مستەفا قەرەسوو
سبەی
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای حزبەكەی باس لەو پرۆسەیە دەكات كە لە توركیا دەستیپێكردووە، دەشڵێت "چالاككردنی ڕۆڵی پەرلەمان كلیلی چارەسەری پرسی كوردە".
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری "كەجەكە" باس لەوەدەكات، دیدارەكانی ئەمدواییەی شاندی دەم پارتی "ئیمراڵی" و یڵماز تونج وەزیری دادی توركیا هەنگاوێكی گرنگە بۆ زەمینەخۆشكردنی یاسایی و سیاسی بۆ چارەسەری پرسی كورد، دەشڵێت "ئۆجەلان بانگەوازێكی روونی بۆ ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی كردووە، پەكەكە و هێزەكانی پاراستنی گەل ئامادەییان دەربڕیوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بانگەوازە".
ئەو بەرپرسەی كۆما جڤاكێن كوردستان وتیشی "دواكەوتنی دیدارەكان و ناڕوونی ئەنجامەكانی گومانی لا دروستكردووین لەبارەی جددیەتی حكومەت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پرۆسەیە، بەتایبەت لەكاتێكدا فشاری سیاسی هەیە و چەندین كەسایەتی دیار وەك سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ دەستگیركراون، رای گشتیی و هێزە دیموكراتییەكان چاوەڕێی هەنگاوی كردەیین لە حكومەتەوە بۆ چالاككردنی پرۆسەی سیاسی و یاسایی".
قەرەسوو جەختی لە "گرنگیی خستنەڕووی پرسی كورد لە پەرلەمان كردەوە، بۆ ئەوەی گرەنتی چارەسەركردنی بكرێت بەشێوەیەكی یاسایی و سیاسی، هەروەها پشتیوانی پارتی گەلی كۆماری بۆ ئەو پرۆسەیە ڕەنگدانەوەی پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنە، بۆیە پێویستە هەنگاوی بەپەلە بنرێت بەبێ دواكەوتن، ئەوەی لە توانای عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەكە ئەنجامیدا".
سەبارەت بە داوای دەوڵەتی توركیا بۆ بەستنی كۆنگرە و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و چەكدانان، مستەفا قەرەسوو وتی "ئەو پرسە وەڵامدراوەتەوە، سەرۆك ئۆجەلان بانگەوازێكی روونی بەو ئاراستەیە كردووە، بەڵام بەجێگەیاندنی ئەو بانگەوازە، بەشدارییەكی كارای سەرۆك ئۆجەلانی دەوێت، ئەوەش پرسێكە ناتوانرێت بەدیبێت بەبێ ڕەخساندنی دۆخێكی گونجاو"ز
ئەو بەرپرسەی "كەجەكە" بەردەوامیی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی "پاراستنی مەدیا" كە مەبەست لێی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پەكەكەیە، بە هەوڵێكی توركیا لە قەڵەم دەدات "بۆ ئەوەی لەسەر حسابی پرۆسەی سیاسی سەركەوتنی وەهمی بەدەست بهێنێت، بەڵام گەریلا لەچوارچێوەی مافی پاراستنی رەوا وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەنەوە كە ئامانج لێی شكستپێهێنانی ئاگربەستە".
ئەو بەرپرسەی كەجەكە هەڕەشەی ئەوەش دەكات "گەریلاكان ملكەچی ئەو پلانە نابن و ئەگەر هێرشەكان بەمشێوەیە بەردەوام بن رەنگە وەڵامی قورسی سوپای توركیا بدرێتەوە".