پریشكی شەڕی ئیسرائیل و ئێران؛ لە حەوت رۆژدا نۆ درۆن و پارچەی موشەك لە هەرێم كەوتوونەتە خوارەوە

#ئیسرائیل#ئێران#هەرێمی کوردستان#درۆن#موشەک
6 مانگ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ئەمشەو لە نێوان هەردوو گوندی سێكانی و تازەدێی سەر بە تەق تەق سەر بە قەزای كۆیە، درۆنێك كەوتە خوارەوە، پێشتریش دوو درۆن لە دوكان و مەخمور كەوتبوونە خوارەوە، بەوەش لەماوەی 24 كاتژمێردا ئەمە سێیەم درۆنە لە هەرێمی كوردستان بكەوێتە خوارەوە.
Primary Asset

ئەو درۆنەی لە کۆیە کەوتووەتە خوارەوە

سبەی

ئەو شەڕەی لە هەینی رابردوەوە لەنێوان ئیسرائیل و ئێران دەستیپێكردووە، پریشكەكەی هەرێمی كوردستانی لێ بێبەش نییە، لەماوەی حەوت رۆژدا نۆ درۆن و پارچەی موشەك لە چەند ناوچەیەكی جیاوازی هەرێمی كوردستان كەوتوونەتە خوارەوە، لە 24 كاتژمێری رابردووشدا سێ درۆن لە كۆیە و مەخمور و دوكان كەوتونەتە خوارەوە.

ئەمشەو لە نێوان هەردوو گوندی سێكانی و تازەدێی سەر بە تەق تەق سەر بە قەزای كۆیە، درۆنێك كەوتە خوارەوە، پێشتریش دوو درۆن لە دوكان و مەخمور كەوتبوونە خوارەوە، بەوەش لەماوەی 24 كاتژمێردا ئەمە سێیەم درۆنە لە هەرێمی كوردستان بكەوێتە خوارەوە.

هەینی رابردوو، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی بۆسەر ئێران بە درۆن و فرۆكەی جەنگیی دەستپێكرد، وەڵامی ئێرانیش كە تائێستا بەردەوامە، بە درۆن و موشەكە، بەوهۆیەوە ناوبەناو پارچەی موشەك و درۆن لە هەرێمی كوردستان دەكەوێتە خوارەوە.

بەپێی بەدواداچوونەكانی "سبەی" لەو ماوەیەدا، واتە نزیكەی هەفتەیەك، نۆ درۆن و پارچەی موشەك لە هەولێر، كۆیە، مەخمور، سەیدسادق، عەربەت، قەرەداغ و دوكان كەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێكی ماددی و مرۆییان لێنەكەوتووەتەوە.

دوو رۆژ دوای دەستپێكردنی شەڕی ئیسرائیل و ئێران، سیستەمی بەرگریی ئەمەریكا دوو درۆنیان خستە خوارەوە كە بە ئاڕاستەی كونسوڵخانەی وڵاتەكە لە هەولێر دەچوون، هەر بەوهۆیەشەوە بۆ ماوەی نیو كاتژمێر زەنگی ئاگاداركردنەوە لە كونسوڵخانە لێدراوە.

هەر لە پارێزگای هەولێر لە نزیك گوندی پیرداودی سنووری پارێزگاكە، درۆنێك كەوتە خوارەوە و تەقییەوە و بە وتەی دانیشتووانی گوندەكە، لە دووری 30 كیلۆمەترەوە گوێیان لە دەنگی تەقینەوە بووە.

هەروەها لە گوندی نەوێی سنووری قەزای سەیدسادق و ناحیەی عەربەتیش دوو درۆن كەوتنە خوارەوە و ترسیان لای دانیشتوانی ناوچەكە دروستكرد، لە قەزای قەرەداغیش، مووشەكێك لە نزیك سەنتەری قەزاكە و گوندی تافان كەوتە خوارەوە.

هەر ئەمڕۆ لە نزیك گوندی گۆمەزەڵ لە سنوری ناحیەی بنگرد درۆنێك كەوتە خوارەوە، دوێنێش درۆنێك لە نزیك هێزێكی پێشمەرگە لە چیای قەرەچوغ كە پێنج كیلۆمەتر لەنێو سەنتەری شارۆچكەكەوە دوورە، كەوتووەتەخوارەوە.
 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی