سبەى
پزیشکێکى چارەسەرى شێرپەنجە رایگەیاند، ڤاکسینی نوێی شێرپەنجە توانای بچووککردنەوەی گرێکانی هەیە و تەمەنی نەخۆشەکان درێژ دەکاتەوە.
ئەلێکساندەر سێریاکۆڤ پزیشکى روسى پسپۆڕ لە چارەسەرى شێرپەنجە ئاماژەى بەوەکرد، ئەم ڤاکسینە لە قۆناغە پێشکەوتووەکانی شێرپەنجەدا بەکاردەهێنرێت، کاتێک نەخۆشییەکە بە جەستەدا بڵاودەبێتەوە.
وتیشى، سەرەڕای پێشکەوتنی بەرچاو لەم بوارەدا، هیچ پزیشکێکی شێرپەنجە لە جیهاندا ناتوانێت بانگەشەی چارەسەری تەواوەتی بۆ شێرپەنجە بکات، بەڵام ئەم ڤاکسینە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو باشترکردنی دەرئەنجامی چارەسەرکردن.
پزیشکە رووسییەکە روونیشی کردەوە، کە ڤاکسینەکە دەتوانێت جیاوازییەکی راستەقینە دروست بکات بەم شێوەیە: درێژکردنەوەی تەمەنی نەخۆشەکان، باشترکردنی کوالیتی ژیانیان، کەمکردنەوەی قەبارەی گرێکان.
ڤاکسینەکە هێشتا لە قۆناغی کۆتایی پەرەپێدانیدایە و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 3 بۆ 6 ساڵدا بەردەست بێت بەمەبەستی بەکارهێنانی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە.