سبەى
وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لەئەگەرى رێکنەکەوتن لەگەڵ بەغداد کۆمەڵێک بژاردەیان لەبەردەستە وەک بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردن پرۆسەی سیاسی.
پێشەوا ھەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمى کوردستان رۆژى 11ى ئەیلول بە میدیاى فەرمى پارتى رایگەیاند، حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوەدایە بە گفتوگۆ کێشەکانی لەگەڵ عێراق چارەسەر بکات، چونکە بەپێی یاسا دیاری کراوە ئەرکەکانی هەرێم چییە و پێویستە چی ڕادەست بکات بۆ ئەوەی بەغداش ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.
رونیشیکردەوە، بڕیاری ٥٥٠ ھەیە، کە چەند مەرجێکى بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان دیاریکردووە، بەغداد داھاتی نانەوتی و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکاتە مەرجی ناردنی مووچە.
"ئێمە ھیوامان بە گفتوگۆ ھەیە تا ڕێککەوین، بەڵام ئەگەر نەکرا کۆمەڵێک بژاردەمان لەبەردەمە، وەکو کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی و بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی"، پێشەوا ھەورامی وايوت.
جەختیشیکردوەوە، ئەگەر گەیشتنە ئەو قۆناغە ئەوکات ھیچ گفتوگۆ نامینێت، "حکومەتیش ئەو داھاتەی لەبەردەستی دایە بە عادیلانە بەسەر خەڵکدا دابەشی دەکات، ئەوە باشترە لەوەی پێشێلی زیاتری مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکرێت و وەزیرێک بە کەیفی خۆی بیەوێت وەکو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات."
بەوتەى پێشەوا ھەورامی، لە یاسای ئیدارەی مالی لە ماددەی ٢٩ زۆر بەئاشکرا باس لەوە کراوە گومرگ و باج ٥٠%ی بۆ عێراق بێت، ڕسومات ئەوانەی بەپێی یاساکانی ھەرێمی کوردستان دیاریکراون ١٠٠%ی بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبن، ئەوانەی بەپێی یاسای عێراق جێبەجێ دەکرێن ٥٠%ی بۆ عێراق دەبن، "ئێمە لەوە کێشەمان نییە و لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سەرۆک وەزیران باسی لەوە کردووە ١٠٠%ی ئەو داھاتەمان دەوێت."
باسی لەوەش کرد "ئەنجوومەنی دەوڵەت بڕیار لەسەر ھەرێمی کوردستان نادات، تەنیا ڕایان وەردەگیرێت، ئەویش حکومەتی عێراق داوای کردووە نەک ئێمە، تەنیا بەرچاوڕوونییە و دەدرێتە حکومەتی عێراق، پێشتر دادگای فیدراڵی یەکلایی کردەوە، ئێستاش ئەنجوومەنی دەوڵەت، نازانین دواتریش چی لێ دێت، بۆیە دەستی دەستی پێدەکرێت، بەپێی یاسا ھەمووی دیاری کراوە وڕوون وئاشکرایە."
رۆژى چوارشەممە (10ـی ئەیلوولی 2025) ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داواى لە حکومەتی فیدراڵى کرد پێشنیاری حکومەتی هەرێم بکاتە بنەما بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتی داهاتە نانەوتییەکان کە پشتبەستە بە یاسا فیدڕاڵییەکان و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، تا چیدی نەبێتە ئاستەنگی بەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم.
ئەوە لەکاتێکدایە حکومەتى عێراق یەکلایکردنەوەى ناکۆکییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان لەبارەى داهاتى نانەوتى خستووەتە گۆڕەپانى ئەنجومەنى دەوڵەتەوە، کە بڕواى شارەزایەکى یاسایی یەکلاکردنەوەى ئەو پرسە لەو ئەنجومەنە ئاڵۆزە، لەکاتێکدا لە بنەڕەتدا یەکلایکردنەوەى ناکۆکى نێوان دوو حکومەت بەشێک نییە لەئەرکەکانى.
بڕیارەکەى حکومەتى عێراق لە کۆبوونەوەى رۆژى 9ى ئەیلولدا درا، ئەوەش دواى ئەوەى دوو راپۆرتى جیاجیاى هەرێم و بەغداد لەبارەى داهاتى نانەوتى خرایە بەردەم ئامادەبووانى کۆبوونەوەکە، کە تێیدا هەردوولا جەختیان لەسەر هەڵوێستەکانیان کردووەتەوە.
ئەنجومەنی دەوڵەت دەستەیەکی سەربەخۆیە و لهساڵى 2017 له وهزارهتى دادى عێراق جيابووهتهوه و بووهته دهستهيهكى سهربهخۆ بهپێى ياساى ژماره (71)ى ساڵى 2017 کە ئەرکى سەرەکى یەکلایکردنەوەى پرسە یاساییە ناکۆکەکانى نێوان وەزارەتەکان و دەستە سەربەخۆکانە.
عەبدولقادر ساڵح پسپۆڕى یاسایی بە "سبەى" راگەیاند، یەکلایکردنەوەى ئەو پرسە لەرووى یاساییەوە ئاڵۆزە، ئەوەش لەبەرئەوەى بەپێی یاسا ئەرکەکانى ئەنجومەنەکە زیاتر تایبەتە بە یەکلایکردنەوەى ناکۆکى لەسەر پرسە یاساییەکان لەنێوان وەزارەتەکان و دەستەکان، نەک دوو حکومەت، مەگەر لەیەک حاڵەتدا نەبێت کە پەیوەندیدارە بەوەى دەسەڵاتێکى باڵا داواى بۆچوونى لێبکات لەبارەى پرسێکى جێگەى ناکۆک نەک وەکو ململانێیەک لەنێوان هەرێم و بەغداد.
بەبڕواى ئەو یاساناسە، رەوانەکردنى ئەو پرسە بۆ ئەنجومەنەکە زۆر ورد نییە بەو پێیەى هەریەکە لە هەرێم و بەغداد ناکۆکن لەسەر دەقە یاساییەکانى تایبەت بە داهاتى نانەوتى.
عەبدولقادر ساڵح باسى لەوەشکرد، سەرەڕاى ئەوە بڕیارى دادگاى فیدراڵى هەیە لەبارەى کێشەکانى هەرێم و بەغداد کە کارى پێناکرێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو پرسە رەوانەى ئەنجومەنێک کراوە بۆ ئەوەى بۆچونى خۆى لەبارەیەوە دەرببرێت کە لەرووى یاساییەوە دەکرێت کارى پێبکرێت و دەکرێت کارى پێنەکرێت.
پێشیوایە دەکرا هەرێمى کوردستان بە پشتبەستن بە دەستور و وەک سکاڵایەک ئەو پرسەى بۆ دادگاى فیدراڵى بەرزبکردایەتەوە، کە بڕیارەکانى پابەندکەرە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان "هەرچەندە ئەمە زیاتر ململانێیەکى سیاسییە نەک دادوەریی و یاسایی، قۆڵبادانێکى سیاسییە بۆ ئەوەى بەغداد هەرێم ناچار بکات بچێتەژێر هەژمونییەوە".
بڕیارێکى ئەنجومەنەکە لەبارەى هەرێم
بەپێی بەدواداچوونى "سبەى"، لەنێوان ساڵانى 2022 تا 2024 ئەنجومەنى باڵاى دەوڵەت یەک بڕیارى لەسەر هەرێمى کوردستان دەرکردووە، ئەوەش دواى ئەوەى وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق داواى لە ئەنجومەنەکە کردووە بۆچوونى خۆى بخاتەڕوو لەبارەى پشتبەستن بە بڕوانامەى دکتۆرا و نازناوى زانستى لەلایەن زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لە دامەزراوە فەرمییەکانى عێراق.
ئەنجومەنەکە لە وەڵامەکەیدا جەختیکردووەتەوە، فەرمانی زانکۆیی کە لەلایەن زانکۆکانی هەرێمی کوردستانەوە دەردەچن کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فیدراڵییەوە دانپێدانراون یاسایین و لەتەواوى عێراق پشتیان پێدەبەسترێت.
دەشڵێت، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فیدراڵی ئەو بڕیارانە پەسەند دەکات کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان دەریدەکات سەبارەت بە هاوتاکردنی بڕوانامە بۆ بەکارهێنان لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان، بەمەرجێک پابەندی ئەو ستاندارد و بنەمایانە بن کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پەسەندی کردووە.