سبەی
دوو میدیای نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویان کردەوە، هەولێر و بەغداد ئیمزای کۆتاییان لەسەر کۆنوسێک کردووە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەپێی بەرهەمی رۆژانە.
کەناڵی کوردستان بیست و چوار بڵاوی کردەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن و کۆنووسی ڕێککەوتنەکەش لەلایەن زیاتر لە 20 ئەندامی شاندی هەردوولا واژۆی لەسەر کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو میدیای پارتی، کۆبونەوەی شاندی هەردوولا لە رۆژی 17ـی تەمموزەوە دەستی پێکردووە و سەردانی زۆرینەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە، دوای گفتوگۆیەکی زۆر، دوو رۆژ لەمەوبەر لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان رێککەوتوون.
دوای رێککەوتنەکە، چاوەڕوانی گفتوگۆکانی حکومەتی عێراق دەکرێت لەگەڵ تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
هەر لەوبارەیەوە سایتی شەفەق نیوز بڵاوی کردەوە؛ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق رێککەوتون لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەپێی میکانیزمێکی تایبەت.
رێککەوتنەکە بەجۆرێکە، بەپێی بەرهەمی رۆژانە نەوتی هەرێم هەناردەی بکرێت، لەگەڵ 50 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ، ئەوەشی مایەوە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت.
ئاماژەی بەوەکردووە؛ رەشنوسی رێککەوتنەکە لەلایەن شاندی هەردوو وەزارەتەکەوە ئیمزا کراوە و دوای رێککەوتنەکە شاندی وەزارەتی نەوت گەڕاوەتەوە بۆ بەغداد.
سۆمۆ: ئامادەکاریی تەواومان کردووە بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان
عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رۆژی هەینی (8ـی ئابی 2025) رایگەیاند: سەرجەم ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە، گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیاکان و کڕیارەکان کردووە، ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەرکات کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی هەرێم دەستیان بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو کرد.
بەرهەمهێنانی نەوت بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت
ئەمڕۆ چوارشەممە (13ـی ئابی 2025) بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەى نەوتى شێخان لەسنورى پارێزگاى دهۆک دەستیپێکردەوە، بەوەش ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت بۆ زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا هەریەکە لە هەرێم و عێراق و کۆمپانیاکان هێشتا لە کێبڕکێی پچڕینى پشکى زیاتردان لەو بەرهەمە کە بەپێی رێککەوتنى هەرێم و بەغداد دەبێت بەشێکى رادەست بکرێت.
کۆمپانیاى گەڵف کیستۆن رایگەیاند، دواى راوێژکردن لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و هەڵسەنگاندنى ئەمنى، کارکردنیان لە کێڵگەى شێخان دەستپێکردووەتەوە، ئەوەش دواى راگرتنى کارکردن لە کێڵگەکە کە رۆژى 16ـی تەمموز دووجار بە درۆنى بۆمبڕێژکراو هێرشیکرایەسەر.
ئەوە سێیەم کێڵگەیە لەماوەى هەفتەیەکدا بەرهەمهێنانى نەوت تێیدا دەستپێبکاتەوە، دواى کێڵگەکانى ئەتروش و سەرسەنگ کە رۆژى 7ـی ئاب کارکردن تێیاندا دەستیپێکردەوە.
ئاسایی بوونەوە دوای هێرشە درۆنییەکان
دەستکردنەوە بە پڕۆسەى بەرهەمهێنانى نەوت لەو کێڵگانەى پێشتر بەهۆى هێرشە درۆنییەکان و مەترسی ئەمنییەوە بەرهەمهێنان تێیاندا راگیرابوو، بووەتە هۆى بەرزبوونەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان، لەکاتێکدا هێشتا هیچ بڕێکى رادەستى بەغداد نەکردووە بەپێی رێککەوتنەکەى ئەمدواییەى نێوانیان.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت لە ئێستادا گەیشتووەتە نزیکەى 210 هەزار بەرمیل نەوت، کە 50 هەزار بەرمیلى بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی دەبێت و 160 هەزار بەرمیل دەمێنێتەوە، لەو بڕەش نزیکەى 40%ى پشکى کۆمپانیا نەوتییەکانە بەپێی گرێبەستەکانیان لەگەڵ هەرێم و خۆیان سەرپشکن لەوەى چۆن هەناردەى دەکەن.
بە لێدەرکردنى پشکى هەرێم و کۆمپانیاکان نزیکەى 96 هەزار بەرمیل نەوت دەمێنێتەوە، کە رادەستى بەغداد بکرێت، لەکاتێکدا بەپێی رێککەوتنى نێوانیان دەبێت رۆژانە 230 هەزار بەرمیل رادەست بکرێت.
وەزیری نەوت: ئەمڕۆ یان سبەینێ نەوتی هەرێم وەردەگرن
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، كە رۆژی چوارشەممەی رابردوو (6ـی تەمموزی 2025) بەسەردانێک لە كەركوك بوو، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێككەوتوون، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە پەیوەندیدا بوون، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان گەیشتووەتە نزیكەی 130 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
وتیشی: "رێككەوتووین 80 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیان لێ وەربگرین بۆ هەناردەكردن، 50 هەزار بەرمیلیش بۆ پێداویستیی ناوخۆ و كارپێكردنی پاڵاوگەكانی هەرێم دەمێنێتەوە، ئەمڕۆ یان سبەینێ نەوتەكە رادەست دەكرێت."
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەكرد؛ بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێككەوتوون، پابەندین بە وەرگرتنی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی كوردستان، لە قۆناغی یەكەمدا رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوتە، بەڵام بەهۆی هێرشی سەر كێڵگە نەوتییەكان، بەرهەمی هەرێم بۆ 130 هەزار بەرمیل دابەزیووە، قۆناغ بە قۆناغ دەیگەیەننە ئاستی پێویست.
رۆژی چوارشەممە 30ـی تەممووز حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوایین كۆبوونەوەیدا رایگەیاند: ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردەكردن، رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت بەمەبەستی هەناردەكردنی لە ڕێگای بەندەری جەیهانەوە، لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیرانیش، رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ كراوە و لە بەرامبەردا، دەبێت بەغداد مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكات.