دیمه‌نێكی شه‌ڕی غه‌ززه
سبه‌ی
له حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌می ڕابردووه‌وه، ئاگری شه‌ڕی غه‌ززه هه‌ڵایساوه، ئه‌وه‌ی زیاتر ئاگره‌كه‌ی به‌جۆشهێناوه، ئه‌و چه‌كه جۆراوجۆرانه‌یه، كه تا دێت چه‌خماخه‌ی ئاگریان زیاتر بڵێسه ده‌سێنێت و قوربانیه‌كانیان پتر ده‌بن.
دیارترین چه‌كه‌كانی حه‌ماس
بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس، له شه‌ڕی ئه‌مجاره‌ی غه‌ززه‌دا، توانا بێ وێنه‌كه‌ی خۆی له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سوپای ئیسرائیل له ڕێی ته‌كتیكی سه‌ربازی و شه‌ڕی شار و كۆڵانه‌كان پیشانداوه. جگه له تاكتیكه سه‌ربازییه‌كان، ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی ئاڵۆزكردووه، تونێله بێ بنه‌كان و ئه‌و تۆڕه جاڵجاڵۆكییه‌یه، كه حه‌ماس له ژێر زه‌ویدا دروستیكردووه و كارێكی كردووه، هێندێكجار ده‌وترێت سه‌ربازه ئیسرائیلییه‌كان له‌گه‌ڵ وه‌همدا ده‌جه‌نگن، بێئه‌وه‌ی هیچ ئامانجێك به‌دی بكه‌ن، ته‌قه ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له گرته ڤیدیۆییه‌كانی سوپای ئیسرائیل‌دا ده‌ركه‌وتووه.
خاڵی به‌هێزی حه‌ماس له شه‌ڕدا ئه‌و كاته ده‌ركه‌وت، كه شانازی پیشه‌سازی سه‌ربازی سوپای ئیسرائیل، واته تانكی "مێركاڤا 4"یان سوتاند.
جۆری چه‌كه‌كان:
* موشه‌كی یاسین 105: دژه تانك و زرێپۆشه، سه‌رێكی جه‌نگی هه‌یه، دوو بارگه (حه‌شوه)ی پێوه‌یه، دوو جار ده‌ته‌قێته‌وه. جاری یه‌كه‌میان به ڕووپۆشه گوله‌نه‌بڕه‌كه‌ی تانكدا و جاری دووه‌میش كاتێك حه‌شوه‌كه‌ی ناوی ئاگر ده‌گرێت و توانای موشه‌كه‌كه بۆ بڕینی ڕووپۆشه گوله‌نه‌بڕه‌كه زیاد ده‌كات و به چه‌كی مامناوه‌ندی "ئاڕ پی جی" ده‌ته‌قێنرێت.
یاسین 105 به‌كارهێنان و گواستنه‌وه و هه‌ڵگرتنی ئاسانه.
* بۆمبی كرده‌ی فیدایی: بۆمبێكی بارگه‌كراوه به مادده‌ی به‌هێزی ته‌قینه‌وه، له شێوه‌ی بۆمبی موگناتیسی، ده‌لكێنرێت به ده‌رگای كڵۆمدراو و زنجیری تانك و زرێپۆشه‌كان و ده‌رگای ئۆتۆمبێله سه‌ربازییه‌كانه‌وه.
* بۆمبی ده‌ستی شه‌واز، مه‌به‌ست لێی ئه‌و بۆمبه كڵپه‌دارانه‌یه، كه له توانایاندایه تانك و زرێپۆش بسوتێنن، حه‌ماس په‌ره‌ی پێداون و هه‌ر بۆمبێكیان 3.5 كیلۆگرام مادده‌ی به‌هێزی ته‌قینه‌وه‌یان تێده‌ئاخنرێت.
* درۆنی بۆمبڕێژكراوی "زه‌واری" و "شیهاب": زه‌واری به ناوی ئه‌ندازیاری درۆن محه‌مه‌د زه‌واری ناونراوه و توانایه‌كی به‌هێزی بۆ پێكانی ئامانجه‌كانی هه‌یه. شیهابیش هاوشێوه‌ی درۆنه ئێرانییه‌كانه و له لایه‌ن ئه‌ندازیارانی حه‌ماسه‌وه په‌ره‌ی پێدراوه و توانراوه بڕێكی زۆرتر له مادده‌ی ته‌قینه‌وه‌ی پێوه ببه‌سترێت و به‌ره‌وه ئامانجه‌كانی ئاراسته بكرێت.
* موته‌به‌ڕ 1: سیستمێكی به‌رگری ئاسمانییه، موشه‌كی زه‌وی – ئاسمان له خۆ ده‌گرێت، به‌كارده‌هێنرێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێلیكۆپته‌ر و فڕۆكه‌ی جه‌نگی. ناوه‌كه له قورئان وه‌رگیراوه و به مانای له‌ناوبه‌ر، یان شكێنه‌ر و به‌هیلاكبه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت.
* سیستمی پێشكه‌وتووی چاودێری ئاسمانی: تۆڕێكی فراوانی كامێرای شاراوه‌یه، كه به وزه‌ی خۆر كار ده‌كه‌ن و له هه‌موو ناوچه‌كانی كه‌رتی غه‌ززه دانراون به مه‌به‌ستی چاودێریكردنی ئاسمانی ناوچه‌كه.
* نیشانه‌شكێنی "غۆل": چه‌كێكی 14.5 ملیمه‌تره و توانای پێكانی ئامانجی له دووری 2000 مه‌تر هه‌یه و به درێژترین تفه‌نگی نیشانه‌شكێن له جیهاندا داده‌نرێت.
دیارترین چه‌كه‌كانی ئیسرائیل
جیاواز له حه‌ماس، سوپای ئیسرائیل ده‌ستی به پێشكه‌وتووترین چه‌كی وێرانكه‌ری ئه‌مه‌ریكایی و ئه‌وروپایی ڕاده‌گات. وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له پێشه‌وه‌ی وڵاتانی خۆرئاوایه له دابینكردنی بۆمبی زیره‌ك و چه‌كی وێرانكه‌ر بۆ سوپای ئیسرائیل بۆ ئه‌وه‌ی له شه‌ڕی غه‌ززه به‌كاریان بهێنێت.
هه‌ریه‌ك له موشه‌كه‌كانی كڵاوه‌ی ئاسنین، تانكی مێركاڤا 4، بلدۆزه‌ری سه‌ربازی ئێن 9، فڕۆكه‌ی جه‌نگی نه‌وه‌ی نوێی ئێف 16 و ئێف15 و هێلیكۆپته‌ری ئه‌پاتچی و ژماره‌یه‌كی زۆری درۆنی وه‌ك هیرۆن تی بی و هیرمیس، له پاڵ تانك و زرێپۆش و تۆپی قورس و چه‌كی ئۆتۆماتیكی سه‌ربازه‌كان، له شه‌ڕدا به‌كارده‌هێنێت.
* پێوه‌دانی ئاسنین: هاونێكی 120 ملمه، زۆر به وردی ئامانجه‌كه‌ی ده‌پێكێت.
* تیشكده‌ره‌وه‌ی ئاسنین: به قه‌ڵغانی تیشكی ناوده‌برێت، تیشكی به‌هێزی لیزه‌ره و بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی موشه‌ك و تۆپی كورتمه‌ودا و درۆن به‌كارده‌هێنرێت.
* ئێف35: له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئیسرائیل ته‌نیا وڵاته ئه‌و جۆره فڕۆكه ئه‌مه‌ریكاییه‌ی هه‌یه، فڕۆكه‌یه‌كی هێرشبه‌ری جه‌نگییه، به جۆرێك دروست كراوه، خۆی له هێرشی موشه‌كی بپارێزێت، كه له زه‌وییه‌وه ئاراسته‌ی ده‌كرێت، ده‌توانێت چوار بۆمب هه‌ڵبگرێت، كه كێشی هه‌ریه‌كێكیان نزیكه‌ی 230 كیلۆگرام بێت و له ڕێگه‌ی لێزه‌ره‌وه ئاراسته ده‌كرێت.
* بۆمبی Bunker Busters"": به‌كارده‌هێنرێت بۆ خاپوركردنی تونێل و پێكانی ئامانج له ژێر زه‌ویدا.
* بۆمبی جی بی ی‌و 72 و 28: دوو بۆمبی وێرانكه‌رن و له توانایاندا هه‌یه په‌ناگه و حه‌شارگه زۆر مه‌حكه‌مه‌كان وێران بكه‌ن، به بۆمبی سوتێنه‌ری زه‌وی ناوده‌برێن.
* هیرۆن تی بی: فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وانی ئه‌ڵمانییه و دراوه‌ته سوپای ئیسرائیل.
* موشه‌كی سبایك: موشه‌كێكی به‌هێزی سوتێنه‌ره و كاتێك به‌ر ئامانجه‌كه ده‌كه‌وێت هه‌زاران پارچه‌ی لێ ده‌بێته‌وه و هه‌ر پارچه‌یه‌كی له توانایدایه مرۆڤ بكاته دوو كه‌رت.
* ئایرۆن ستینگ: سیستمێكی پێشكه‌وتی سوپای ئیسرائیله، له 21ی تشرینی دووه‌می ڕابردوو، بۆ یه‌كه‌مجار به‌كارهێنرا، ده‌توانێت له‌ناو قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆردا، یان ناوچه‌یه‌كی چڕدا به‌و په‌ڕی وردییه‌وه ئامانجه‌كه‌ی بپێكێت. موشه‌كه‌كه له‌سه‌ر زرێپۆشی گواستنه‌وه‌ی سه‌رباز جێگیر ده‌كرێت.
* درۆنی سبارك: كێشی 55 كیلۆگرامه و هه‌ر باڵێكی پێنج مه‌تر درێژه و بۆ ئه‌ركی تایبه‌ت به‌كارده‌هێنرێت.
* بۆمبی ئه‌مه‌ریكایی جدام: توانایه‌كی زۆری وێرانكاری هه‌یه، له ڕێگه‌ی درۆنه‌وه ئاراسته ده‌كرێت، یان وه‌ك سه‌رێكی جه‌نگی به موشه‌كه‌وه ده‌به‌سترێت. شوێنه‌وارێكی وێران له دوای خۆی به‌جێده‌هێڵێت.
به گوێره‌ی بۆچوونی شاره‌زای سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكایی پیته‌ر ئه‌لێكس، گۆڕه‌پانی غه‌ززه گۆڕاوه بۆ تاقیگه‌ی مه‌یدانی نوێترین ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی له بواری پیشه‌سازی جه‌نگی، هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل پێی گه‌یشتوون، ئه‌و دوو وڵاته نوێترین داهێنانه سه‌ربازییه‌كانیان له گۆڕه‌پانی غه‌ززه و به‌سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌دا تاقیده‌كه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن ڕاده‌ی كاریگه‌رییه‌كانیان چه‌نده، هه‌روه‌ها گروپه فه‌له‌ستینییه‌كانیش چه‌كی خۆیان له مه‌یدانه‌كه‌دا تاقیده‌كه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بزانن كاریگه‌رییه‌كه‌ی چه‌نده.
به گوێره‌ی به‌دواداچوونه میدیاییه‌كان، له هه‌موو شه‌ڕه‌كانیدا له كه‌رتی غه‌ززه، ئیسرائیل ژماره‌یه‌كی نوێی چه‌ك تاقیده‌كاته‌وه، دواتر ده‌ستده‌كات به فرۆشتنیان به وڵاتانی جیهان.
هه‌رچی چه‌كی فه‌له‌ستینییه‌كانه، له ناوه‌نده سه‌ربازییه‌كاندا، موشه‌كی یاسین 105، كه تێچووه‌كه‌ی ته‌نیا 500 دۆلاره و له توانایدا هه‌یه تانكی مێركاڤا 4ی ئیسرائیلی، كه تێچووه‌كه‌ی 6 ملیۆن دۆلاره تێكبشكێنێت، مایه‌ی تاسان و ڕامانێكی قووڵه.
وردی و كاریگه‌ری توانای یاسین 105 له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كه چه‌كدارانی حه‌ماس به وردی مه‌شقیان له‌سه‌ر كردووه و خاڵی لاوازی زرێپۆش و تانكه ئیسرائیلییه‌كانیان دۆزیوه‌ته‌وه و به ئاسانی ده‌توانن په‌كیان بخه‌ن.