سبەی
سەرکردەکانی ئێران هەڕەشەی توند لە ئەمەریکا دەکەن، ئەگەر بەشداربن لە هێرشەکان بۆ سەر وڵاتەكەیان. ئەوەی ترسی لای ئەمەریکییەکان دروست کردووە، ژمارەیەکی زۆری بنکەی ئەمەریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونیان هەیە. ئەو وڵاتانەی بنکەی ئەمەریکییان تێدایە بریتیین لە عێراق، قەتەر، کوەیت، بەحرەین و ئیمارات.
لە ئەگەری بەشداریی ئەمەریکا لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران، هەزاران سەربازی ئەمەریکی دەکەونە بەر رەحمەتی موشەکەکانی ئێران. ئەو وڵاتانەی بنکە و سەربازانی ئەمەریکییان تێدایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نزیکن لە ئێرانەوە، ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی موشەکەکانی ئێران بە ئاسانی بنکە و سەربازانی ئەمەریکی بکەنە ئامانج و زیانی زۆر بە ژێرخانی سەربازیی ئەمەریکی بگەیەنن.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی، زیاتر لە 40 هەزار سەرباز و کارمەندی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پنتاگۆن) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەییان هەیە و بەسەر ژمارەیەک وڵاتدا دابەشکراون، کە نزیکن لە ئێرانەوە.
عێراق
لە هەرێمی کوردستان و عێراق نزیکەی 2500 سەربازی ئەمەریکی بوونیان هەیە.
بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد، کە دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار، یەکێکە لە بنکە سەربازییە گەورەکان. جگە لە مەترسی هێرشی ئێران لە داهاوتوودا، لە ماوەکانی رابردوودا، بنکەکە چەندینجار لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە بە ئامانج گیراوە.
بنکەی ئاسمانی هەریر لە پارێزگای هەولێر، یەکێکی دیکەیە لە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، هەروەها یەکێکە لە نزیکترین ئامانجەکان لە ئێرانەوە.
بەحرەین
وڵاتی بەحرەین یەکێکی دیکەیە لەو وڵاتانەی بنکەی سەربازیی ئەمەریکی تێدایە. بنکە ئەمەریکییەکە لە شاری مەنامەیە، نزیکەی 9000 سەرباز و کارمەندی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا تێدایە. ئامانجی هەبوونی سەربازەکان پاراستنی گەرووی هورمزە کە لە رێگەیەوە نزیکەی 20% نەوتی جیهانی لێوە هەناردە دەکرێت.
کوەیت
کوەیت یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین بنکەی سەربازی ئەمەریکای تێدایە کە پێنج بنکەیە. کۆی گشتی بنکەکان نزیکەی 13 هەزار و 500 سەرباز و کارمەندی پنتاگۆنی تێدایە.
قەتەر
بنکەی ئاسمانی ئودەید لە قەتەر یەکێکە لە گەورەترین بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئودەید بارەگای سەرەکی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکایە و سەرپەرشتی هێزە ئەمەریکییەکانی ناوچەکە دەکات. بنکە ئاسمانییەکە نزیکەی 10 هەزار سەرباز و کارمەندی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکی تێدایە.
ئیمارات
بنکەی ئاسمانی زەفرە، یەکێکی دیکەیە لە بنەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیکەی 3500 سەرباز و کارمەندی پنتاگۆنی تێدایە. بنکەکە چەندین جۆر فڕۆکەی شەڕکەری تێدایە لەوانە فڕۆکەی F-22.