بەردەوامین لە پەیوەندیكردن بە لایەنی ئێرانی؛ كۆشكی سپی: لە دژی سیستمی موشەكیی و ئەتۆمیی ئێران هەنگاو دەنێین

#ئەمەریکا#ئێران#ئیسرائیل
9 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 9 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • لە هەینی رابردوەوە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستیپێكردووە، دەیان كەس لە ئێران كوژراون كە بەشێكیان پلەداری باڵای سەربازیین، لەبەرامبەریشدا ئێران بە موشەك و درۆن بۆردومانی ئیسرائیل دەكات و دەیان كەس كوژراون و برینداربوون. ئیسرائیل دەیەوێت ئەمەریكا راستەوخۆ بەشداری شەڕەكە بكات، بەڵام تائێستا ئەمەریكا بڕیاری نەداوە.
Primary Asset

کارۆلین لیڤیت

سبەی

وتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی ئەمەریكا ئاشكرایكرد، چەند جارێك پەیوەندییان بەلایەنی ئێرانییەوە كردووە، دەشڵێت "ترەمپ وتویەتی رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەكیی ئەتۆمیی".

لە هەینی رابردوەوە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستیپێكردووە، دەیان كەس لە ئێران كوژراون كە بەشێكیان پلەداری باڵای سەربازیین، لەبەرامبەریشدا ئێران بە موشەك و درۆن بۆردومانی ئیسرائیل دەكات و دەیان كەس كوژراون و برینداربوون. ئیسرائیل دەیەوێت ئەمەریكا راستەوخۆ بەشداری شەڕەكە بكات، بەڵام تائێستا ئەمەریكا بڕیاری نەداوە.

كارۆلین لیڤیت، وتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی ئەمەریكا رایگەیاند:"بەردەوامین لە پەیوەندیكردن بە لایەنی ئێرانی و لەدژی سیستمی موشەكیی و ئەتۆمیی ئێران هەنگاو دەنێین، ئێستا ئێران لە هەموو کات نزیکترە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیی، بەڵام سەرۆك ترەمپ نایەوێت ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمیی و لەماوەی دوو هەفتەی دیكەدا لەوبارەیەوە بڕیار دەدات".

وتەبێژەكەی كۆشكی سپی وتیشی "دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەماوەی دوو هەفتەی دیكەدا بڕیاری یەكلاكەرەوە سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمەریكا دەدات، لەبارەی ئەو شەڕەی لەنێوان ئیسرائیل و ئێران دەستیپێكردووە، هەموو بژاردەكان لەسەر مێزن، لەوانەش وەشاندنی گورزی سەربازیی لە ئێران".

"هەلێكی گەورە هەیە بۆ بەرێوەچوونی گفتوگۆ كە رەنگە ئەنجام بدرێت یاخود ئەنجام نەدرێت، پێویستە هیچ كەس لە هەڵوێستی ترەمپ بەرامبەر ئێران شۆك نەبێت".وتەبێژەكەی كۆشكی سپی وای وت.

كارۆلین دەشڵێت "ترەمپ بوارێكی گەورەیدا و هەوڵی زۆریدا بۆ گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران". 

وتەبێژی كۆشكی سپی وتی "جیهان هەموو كۆكە لەگەڵ ترەمپ كە ناكرێت ئێران چەكی ئەتۆمیی بەدەست بهێنێت، سەرۆك بەهۆی هێزەكەیەوە بووەتە سەرۆكی ئاشتی و ناشترسێت لە بەكارهێنانی".

ئەو بەرپرسە ئەمەریكیە خواستی ئێرانیەكان ئاشكرادەكات بۆ چوونە كۆشكی سپی و دەڵێت "ئەو پێشنیازەی ستیڤ ویتكۆڤ نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ ئێرانییەكانی كرد واقیعی و قبوڵكراوە".

وتەكانی ئەو بەرپرسەی ئەمەریكا لەكاتێكدایە، پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە:"پەیوەندی راستەوخۆ لەنێوان ستیڤ ویتكۆڤ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا و عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران روویداوە، ئەمەش لەوكاتەوەی كە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستیپێكردووە لەپێناو دۆزینەوەی رێگەچارەی دیپلۆماسی بۆ قەیرانەكە".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی