نزمترین ئاستى ئازادى رۆژنامەگەرى لە 50 ساڵدا؛ دیموکراسی لە نیوەی وڵاتانی جیهان لەپاشەکشەدایە

#دیموکراسی#جیهان#ئازادى رۆژنامەگەرى#
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بەپێی راپۆرتەکە، ٩٤ وڵات (کەمێک زیاتر لە نیوەی ئەو وڵاتانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە) لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٤ لانیکەم لە یەک نیشاندەری سەرەکی دیموکراسیدا پاشەکشەیان کردووە، لە بەرامبەردا تەنها یەک لەسەر سێی وڵاتان لەم بوارەدا پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە.
Primary Asset

سبەى

لەساڵی رابردوودا دیموکراسی لە نیوەی وڵاتانی جیهان پاشەکشەیکردووە، لەناویاندا ئازادی ڕۆژنامەگەری کە لە ماوەی 50 ساڵدا پاشەکشەیەکى بێپێشینەى بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش بەپێی دوایین هەڵسەنگاندنى پەیمانگاى نێودەوڵەتی بۆ دیموکراسی و هاوکاری هەڵبژاردنەکان کە بنکەکەی لە ستۆکهۆڵمە.

پەیمانگاکە لە راپۆرتێکدا بەناونیشانى "دۆخی دیموکراسی ٢٠٢٥"، رەوشى دیموکراسی ١٧٣ وڵات لە ساڵی ٢٠٢٤دا شیکردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، ٩٤ وڵات (کەمێک زیاتر لە نیوەی ئەو وڵاتانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە) لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٤ لانیکەم لە یەک نیشاندەری سەرەکی دیموکراسیدا پاشەکشەیان کردووە، لە بەرامبەردا تەنها یەک لەسەر سێی وڵاتان لەم بوارەدا پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە.

کیڤن کاساس زامۆرا، سەرۆکی پەیمانگاکە، دۆخی ئێستای دیموکراسی لە جیهاندا بە "نیگەرانکەر" وەسف کرد. ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە هەندێک لە پاشەکشە گەورەکان بەراورد بە ساڵی 2019 لە پێوەرەکانی وەک ئەنجامدانی هەڵبژاردنی باوەڕپێکراو و دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و بەڕێوەبردنی دادپەروەری و بوونی پەرلەمانێکی کاریگەر بووە.

ئەفریقا گەورەترین پشکی دابەزینی دیموکراسی جیهانی بەخۆیەوە بینیوە کە لەسەدا ٣٣یە، ئەوروپا بە ڕێژەی لەسەدا ٢٥ لە پلەی دووەمدایە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی ئەدای دیموکراسی لە جیهاندا نزمترین پلەی هەیە.

هەروەها راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر هەندێک پێشهاتی ئەرێنی، بۆ نموونە بۆتسوانا و باشووری ئەفریقا پێشکەوتنی بەرچاویان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی باوەڕپێکراودا بەدەستهێناوە، هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی گشتییان ئەنجامدا و گۆڕانکارییەکی مێژووییان بەخۆیانەوە بینی.

تاکە وڵات کە لە هەر چوار پێوەرەکەدا کە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە لە پێنج باشترین وڵاتدا بوو، دانیمارک بوو، ئەم نیشاندەرانە بریتی بوون لە نوێنەرایەتی، سەروەری یاسا، بەشداریکردن و مافەکان.

وڵاتانی ئەورویی وەک ئەڵمانیا، سویسرا، نەرویج و لۆکسمبۆرگ لە پێشەنگی ڕیزبەندییەکەدا بوون، هەروەها کۆستاریکا و چیلی و ئوسترالیا پلەیەکى بەرزیان تۆمارکرد.

ئازادی ڕۆژنامەگەریدا بەرتەسک دەبێتەوە

کێڤن کاساس-زامۆرا، سەرۆکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ دیموکراسی و هاوکاری هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، یەکێک لە گرنگترین دەرەنجامەکانی راپۆرتەکە ئەوەیە کە ئاشکرای دەکات لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٤، جیهان "گەورەترین دابەزینی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ماوەی ٥٠ ساڵدا بەخۆیەوە بینیوە.

ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ٤٣ وڵات لە سەرانسەری پێنج کیشوەردا کەمیکردووە لە نێوانیاندا لە  ١٥ وڵاتی ئەفریقی و ١٥ وڵاتی ئەوروپی، کاساس-زامۆرا دەشڵێت" ئێمە هەرگیز دابەزینێکی وەها گەورەمان لە پێوەرێکی دیموکراسیدا نەبینیوە".

ئەفغانستان، بورکینافاسۆ و میانمار کە پێشتر لە خراپترین وڵاتان بوون بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری، گەورەترین دابەزینیان بەخۆوە بینیوە و دوای ئەوان کۆریای باشوور دێت.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ژمارەی ئەو دۆسیانەی ناوزڕاندن کە لەلایەن حکومەتی کۆریای باشوور یان هاوپەیمانە سیاسییەکانییەوە دژی ڕۆژنامەنووسان خراونەتەڕوو، زیادی کردووە. هەروەها ژمارەی هەڵکوتانە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسان لە وڵاتاندا زیادی کردووە.

بەپێی وتەی بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی دیموکراسی و هاوکاری هەڵبژاردنەکان، دابەزینی ئازادیی میدیایی جیهانی بۆ تێکەڵەیەک لە دەستوەردانی قورسی حکومەت، میراتی پەتای کۆڤید-19 و کاریگەرییە نەرێنییە سەرسەختەکانی زانیاری ساختە دەگەڕێتەوە. 

کاساس زامۆرا دولێت، لە هەندێک حاڵەتدا حکومەتەکان پاساوى زانیارى ساختە وەک بیانوویەک بۆ سەرکوتکردنی ئازادی میدیا بەکاریدەهێنن.

لە ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی دیموکراسی و ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ئەمریکا، تەنها داتاکانی پێش هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥دا شیکرانەوە، بەڵام پەیمانگاکە ڕایگەیاندووە، ئەو حاڵەتانەی لەبەرچاو گرتوە کە ئیدارەی ترەمپ  ژمارەیەک دامەزراوە کە دیموکراسی ئەمریکایان لە قاڵب داوەی تێکداوە یان هەڵوەشاندووەتەوە.

بەڕێوەبەری پەیمانگاکە هەندێک لە ڕووداوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤ و چەند مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ بە رووداوگەلێگ دژ بە دیموکراسی ناو دەبات.

کاساس زامۆرا هۆشداریش دەدات، ئەمە ئاماژەیەکی باش نییە بۆ دیموکراسی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بەو پێیەی ئەوەی لە ئەمریکا ڕوودەدات دەتوانێت کاریگەری جیهانی هەبێت.

لە ریزبەندی راپۆرتەکەدا، ئەمریکا لە پێوەرەکانی "نوێنەرایەتی" لە پلەی ٣٥ و لە پێوەرەکانی "مافەکان" لە پلەی ٣٢دایە، کە کەمترە لە زۆرێک لە وڵاتان و ئەمریکا تەنها لە پێوەرەکانی "بەشداریکردن"دا نمرەی بەرزی بەدەستهێناوە و لە پلەی شەشەمدایە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی