خەرمانەی مانگ لەناو بەرگە هەوای زەویدا دروستدەبێت لە بەرزی 6 بۆ 12 کیلۆمەتر
لوقمان حەوێز
لەسایەی زانستدا ئەمڕۆ لێکدانەوەمان هەیە بۆ زۆربەی هەرە زۆری ڕووداو و دیاردە سروشتیەکان، یەکێک لەو دیاردانەش خەرمانەی مانگە کە (ئیڵۆژن)ە و لە نێو بەرگە هەوای زەویدا ڕوودەدات نەوەک نزیک لە مانگ یان بە دەوری مانگ خۆیدا ڕووبدات، بەڵام بۆ دیدی ئێمە بە دەوری مانگدا دەبینرێت لە هەندێک دۆخی تایبەتیدا، هەندێک جار خۆریش بەهەمان شێوە خەرمانەیەکی ڕەنگاوڕەنگ دەکات لەکاتی خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوون لە شوێنە زۆر ساردەکان.
کەواتە خەرمانەی مانگ Moon halo بریتیە لەو ئەڵقە ڕووناکەی هەندێک جار و لە هەندێک دۆخدا بە دەوری مانگدا دەبینرێت لە شەودا کاتێک مانگ پڕە، ئەو ئەڵقەیە لە نێو بەرگەهەوای زەویدا دروست دەبێت لە بەرزی نێوان 6 بۆ 12 کیلۆمەتر، واتە زۆر نزیکە لە ئێمە بە بەراورد بە دوری مانگ کە تێکڕای دورییەکەی لە زەوی 384 هەزار کیلۆمەترە.
ئەو ئەڵقەیە دەبینرێت لەنێو بەرگەهەوای زەوی بەدەوری مانگ کاتێک لەنێو بەرگە هەوادا لەو بەرزاییە کریستاڵی بەفرینی شەش لای ڕێک لەنێو هەوادا هەیە، تیشکی مانگ کە شکانەوەی تیشکی خۆرە لەسەر ڕووی مانگ کاتێک بەرەو زەوی دێت لەنێو بەرگە هەوادا لەو دۆخەدا کە ئەو کریستاڵانە بە بڕی پێویست هەن لە نێو هەوا ڕووناکی و درەشانەوەی مانگ بەر ئەو کریستاڵانە دەکەون و بڕێکی دوبارە دەشکێتەوە لە نێو هەوادا و بۆ دیدی ئێمە ئەو خەرمانەی دەوری مانگ دروست دەکەن.
لەبەر ئەوەی درەوشانەوەی مانگ بەهۆی شکانەوەی تیشکی خۆرە و شەبەنگی تیشکی خۆریش لە حەوت ڕەنگ پێک دێت بۆیە ئەو ڕەنگانەش بە کزی لەنێو خەرمانەی مانگدا دەبینرێن ئەگەر بە وردی تەماشای بکەین.