کۆمسیۆن نوسراوێکی ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێم کرد کە ناتوانن هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکەن

#کوردستان#هەڵبژاردن#کۆمسیۆن
2 ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ساڵ نوێ کراوەتەوە
زانیار بەهادین
پوختە :
  • کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق نوسراوێکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کردووە و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە ناتوانن هەڵبژاردن لە 25ـی شوباتی 2024 ئەنجام بدەن
  • بەپێی زانیارییەکانی سبەی، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نوسراوەکەیدا بۆ سەرۆکایەتی ئاماژەی بە تەواونەکردنی ڕێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە.
  • سبەی زانیویەتی، ئەگەرێکی بەهێزە مانگی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت،
Primary Asset

پەرلەمانی کوردستان دوای 7 مانگ لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ کۆتایهێنان بە کارەکانی / سبەی

سبه‌ی

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق نوسراوێک ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، ناتوانن هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکەن، بەپێی زانیارییەکانی سبەی مانگی ئایاری ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە دیاری دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی سبەی ئەمڕۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق نوسراوێکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کردووە و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە ناتوانن هەڵبژاردن لە 25ـی شوباتی 2024 ئەنجام بدەن

سبەی زانیویەتی، ئەگەرێکی بەهێزە مانگی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، 19ـی ئایاری 2024 کە هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ یادی ڕۆژی بەڕێوەچونی یەکەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەهێزترین ئه‌گه‌ره‌ کە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم لەسەری بگەنە ڕێککەوتن

بەپێی زانیارییەکانی سبەی، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نوسراوەکەیدا بۆ سەرۆکایەتی ئاماژەی بە تەواونەکردنی ڕێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە. 

به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی كۆمیسیۆنه‌وه‌ ده‌ست "سبەی" كه‌وتوون، کۆمسیۆن هێشتا ژمارەیەکی زۆری کارتی بایۆمتری دەنگدەرانی هەرێمی چاپ نەکردووە و ئەم پرۆسەیەش کە لەوڵاتی ئیسپانیا لەلایەن کۆمپانیایەک بەناوی (ئیندرا)وە ئەنجامدەدرێت پێویستی بە کاتە. هەر کاتێکیش پرۆسەی لەچاپدانەکە تەواو بوو، پاشان پرۆسەی گەڕاندنەوە و دابەشکردنی کارتەکان دەستپێدەکات، کە ئەمەش بۆ خۆی کاتێکی زۆری دەوێت، وه‌ك ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ی پێدا.

تۆمارکردنی قەوارە و لیستی پاڵێوراوان ئەم پرۆسەیەش یەکێکە لەو هەنگاوانەی کە دیسان کاتی پێویستە، چونکە بە چەند قۆناغێک ئەنجامدەدرێت، لەوانە تۆمارکردنی لیستی حزب و هاوپەیمانی، تۆمارکردنی لیستی پاڵێوراوان پاشان ناردنی لیستی پاڵێوراوان بۆ  وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم‌ و دەستەی دەستپاکی‌، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە کە هەر پاڵێوراوێک تاوانبار نییە و دەستی نییە لەبەهەدەردانی سامانی گشتی.

کارتی دەنگدان ‌و فۆڕمی ئەنجامەکان بەشێکی گرنگی پرۆسەکەن، پێویستە لەدەرەوەی عێراق  لەیەکێک لەو چاپخانانە چاپ بکرێن کە بەچاپخانەی سکیوریتی ناسراون‌و بابەتەکانی وەک دراو، پول، چەکی بانک، پاسپۆرت و فۆرمی دەنگدان چاپ دەکەن، لەم خاڵەشدا کۆمسیۆن لەرێگای تەندەرەوە ئەو کارە ئەنجامدەدات ‌و لانی کەم پاش ئامادەبوونی دیزاینەکان مانگێکی پێویستە بۆ پرۆسەی لەچاپدان‌ و گەڕاندنەوەی بۆ هەرێمی کوردستان.

لە هەر هەڵبژاردنێکدا، کۆمسیۆن پێویستە هەندێک کەلوپەلی نوێ دابین بکات بۆ وێستگە و ناوەندەکانی دەنگدان، بۆ ئەمەش دیسان لەڕێگەی تەندەرەوە کارەکە ئەنجامدەدرێت ‌و لەپێشوودا هەمیشە یەکێک لە کۆمپانیا چینییەکان ئەو کارەی کردووە، ئامادەکردن ‌و گواستنەوەی ئەم کەلوپەلانەش نزیکی 40 ڕۆژ دەخایەنێت.

جگە لەم خاڵانەش کۆمسیۆن چەندین رێکاری دیكه‌ی هەیە، کە پێویستە ئەنجامیان بدات، وەک وەرگرتنی کارمەندانی ڕۆژی هەڵبژاردن ‌و ڕاهێنانیان کە ژمارەیان نزیکەی 35 هەزار کارمەندە لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەها جیاکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بەشێوەی ئەلکترۆنی‌ و چاپکراو و دابەشکردنیان بەسەر ناوەند و وێستگەکانی دەنگداندا، لەگەڵ دەستنیشانکردن‌ و ئامادەکردنی ناوەندەکانی دەنگدان بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی خۆجێیی هەر پارێزگایەک و دەزگا ئەمنیەکان.

سکاڵاکەی دادگای فیدراڵی ڕێگریەکی دیکە بەردەم هەڵبژاردن

سکاڵای ژمارە 83ـی فیدراڵی /2023 دوو سکاڵای یەکخراون، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون.

هەر دوو سکاڵاکە لەسەر ڕێواس فایەق سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون و سکاڵاکاران داواییان کردوە، دادگای فیدراڵی چەند ماددەیەکی یاسایی ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەموارکراو بە نایاسایی بناسێنێت و ئەو ماددانەی سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە بگەڕێنێتەوە سەر شێوازی پێش هەموارکردنەوەیان.

ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەموارکراو کە یەکێتی سکاڵای لەسەر تۆمارکردون

مادەی یەکەم؛ پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت

مادەی نۆیەم؛ هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت

مادەی پانزەیەم؛ بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادەدەکرێن بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.

مادەی بیست و دوو؛ هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە کاندیدەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکەش بکات کە رێژەی ژنانی تێیدا لە 30٪ کەمتر نەبێت.

مادەی 36؛

بڕگەی یەکەم؛ پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشوری تەرخاندەکرێت، کاندیدانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.

دووەم؛ پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێت، کاندیدانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.

سێیەم؛ یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت، کاندیدانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەسەر بنەمای سکاڵاکەی یەکێتی و لەسەر داوای دادگای فیدراڵی عێراق پێشنیازێکی بۆ دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان داوەتە دادگای فیدراڵی عێراق. کۆمسیۆن پێشنیازی کردووە، هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێتە سێ بازنە کورسی پێکهاتەکانیش دابەش بکرێن بەسەر سێ بازنەکە بەم شێوەیە؛ چوار کورسی بۆ سلێمانی، چوار کورسی بۆ هەولێر، سێ کورسی بۆ دهۆک.

ئەمە یەکێکە لە سیناریۆکان و دیار نییە دادگای فیدراڵی قبوڵی دەکات یان ڕەتیدەکاتەوە، چونکە سیناریۆیەکی دیکەش لە بەردەستی دادگاکەدایە تا بڕیار بدات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 1992 بەبێ هەموارکردنەوە بەڕێوەبچێت.

بڕیاربوو ڕۆژی 27ـی کانونی یەکەمی 2023، دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر سکاڵاکە بدات بەڵام ئەو کات ئەندامێکی دادگای فیدراڵی بە سبەی وت، “لەسەر داوای کۆمسیۆن بڕیاردان لەسەر سکاڵاکە بۆ 21ـی کانونی دووەمی 2024 دواخراوە”.

ئەگەر دادگای فیدراڵی لەبەرژوەندی یەکێتی بڕیار بدات دەبێت سیستمی هەڵبژاردن گۆڕانکاری تێدا بکرێت ئەوەش هەڵبژاردنەکەی دوادەخست.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی