دۆناڵد ترەمپ
سبەی
لە سەروبەندی شەڕی ئێران و ئیسرائیل-دا، پرسی بەشداریی یان بەشداریی نەکردنی ئەمەریکا، یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای سەرقاڵ کردووە ئەوەیە؛ ئەگەر ئەمەریکا بەشداری شەڕەکەی کرد و بە بۆمبە تایبەتەکەی ناوەندی ئەتۆمی فۆردۆی بۆردومان کرد، ئایا ناوەندەکە لەناو دەبات؟
بەپێی هەواڵێکی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، کە لە راوێژکارەکانی ترەمپ-ەوە وەریگرتووە، ئیدارەی ترەمپ ترسیان لەوە هەیە، بۆمبە تایبەتەکەیان کە تایبەتە بە تێکشکانی ئەو ناوەندانەی لە ژێر زەویدا بنیاتراوە، کاریگەریی نەبێت لەسەر ناوەندی فۆردۆ.
گومانەکانی ترەمپ لەسەر نادڵنیاییەتی لەسەر توانای بۆمبە ئەمەریکییەکە، هۆکارە کە تائێستا بڕیاری نەداوە بەشداری بکات لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران یان نا.
بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمەریکا، ترەمپ دەیەوێت دڵنیابێت کە هێرشێکی هاوشێوە بەڕاستی پێویستە و ئەمەریکا راناکێشێتە نێو شەڕێکی درێژخایەنەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو بەڕاستی ئامانجەکەی کە لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانە بەدەست دەهێنێت.
بەرپرسە ئەمەریکییە دەڵێت: "ئێمە ئامادە دەبین بۆ هێرش بۆ سەر ئێران، بەڵام جارێ رازی نەبووین کە بەشداریکردنمان لە شەڕەکە پێویستە،" دەشڵێت: "بەڵام پێموایە ترەمپ قایل نەبووە کە ئێمە پێویستین بۆ شەڕە."
بەرپرسانی ئیسرائیل ترسیان لەوە هەیە بەبێ لەناوبردنی ناوەندی فۆردۆ، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەردەوام بیت.
سەبارەت بە هێرش بۆ سەر فۆردۆ دوێنێ (18ـی حوزەیرانی 2025)، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، "تەنها ئێمە ئەو توانایەمان هەیە فۆردۆ لەناوببەین، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە، من ئەو کارە دەکەم،" سەبارەت بەوەی ئایا بیری لەوە کردووەتەوە هێرش بکاتە سەر فۆردۆ، ترەمپ وتی: "هەموو رۆژێک ئەو پرسیارەم لێ دەکرێت، من هێشتا بڕیارم نەداوە."
ناوەندی فۆردۆ و توانای ئەمەریکا بۆ لەناوبردنی
بەهێزترین ناوەندی ئەتۆمی ئێران کە بڕێکی زۆر یۆرانیمی تێدا دەپیتێندرێت، فۆردۆ-یە لە شاری قوم. تەنها هێزەکانی ئەمەریکا ئەو توانایەیان هەیە ناوەندەکە تێکبشکێنن.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی، تەقاندنەوەی ناوەندی فۆردۆ پێویستی بە بۆمبێکی 13 تۆنی هەیە کە بە فڕۆکەی جەنگی ئاراستەی ناوەندەکە بکرێت. تەنها ئەمەریکا ئەو توانایەی هەیە.
ئەمەریکا خاوەنی بۆمبێکە بە ناوی "تەقێنەرەوەی پەناگەکان" (GBU-57A/B MOP یان Bunker Buster) تایبەتە بە تەقاندنەوەی ئەو ناوەندانەی لە ژێر زەویدا بنیاتنراون وەک فۆردۆ. ئەو بۆمبە 13 تۆنییە دەبێت بە فڕۆکەی تایبەت هەڵبگیرێت و بهاوێژرێت، تەنها ئەمەریکاش خاوەنی ئەو جۆرە فڕۆکە گەورە بۆمبهەڵگرانەیە، لەوانە وەک بی-2ـی بۆمبهاوێژ (B-2 stealth bomber).
بۆمبەکە رووکارێکی پۆڵاینی زۆر ئەستووری هەیە و بڕێکی کەمتر لە تەقەمەنی لەخۆدەگرێت لە چاو بۆمبە هاوشێوەکانی. بۆمبەکە خاک یان کۆنکرێتی ناوەندەکان دەبڕێت و رووکارە قورسەکە ناهێڵێت تەقەمەنییەکان بتەقنەوە تا دەگەنە قوڵایی خاکەکە، بە ئەو ڕێگەیەش ناوەندە بەهێزەکانی ژێر زەوی دەتەقنەوە.
ئیسرائیل بە تەنها ناتوانێت زیان بە ناوەندی فۆردۆ بگەیەنێت، چونکە توانا سەربازییەکانی سنوردارن. هەرچەندە داوای لە واشنتن کردووە بۆمب و فڕۆکە جەنگییە تایبەتەکەی پێبدات، بەڵام ئەمەریکا رازی نەبووە.