دادگای باڵای فیدراڵی
سبەی
سەرچاوەیەك لە ناو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئاشكرایكردووە، "قەیرانێك" بووەتەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی بە كۆمەڵی ئەندامانی دادگاكە كە ئەویش پرسی "خۆر عەبدوڵڵا"یە.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە بۆ میدیای عێراق، ئەو شەش ئەندامەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، كە رۆژی پێنجشەممە دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكرد، هۆكارەكەی ئەوەیە دڵگرانن بە فشارەكانی حكومەت لەسەر دادگاكە سەبارەت بە دۆسیەی "خۆر عەبدوڵڵا".
لەوبارەیەوە، محەمەد خەفاجی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند:"چەند ئەندامێكی دادگای فیدراڵی دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، چاوەڕێی وردەكاری و هۆكارەكانین، چونكە رووداوێكی ناسروشتییە".
لەلایەن خۆشیەوە، رائید مالیكی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی نۆ ئەندامی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كە سیانیان یەدەگن، بۆ هۆكاری "فشار" لەسەر دادگاكە لە دۆسیەی "خۆر عەبدوڵڵا" دەگێڕێتەوە.
رائید مالیكی دەڵێت "حكومەت و چەند لایەنێكی دیكە، دەیانەوێت دادگای فیدراڵی ئامرازێكی دەستەمۆ بێت بەدەستیانەوە، تا ئەو شتانەی دەیانەوێت پێی جێبەجێ بكەن بەناوی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانەوە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت "ئەم دۆخە ناكرێت لەبارەیەوە بێدەنگ بین".
"سەركردە شیعەكان شكستی خۆیان سەلماندووە لە بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی كە رێز لە دەستور و یاسا بگرێت، لەگەڵ پەرلەمانتارانی دیكە راوێژ دەكەین بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێكی یەكگرتوو لەسەر ئەم دۆسیەیە كە پێشینەیەكی مەترسیدارە". مالیكی وا دەڵێت.
نیسانی رابردوو، ئاژانسی هەواڵی كوەیت "كونا" بڵاویكردەوە: هەریەك لە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراق دوو تانەی جیاوازیان لە دادگای فیدراڵی تۆماركردووە، داوا دەكەن بڕیاری پەسەندكردنی هەڵوەشاندنەوەی "رێككەوتننامەی خۆر عەبدوڵڵا" لەگەڵ كوەیت هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش بە پشت بەستن بە بەڵگەنامەكانی دەستوری عێراق و رێككەوتنی ڤییەننا لە ساڵی 1966.
ئەو دوو تانەیە باس لەوەدەكەن، رێككەوتنەكە تایبەتە بە رێكخستنی كەشتیوانییەوە هەیە نەك دیاریكردنی سنور، وە بەشێكە لە پابەندیە نێودەوڵەتیەكانی عێراق كە ناتوانێت لێی پاشگەز ببێتەوە.
دادگای فیدراڵی عێراق، لە چواری ئەیلولی 2023 بڕیاریدا بە نادەستوریبوونی یاسای 42 ی ساڵی 2013، ئەو یاسایەی كە رێككەوتنی نێوان عێراق و كوەیت سەبارەت بە رێكخستنی دەریاوانی لە "خۆر عەبدوڵڵا" پەسەند دەكات. دوای بڕیارەكەش حكومەتی كوەیت نارەزایی خۆی گەیاندە عێراق.
بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە 833 لەساڵی 1993،خۆر عەبدوڵڵا لە نێوان كۆماری عێراق و دەوڵەتی كوەیت دابەشكراوە و سنوری خۆر عەبدوڵڵا بریتیە لە ھێڵی نێوانیان، وەك دەروازەیەكی دەریایی بۆ ھەردوو وڵاتەكە ، كاری دەریاوانیش بۆ ھەردوولایان كراوەیە و رێگەپێدراوە.