دەروازەکانی دۆزەخ؛ ئایا جیهان لەبەردەم جەنگی جیهانی سێیەمدایە؟

#روسیا#پۆڵەندا#ناتۆ#ئۆکراین#ئەوروپا
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • لەچەند رۆژى رابردوودا پۆڵەندا تێکشکاندنى چەند فڕۆکەیەکى بێ فڕۆکەوانى روسی لە ئاسمانى وڵاتەکەی راگەیاند، لەیەکەم رووداوى لەو شێوەیەدا کە وڵاتێکى ناتۆ ئەنجامى بدات بۆ بەرەنگاربوونەوەى روسیا لە ئاسمانى وڵاتەکەى لەدواى سەرهەڵدانى جەنگى ئۆکراین لە ساڵى 2022 ەوە تا ئێستا.
Primary Asset

سبەى

بەرەبەیانی 10ی ئەیلول، رووسیا 19 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە بێلاڕووسیا (هاوپەیمانی مۆسکۆ)ەوە هەڵدا بەرەو قووڵایی ئاسمانی پۆڵەندا، ئەوەش ترسی لاى هاوپەیمانى ناتۆ دروستکرد و فەڕەنسا بڕیاریدا فڕۆکەى جەنگى رەوانەى پۆڵەندا بکات.

مۆسکۆ پاساوی بۆ ئەو رووداوە هێنایەوە و بانگەشەی ئەوەیکرد، کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان "بەهۆی دەستێوەردانی ئەلیکترۆنییەوە لایانداوە". بەڵام شارەزایانی بەرگری ئەم روونکردنەوە بە ناڕاست دەزانن و دەڵێن ئەگەری زۆرە بۆ تاقیکردنەوەی وەڵامدانەوەی ناتۆ بووبێت، دواترین پەرەسەندیش ئەوەیە کە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ناردنی سێ فرۆکەی جەنگی بۆ پاراستنی ئاسمانی پۆڵەندا راگەیاند.

هەندێک لە شارەزایانی رۆژئاوا پێیانوایە ئەوەی روویدا، پەرەسەندنێکی نوێیە و لەم چوارچێوەیەدا، پۆڵەندا چاوەڕێی ئەوە نەدەکرد، کە مۆسکۆ بگاتە سنوورەکانی، بەڵام لە مێژە خۆی بۆ سیناریۆی هاوشێوە ئامادە کردووە.

هاوکات سەرچاوە رووسییەکان باس لەوە دەکەن کە ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی رووسیا ناراستەوخۆ پەیامێکی بۆ پۆڵەندا ناردووە، لە بەرامبەر هاوکاریکردنی ئۆکراینا، کە رەنگە لە کۆتاییدا سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا بخاتەناو ملاملانێ و جەنگێکی گەورەوە.

دوو ساڵ لەمەوبەر، ماریوس بلاسچاک وەزیری بەرگری پۆڵەندا، گرێبەستێکی بۆ کڕینی 486 یەکەی بۆ سیستەمی موشەکی(HIMARS) راگەیاند، کە لەلایەن کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمەریکی دروستدەکرێت.

ئەمە یەکەم رێککەوتنى لەو شێوەیە نییە. پێشتر پۆڵەندا 18 سەکۆی هەڵدانی مووشەکی HIMARS وەرگرتووە، لە گرێبەستێکدا کە بە نزیکەی 414 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

HIMARS ئامێرێکی سەربازی پێنج تۆنە، کە لەسەر بارهەڵگرێک جێگیر دەکرێت و توانای تەقاندنی شەش مووشەکی هەیە بە شێوەیەکی خێرا و یەک لە دوای یەک. لە کاتێکدا کە مووشەکەکان بە شێوەیەکی گشتی مەودای نزیکەی 80 کم هەیە، بەڵام سیستمەکە دەتوانێت مووشەکی تاکتیکی MGM-140 ATACM بە مەودای تا 300 کم بتەقێنێت.

HIMARS بە یەکێک لە پێشکەوتووترین سیستمەکانی تۆپخانەی موشەکی لە جیهاندا دادەنرێت. بە بەڵگەی ئەوەی، کە ئۆکراینییەکان لە ساڵی یەکەمی جەنگدا تەنیا خاوەنی 18 لەو سیستمە بوون. ئەم ژمارەیە کاریگەر بوو لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی رووسیا لە دۆنباس و بەشداری کرد لە ناچارکردنی مۆسکۆ بۆ کشانەوە لە خێرسۆن. 

تەنها لە ماوەی چەند مانگێکدا، لە مانگی حوزەیرانی 2022ەوە، ئەم سیستمە توانی زیاتر لە 100شوێنی گرنگی رووسیا بپێکێت و هێڵەکانی دابینکردنی رووسیا تێکبدات و کۆگاکان و هێزەکانی تۆپخانە لەناوببات، کە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە پشت سەنگەرەکانی رووسیاوە جێگیر ببوون.

خەرجی مێژوویی

لە کاتێکدا لە مانگی نۆڤەمبەردا وڵاتەکە ئاهەنگی سەربەخۆیی خۆی لە یەکێتی سۆڤیەت دەگێڕێت، ماتیۆ موراڤیتسکی، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاند "کار لەسەر پلانێک دەکەن، کە لەکۆتایی ئەم دەیەیەدا ببن بە یەکەم هێز لە ئاستی ئەوروپادا".

لە راستیدا پلانی پۆڵەندا ئەو وڵاتە دەخاتە بەردەم ئاڵنگاری نوێوە، لە کاتێکیشدا کە موراڤیتسکی ئاشکرایکردووە، کە وڵاتەکەی خەرجییە سەربازییەکانی بە رێژەی 4٪ بەرزکردووەتەوە، گریمانەی ئەوە دەکرێت فشار لەسەر ئابوری پۆڵەندا دروستبکات و قەیرانی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت.

باڵادەستى ئاسمانی

هاوشانی کۆمپانیای HIMARS، وڵاتەکە بەنیازە کۆی گشتی نزیکەی 600-700 ئامێری تۆپخانەی خۆبزوێنەری K9 Thunderبەدەستبهێنێت کە دروستکراوی کۆریایە، بەپێی رێکەوتنێک کە لە مانگی ئازاری 2023 راگەیەندرا. ئەم چەکە، هێزی تەقەکردن و مەودای بەرزتر پێشکەش دەکەن، بە بەراورد بە سیستمەکانی تری تۆپخانە و توانای تەقاندنی جۆرە جیاوازەکانی تەقەمەنییان هەیە.

K9 Thunder تایبەتمەندی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی وەک سیستمی دیجیتاڵی و پەیوەندییەکانی تێدایە و ئەم مۆدێلەش قبوڵکردنی بەرفراوانی جیهانی بەدەستهێناوە و بەهۆی کارایی و متمانەپێکراوییەوە هەناردەی چەند وڵاتێک کراوە.

هاوکات پۆڵەندا گرێبەستێکی 4.6 ملیار دۆلاری لەگەڵ ئەمریکا، بۆ کڕینی 32 فڕۆکەی جەنگی F35کردووە. فرۆکەکەیان هەندێکیان رادەستی ئەو وڵاتە کراون، بەڵام پێشبینی دەکرێت تاکو ساڵی 2030 تەواوی فرۆکەکانی بەدەست بگات. بەگشتی لە ئێستادا پۆڵەندا نزیکەی 50فڕۆکەی جەنگی F16بەکاردەهێنێت، بەڵام سوپای پۆڵەندا پێویستی بە فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووترەکان هەیە.

F35 فڕۆکەیەکی جەنگی نەوەی پێنجەم و تاکە کورسی و تاکە بزوێنەرە و بۆ باڵادەستی ئاسمانی و ئەرکەکانی هێرشکردن و سەرجەم ژینگە و کەشوهەواکان دیزاین کراوە. بە یەکێک لە باشترین فرۆکە شەڕکەرەکانی جیهان دادەنرێت. ئەمە جگە لەوەی توانای بەشداریکردنی لە جەنگی ئەلیکترۆنی هەیە، لە رێگەی توانای هەواڵگری و چاودێری و سیخوڕیەوە.

بەهێزترین لە هەموو رویەکەوە

پۆڵەندا یەکەم گوژمەی تانکی ئەبرامزی وەرگرت کە لە مانگی حوزەیرانی 2023 لە ئەمریکا داوای کردبوو، بووە یەکەم وڵاتی ئەوروپا کە دەستی بەم مۆدێلە لە تانک بگات.

لە مانگی تەمموزی ساڵی 2021، پۆڵەندا کڕینی 250 تانکی ئەبرامزی بە بڕی 4.7 ملیار دۆلار راگەیاند. بەدیاریکراوی دوای ساڵێک لە لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا. هاوکات ئەو وڵاتە رەزامەندی دەربڕی لەسەر کڕینی 116 تانکی بەکارهێنراوی دیکەی ئەبرامز و ئامێری پەیوەندیدار بە گرێبەستێکی 1.4 ملیار دۆلار.

تانکی M1 Abrams یەکێکە لە قورسترین تانکەکان کە لە خزمەتی سوپای پۆڵەندایە، کێشی نزیکەی 62 تۆنە. لە ئێستادا تانکی سەرەکی سوپای ئەمریکایە. تانکەکە لولەیەکی سەرەکی 120 ملم بەکاردەهێنێت و زیاتر لە 40 گولە هەڵدەگرێت. بە شێوەیەکی گشتی دوو جۆری سەرەکی تەقەمەنی بەکاردەهێنێت، تەقەمەنی کونکردنی زرێپۆش و تەقەمەنی ئامانجی جۆراوجۆر.

سەنگی ناتۆ پۆڵەندایە

لەگەڵ ئەم پێشکەوتنە سەربازییەی پۆڵەندادا، ئەو پرسیارە دەمێنێتەوە: ئایا بەڕاستی جیهان لەبەردەم جەنگى جیهانى سێیەمدایە؟ 

جەنگی رووسیا لە دژی ئۆکرانیا، کە گۆڕانکارییەکی جیۆپۆلەتیکی گەورە لە ئەوروپادا بەدوای خۆیدا دەهێنێت، سەنگی ناتۆی لە فەرەنسا و ئەڵمانیاوە گواستەوە بۆ وڵاتانی وەک پۆڵەندا و دراوسێکانی لە ناوچەی بەڵتیک.

لە راستیدا پلانەکانی پۆڵەندا بۆ پەرەپێدانی سەربازی خۆی، پێش جەنگی ڕووسیا دژی ئۆکراینایە، بەڵام بێ گومان بەهۆی ئەوەوە خێراتر بوون و بۆ ئاستێکی پێوانەیی فراوانتر بوون. ئەوەی جەنگی رووسیا لە دژی ئۆکرانیا کردی، خێراتر کردنی بوو، یان رەنگە پاساو بن بۆ هەموو ئەو کارانەی پۆڵەندا کردوویەتی و لە داهاتوودا دەیکات.

ئێمە لێرەدا باسی وڵاتێک دەکەین کە سەدان ساڵە چەوساوەتەوە، سنوورەکانی بە شێوەیەک گۆڕاون کە بە دەگمەن لەم جیهانەدا دەبینرێت. زیاتر لە جارێک داگیرکراوە و دابەشکراوە، کە ئابورییەکەی چەندین جار داڕماوە. ئێستاش حکومەتێکی ناسیۆنالیستی چەسپاو و دوژمنێکی ترسناک لەسەر سنووری رۆژهەڵاتیدایە. پرسیارەکەش ئەوەیە ئایا دەتوانێت پەرەسەندنەکانی رووسیا لە دژی پۆڵەندا، ببێتە هۆی ئەوەی ئەوروپا بە سەرۆکایەتی پۆڵەندا بخلیسکێتە ناو جەنگی جیهانی سێیەمەوە یاخود نا؟

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی