عێراق لە ئەنجومەنى ئاسایش سکاڵاى لەسەر ئیسرائیل تۆمارکردووە بەهۆى بەکارهێنانى ئاسمانەکەى بۆ هێرشکردنە سەر ئێران
سبەى
بەهۆى پێشێلکارییەکانی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیل و ئێرانەوە لەشەڕى نێوانیاندا، عێراق دەیەوێت رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لەگەڵ ئەمەریکا هەموار بکاتەوە بەئامانجى پاراستنى ئاسمانى وڵاتەکەى.
پرسی پێشێلکارییەکانی ئاسمانی عێراق پرسیار لەبارەی "رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی" دەوروژێنێت کە لەنێوان عێراق و ئەمەریکا واژۆ کراوە. لە کاتێکدا هێزە سیاسییەکان هەنگاو دەنێن بۆ هەموارکردنەوەی ڕێککەوتنەکە.
ئەم هەنگاوانە هاوکاتن لەگەڵ شەپۆلێکی ڕەخنە لە پەرلەمان و حکومەتەوە لەسەر پێشێلکردنى ئاسمانی عێراق لەلایەن فڕۆکە و مووشەکەکانی ئیسرائیل و ئێرانەوە، لە کاتێکدا بەغداد خۆی لە لاوازترین ئەڵقەی ململانێی ئاشکرای نێوان تاران و تەلئەبیب دەبینێتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ رۆژنامەى مەداى عێراقى پشتڕاستیکردەوە، بە سەرۆکایەتی چەند هێزێکی چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵ هەیە بۆ هەموارکردنەوەی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە، لەوانەش "زیادکردنی گەرەنتی ڕوون بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق و لێپرسینەوە لە ئەگەری پێشێلکردنیدا".
ئاماژەی بەوەشکردووە "هەنگاوەکە تەنها لە هەموارکردنەوەی بڕگەکانی بەرگریدا سنووردار نییە، بەڵکو ڕەنگە درێژبێتەوە بۆ داڕشتنی میکانیزمی چاودێری بۆ چاودێریکردنی پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، بەتایبەتی سەبارەت بە پشتیوانی ئەمنی و هاوبەشی هەواڵگری".
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە داواکان لە پەرلەمانەوە لە زیادبووندان بۆ گواستنەوەی ئەو پرسە لە بازنەى بەیاننامەکانەوە بۆ ڕێڕەوێکی یاسایی پراکتیکی، لە کاتێکدا کە ڕەخنەی دووبارە لە حکومەت دەگیرێت کە تەنها بەیاننامەی ئیدانەکردنى دەرکردووە بەبێ ئەوەی ئەمەریکا بە بەڵێنەکانیەوە پابەندبێت.
لەو چوارچێوەیەدا، پەرلەمانتار عارف حەمامی وتى "گفتوگۆی جددی لەناو پەرلەمان کراوە سەبارەت بە ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لەگەڵ ئەمەریکا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە عێراقی نەپاراستووە بەڵکو لەپاڵ ئیسرائیلدا وەستاوە".
ڕوونیشیکردەوە "هەنگاونان بەرەو هەموارکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە پێویستی بە یاسادانان و لێکتێگەیشتنى سیاسی و کۆدەنگی لەنێوان لایەنەکان هەیە، کە لە ئێستادا ئامادەکاری بۆ دەکرێت".
بەپێی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی کە لە ساڵی 2008 واژۆ کرا، بڕیار بوو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پابەند بێت بە پێشکەشکردنی پاڵپشتی ئەمنی و سەربازی بۆ عێراق، هەروەها پاراستنی سنوور و ئاسمانی وڵاتەکەی لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی. بەڵام شارەزایان دەڵێن بەشێک لەو بڕگانە "لەسەر کاغەز" ماونەتەوە، لەگەڵ پێشێلکاری و دووبارەی ئاسمانی عێراق.
رێکارە ئاڵۆزەکان
شارەزایانی یاسایی پێیان وایە هەموارکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە کارێکی ئاسان نییە، چونکە پێویستی بە چەندین ڕێکاری یاسایی هەیە کە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەست پێدەکات و دەگاتە پەرلەمان، دواتر ئاگادارکردنەوەی فەرمی بۆ لایەنی ئەمەریکی.
رێکەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمەریکا کە لە ساڵی 2008 واژۆ کرا، دەتوانرێت بەشێوەیەکی یاسایی هەڵبوەشێنرێتەوە، بەو پێیەی ماددەی کۆتایی ڕێککەوتنەکە مافی کشانەوەی هەر لایەنێک دەدات بەمەرجێک لایەنی بەرامبەر ئاگادار بکاتەوە.
عەلی تەمیمی شارەزای بواری یاسایی ڕایگەیاند، "هەنگاوەکانی کشانەوە بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران دەستپێدەکات، کە دواتر پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت بۆ دەنگدان و هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە 52ی ساڵی 2008. دوای ئەوە لایەنی ئەمەریکی بە فەرمی ئاگادار دەکرێتەوە، کشانەوەکە ساڵێک دواى بەرواری ئاگادارکردنەوەکە کاری پێدەکرێت".
ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی پێشێلکارییەکانى ئاسمانی عێراق و ناڕەزایی لە ناوخۆی عێراق لەو بارەیەوە، ئەمەش وایکردووە حکومەتی عێراق پابەند بێت بە بژاردەی "کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە" و بەشدارینەکردن لە هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لە دەرەوەی سنوورەکان.
چاودێران جەخت دەکەنەوە هەر هەنگاوێک بۆ هەموارکردنەوەی ڕێککەوتنەکە پێویستی بە کۆدەنگی ناوخۆیی و هاوبەشییەکی ڕوون لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، بۆ ئەوەی نەبێتە کارتێکی فشاری نوێ کە لە ململانێی ناوچەکەدا بەکاربهێنرێت، لەکاتێکدا ئاسمانی عێراق بەبێ پاراستنی کاریگەر دەمێنێتەوە.