بزوتنەوەی گۆڕان داوای سڕكردنی چالاكییە سیاسییەكانی دەکات

#بزوتنەوەی گۆڕان#سڕکردن#چالاکی سیاسی#کۆنفرانسی نیشتیمانی#رێپێدراو#دەستەی گشتی
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بزوتنەوەی گۆڕان بە نوسراوی فەرمی داوا لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەکات، چالاکییە سیاسییەکانی بزوتنەوەکە سڕبکرێت، ئەوەش بەهۆی ئەنجامنەدانی کۆنفرانسی نیشتیمانییەوە.
Primary Asset

سبەی

بزوتنەوەی گۆڕان بە نوسراوی فەرمی داوا لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەکات، چالاکییە سیاسییەکانی بزوتنەوەکە سڕبکرێت، ئەوەش بەهۆی ئەنجامنەدانی کۆنفرانسی نیشتیمانییەوە.

بە نوسراوی فەرمی ژمارە 26 لە 17ـی حوزەیرانی 2025، کە لەلایەن رێگەپێدراوی ئەندامانی دەستەی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و نوسینگەی سلێمانی کۆمسیۆن کراوە، داواکراوە بە پێی مادەی (31/یەکەم) لە یاسای حیزبەکان ژمارە 36ـی ساڵی 2015، چالاکییە سیاسیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان سڕبکرێت، تا ئەوکاتەی بەربەستەکان لادەبرێن و دەگەنە لێکتێگەیشتنی ناوخۆیی.

لە نوسراوەکەی بزوتنەوەی گۆڕاندا ئاماژە بەوەکراوە، پێشتر و دووجار بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، وادەی کۆنفرانسی ناوخۆیی دانراوە، بەڵام بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانەوە نەتوانراوە کۆنفرانس ببەسترێت.

وێنەیەکی نوسراوەکە ئاڕاستەی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکان کراوە.

دواخستنی کۆنفرانسی نیشتیمانی

رۆژی شەممە (24ـی ئایاری 2025) جارێكی دیكە بە ئامادەبوونی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لە هۆڵی ئاشتی هەوڵدرا كۆنفرانسی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی بوونی کێشەی ناوخۆییەوە نەتوانرا كۆنفرانسەكە ئەنجام بدرێت، بەوهۆیەوە كۆمسیۆن بڕیاریدا بۆ كاتێكی نادیار كۆنفرانس دوابخات.

ئەوە دووەم كۆنفرانسی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان بوو بە بەشداری كۆمسیۆن دوابخرێت، لە (26ـی نیسانی 2025) بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی كۆنفرانسەكە دواخرا. بەوتەی بەشێك لە بەشدارانی كۆنفرانسەكە كە قسەیان بۆ پەیامنێری "سبەی" كردووە، "خەڵكی دیكە لە حزبی دیكەوە هێنراوەتە ناو كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان".

لەوبارەیەوە، عەبدوڵڵا چۆمانی، وتەبێژی كۆنفرانسی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە مەكۆی سەرەكی لە گردی زەرگەتەوە لە سلێمانی رایگەیاند: لە كۆنفرانسی ئەمڕۆدا بە بەڵگەوە ساختەكاری ئەنجامدراوە، هێزی چەكدار و كادیری لایەنی سیاسی بەشداربوون تێیدا، بۆیە كۆنفرانسەكە گرفتی تێكەوت، دواجاریش ئێمە كۆنفرانسەكەمان جێنەهێشت، بەڵام لەلایەن كۆمسیۆنەوە هۆڵەكە چۆڵكرا".

وتیشی:"كۆمسیۆن هیچ بڕیارێكی یەكلاكەرەوەی لەبارەی زۆرینەی رەهاوە نەدا، جگە لەوەی كۆمسیۆن گرفتی تەكنیكی هەبوو كە واژۆ و ئامادەبوویان پێ جیا نەدەكرایەوە، جگە لەو كێشەیەی كە لەنێوان هێزە ئەمنیەكان و هەڵسوڕاوێكی گۆڕان دروستبوو، سەرئەنجام كۆنفرانسەكە بەپێی بەرنامەیەكی رێكخراو شكستیهێنا".

وتەبێژی كۆنفرانسی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەشڵێت "لەچوارچێوەی یاسا بەركارەكان كۆمسیۆن لەداهاتوو هەر بڕیارێك بدات ئێمە پێوەی پابەندین".

پێشتریش، لە (26ـی نیسانی 2025) بزوتنەوەی گۆڕان راگەیەندراوێكی فەرمیی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: بەهۆی تەواونەكردنی رێژەی یاسایی بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسی نیشتیمانی، بە هیچ شێوەیەك هیچ كەسێك بۆی نییە بە ناوی رێكخەر، بزوتنەوەی گۆڕان و لۆگۆی گۆڕان قسە بكات و هیچ كارێك ئەنجام بدات”.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی