وردەکاریی ناکۆکییەکى نوێ؛ بەغداد داواى زیاتر لە 400 جۆر داهات لە هەرێم دەکات

#حکومەتى هەرێم#عێراق#داهاتى ناوخۆ
15 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 14 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (417) رێگا باج ‌و رسومات و کرێ و سزا وەردەگرێت ‌و دەبێتە سەرچاوەی داهاتی نانەوتی
  • حکومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت بەپێی یاساى ئیدارەى دارایی و یاساى بودجە، چەند جۆرێکى داهات بە فیدراڵى دادەنرێن، لەکاتێکدا بەغداد داواى نیوەى سەرجەم داهاتى ناوخۆیی هەرێم دەکات
Primary Asset

رادەستکردنى نیوەى داهاتى نانەوتى، بەشێکە لە دوایین رێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغداد

سبەى

حکومەتى عێراق داواى 50%ى سەرجەم داهاتى ناوخۆیی هەرێمى کوردستان دەکات کە زیاتر لە 400 جۆر لە خۆ دەگرێت، لەکاتێکدا هەرێم دەیەوێت تەنها نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان رادەستى بەغداد بکات.

رادەستکردنى نیوەى داهاتى نانەوتى، بەشێکە لە دوایین رێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغداد کە 17ـی تەمموز لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقەوە پەسەندکرا و بەشێوەیەکى سەرەتایی بە 120 ملیار دینار خەمڵێنراوە، تا ئەوکاتەى لیژنەیەکى هاوبەش داهاتەکان پۆلێن دەکەن و پشکى فیدراڵى تێیدا جیادەکەنەوە.

لەسەر بنەماى ئەو رێککەوتنە حکومەتى هەرێم تا ئێستا یەکجار 120 ملیار دینارى رادەستى بەغداد کردووە و عێراقیش لەدواى رێککەوتنەکەوە یەک مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى خەرجکردووە.

حکومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت بەپێی یاساى ئیدارەى دارایی و یاساى بودجە، چەند جۆرێکى داهات بە فیدراڵى دادەنرێن، لەکاتێکدا بەغداد داواى نیوەى سەرجەم داهاتى ناوخۆیی هەرێم دەکات.

ئەو داهاتانەى هەرێم بە فیدراڵى دایان دەنێت پێکهاتوون لە، دەروازەکان، فڕۆکەخانەکان، هەندێ جۆرى باج و گومرگ، پاسپۆرت و رەگەزنامە، لەکاتێکدا بەوتەى رێباز حەملان یاریدەدەرى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم بەغداد داواى نیوەى داهاتى سەرجەم وەزارەتەکان دەکات.

رێباز حەملان رۆژى 9ـى ئاب بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند، داهاتى ناوخۆ بووەتە کێشە، عێراق داواى 50%ى هەموو داهاتى ناوخۆ دەکات، بەڵام ئەوە دژى یاساى ئیدارەى مالى و یاساى بودجەیە، کە بەپێی ئەو دوو یاسایە تەنها داهاتى باج و گومرگ نیوەیان دەبێت بۆ عێراق بێت نەک داهاتى سەرجەم وەزارەتەکان، لەکاتێکدا بەغداد داواى هەمووى دەکات.

حکومەتى هەرێم کۆتایی تەمموزى ئەمساڵ پێشنیازى خۆی بۆ پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی بە پشتبەستن بە یاسای ئیدارەى دارایی و یاسای بودجەی سێ ساڵە ئامادەکرد.

پێشەوا هەورامانى وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشتر رایگەیاندبوو، ئەوان ٥٠%ـى داهاتە فیدراڵییەکان ڕادەست دەکەن کە مانگانە دەوروبەرى 50 ملیار دینار دەکات و حکومەتى عێراق بەوە ڕازى نییە.

جۆرەکانى داهاتى ناوخۆ

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (417) رێگا باج ‌و رسومات و کرێ و سزا وەردەگرێت ‌و دەبێتە سەرچاوەی داهاتی نانەوتی، ئەوەش بەپێی راپۆرتی (پێنجەمی) ڕێکخراوی ستۆپ تایبەت چاودێری و هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم کە ساڵى 2022 بڵاویکردەوە.

سەرچاوەکانی داهاتی ناوخۆ
سەرچاوەى داهاتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان لەدوو سەرچاوەوەیە، کە پێکهاتوون لە داهاتی باجەکان کە بە زۆرەملێ وەردەگیرێت. داهاتی رسومات و کرێی خزمەتگوزاری و سزاکان کە لە بنەڕەتدا نابێت بەمەبەستی زیادکردنی داهات وەربگیرێت، بەڵکو بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لە تێچووی ئەو خزمەتگوزارییانەیە کە حکومەت پێشکەشیان دەکات یان بۆ سەپاندنی یاسا.

داهاتى ناوخۆ لەلایەن سەرجەم وەزارەت و دام و دەزگاکانەوە وەردەگیرێت، بەڵام ئەوانەى زۆرترین داهاتیان هەیە پێکهاتوون لە، دارایی و ئابورى، شارەوانى، داد، ناوخۆ، گواستنەوە و گەیاندن.

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى دارایی هەرێم، ساڵى رابردوو داهاتى ناوخۆ زیاتر لە سێ ترلیۆن و 500 ملیار دینار بووە، کە نزیکەى 400 ملیار دینارى بۆ بەغداد نێردراوە، لەکاتێکدا بەپێی ئامارى وەزارەتى دارایی عێراق داهاتى نانەوتى هەرێم بەپێی تەرازووى پێداچونەوە چوار تریلیۆن و 350 ملیار دینار بووە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی