵدا.
لەگەڵ سەرهەڵدانەوەى کێشەکە، گروپێک فەرمانبەر و مامۆستاى ناڕازیی لە چەند هەفتەى رابردوودا دوو سکاڵایان لەسەر بەرپرسانى هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان لە دادگاى فیدراڵى تۆمارکرد.
دادگاى فیدراڵى رۆژى یەکى حوزەیران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد، هەردوو سکاڵاکەى یەکخستووە و بەم نزیکانە بڕیارێکى فەرمان سالارى لەبارەیانەوە دەردەکات، بەڵام بەهۆى سەفەرى حەجى ژمارەیەک ئەندامى دادگا هێشتا بڕیارەکەى نەداوە.
چرۆ حەمە شەریف ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى بە پێگەى فەرمى حزبەکەى راگەیاند، "هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ، دادگای باڵای فیدراڵی عیراق بۆ بڕیاردان لەسەر سكاڵای ژمارەیەك فەرمانبەر، لەبارەی راگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كۆببێتەوە، بەڵام دانیشتنەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا".
وتیشى "بەپێی ئەو زانیاریانەی لە یەكێك لە دادوەرانی دادگای باڵای فیدراڵی عیراقەوە وەرمگرتووە، بەهۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامانی دادگای فیدراڵییەوە، كۆبوونەوەی دادگاكە بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە".
سکاڵاکاران لە دوو هەفتەى رابردوودا سەردانى دادگاى فیدراڵیان کرد بۆ بەدواداچوونى دۆسیەکەیان و دادگاش ئاگاداریکردنەوە کە بڕیار لەسەر سکاڵاکەیان دەدات و دۆسیەکە یەکلایی دەکاتەوە و سکاڵاکارانیش لە ئەنجامەکەى ئاگاداردەکاتەوە.
نەجمەدین محەمەد مامۆستاى ناڕازیی و یەکێک لە سکاڵاکاران بۆ سبەى ئاماژەى بەوەدا، هێشتا دادگا ئاگادارینەکردوونەتەوە لەبارەى دواخستن یان بڕیاردان لەسەر کەیسەکە و چاوەڕوانى وەڵامى دادگان.
سکاڵاکاران هەفتەى رابردوو لەگەڵ تەیف سامى وەزیرى دارایی عێراق کۆبوونەوە، کە تێیدا تەیف سامى جەختى لە جێبەجێکردنى تەوتینى مووچە کردەوە بۆ چارەسەرى کێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.
نەجمەدین محەمەد باسى لەوەکرد، تەیف سامى لەکۆبوونەوەکەدا پێى راگەیاندوون کە ئەو فەرمانبەرى حکومەتە و هەرکاتێک دادگاى فیدراڵى بڕیار بدات، یەک کاتژمێر دواتر مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەنێرێت.
تەیف سامى هەروەها بەسکاڵاکارانى راگەیاندووە، ناردنى مانگانەى نزیکەى ترلیۆنێک دینار بۆ مووچە بۆ هەرێمى کوردستان کێشەى سیولە بۆ بەغداد دروستدەکات، بەڵام ئەگەر تەوتین جێبەجێ بکرێت ئەو کێشەیە دروستنابێت، بەو پێیەى ئەوکات بەژمارە پارە دەخرێتە سەر هەژمارى بانکى فەرمانبەران و بەشێوەى کاش پارە رەوانەى هەرێم ناکرێت.
جاسم عەبود سەرۆکى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق چوار رۆژ لەمەوبەر لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک کۆمارى عێراق جەختى لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی یاسا کردەوە.
جگە لە سکاڵای فەرمانبەران و مامۆستایان، محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق داواى لە دادگاى فیدراڵى کردووە رونکردنەوەى پێبدات لەبارەى جێبەجێکردنى بڕیارەکەى، بەو پێیەى دادگا لە بڕیارەکەیدا جەختیکردووەتەوە کە دەبێت مووچە لە پشکى هەرێم خەرج بکرێت، لەکاتێکدا پشکى هەرێم لە بودجە تەواو بووە.
بەکر حەمەسدیق پارێزەری کەیسی ساڵى رابردووى مووچەخۆران لە دادگای فیدڕاڵی پێشتر بۆ سبەى ئاماژەى بەوەدابوو، ئەم پرسە لە بڕیارەکەى دادگادا جیایە کە باڵادەستە بەسەر یاساى بودجەدا، بەو پێیەى لە بڕیارەکەدا پرسی مووچە خراوەتە دەرەوەى یاساکە
وتیشى "دادگا دەتوانێت بە بڕیارێکى وەلائى بڕیارەکەى تەیف سامى کە بڕیارى ئەنجومەنى وەزیرانیشە هەڵیوەشێنێتەوە، چونکە ئەوە پێچەوانەى بڕیارى دادگاى فیدراڵییە، ئەوەش ماناى گەڕانەوەیە بۆ سەرەتاى جێبەجێکردنى بڕیارەکە".
بەکر حەمە سدیق پێیوایە، بڕیارەکەى تەیف سامى پێچەوانەى دەستور و یاساى راژەى فەرمانبەران و بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵییە کە هیچ جۆرە شیکردنەوەیەک هەڵناگرێت.
رونیشیکردەوە، بڕیارەکەى دادگا ئیمتیازەکەى لەوەدایە، کە مووچەى لەپشکى هەرێم لە بودجە جیاکردووەتەوە، بە جۆرێک کە عێراق ناچاردەکات راستەوخۆ لە رێگەى تەوتینەوە ئەو بڕە پارەیە بنێرێت و لە پشکى هەرێم بیبڕێت.
بڕیارەکەى ساڵى رابردووى دادگاى فیدراڵیی 20 لاپەڕەیە و پێنج بڕگە لە خۆ دەگرێت، کە یەکێکیان تایبەتە بە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و تەوتینى مووچە.