باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان / سبەی
سبەی
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جارێکی دیکە دواخرا، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش تەنها شەش مانگی تەمەنی یاسایی ماوە. ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت،" ئەگەرێکی دورە تەمەنی کۆمسیۆن درێژ بکرێتەوە، ئەندامێکی پێشوی ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراقیش دەڵێت، "ئەگەرێکی بەهێزە مانگی ئایار هەڵبژاردن بکرێت".
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە ئەستۆیە، ڕۆژی 3ـی کانونی دووەمی 2024، بە فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردەوە کە ناتوانێت لە ڕۆژی 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات.
ئێستا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق چاوەڕوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات، تا وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستان دیاری بکات. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سورە لەسەر دیاریکردنی وادەیەک کە لە داهاتودا هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەکرێت.
سبەی زانیویەتی، لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتودا ڕۆژێکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشنیاز دەکرێت و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بڕیاری لەسەر دەدات.
بەپێی تەمەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بێت، دەبێت سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەو وادەیەی دیاری دەکات پێش مانگی تەموزی 2024 بێت، چونکە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تەنها شەش مانگ تەمەنی یاسایی ماوە.
ڕۆژی 22ـی تشرینی دووەمی 2023، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا، تەمەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ شەش مانگی دیکە درێژ بکاتەوە تا بتوانێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات.
بەپێی یاسایی کۆمسیۆن ئەنجوومەنى کۆمسیاران لە نۆ ئەندام پێکدێن و ماوەى کارکردنیان بۆ چوار ساڵە، وادەیی یاسایی خۆیان لە 7ـى کانوونى دووەمى 2024، کۆتایی دەهات. بەپێی درێژکردنەوەی تەمەنیشیان بێت وەک لە یاساکەدا هاتووە شەش مانگ تەمەنیان درێژ دەکرێتەوە. واتە لە مانگی تەموزی 2024 تەمەنی یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کۆتایی دێت.
تەمەنی کۆمسیۆن درێژ دەکرێتەوە؟
دارا سێکانیانی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە سبەی ڕاگەیاند،" لە ڕوی یاساییەوە دەتوانرێت جارێکی دیکە داوای درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆن بکرێت بەڵام ئەم بابەتە بە دور دەبینرێت، چونکە درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆن بە دوو ئامانج بووە، ئەوانیش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بووە".
هاوڕێ تۆفیق شارەزای بواری هەڵبژاردن بە سبەی وت،" ئەگەر تا مانگی شەش هەڵبژاردن نەکرا ئەوا ئەم کۆمسیۆنەی ئێستا دەتوانێت هەموو ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە بکات بەڵام ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە ئەستۆی کۆمسیۆنی نوێ بێت کە ئەوەش لە ڕوی یاساییەوە گرفتی نییە".
کەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت؟
بەپێی تەمەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت، پێش مانگی تەموزی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، ئەوەش بەهۆی هەڵبژاردن چەند رێکارێکی دوای ئەنجامدانی پرۆسەکەش لە خۆ دەگرێت کە نزیکەی 45 ڕۆژی پێویستە بەم شێوەیەی خوارەوە.
سەعد کاکەیی ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی کۆمسیارانی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە سبەی ڕاگەیاند،" هەر کۆمسیۆنێک هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدات دەبێت ئەو کۆمسیۆنەش ئەنجامەکان ڕابگەیەنێت، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەڵبژاردن دەکەوێتە سەرەتای مانگی ئایاری 2024".
سبەی زانیویەتی، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆکن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە مانگی ئایاری 2024 و کۆمسیۆنیش ئامادەیە لەو کاتەدا هەڵبژاردن بەبێ گرفت ئەنجام بدات.
هەر بەپێی زانیارییەکانی سبەی، ئەگەرێکی بەهێز هەیە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 19ـی ئایاری 2024 بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکە دیاری بکەن کە ساڵیادی بەڕێوەچوونی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە.
چیرۆکی دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
ڕۆژی 24ـی شوباتی ،2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەرسومێك رۆژی 1ـی تشرینی یەكەمی 2022ـی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد بەڵام لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت یەکێتی و پارتی نەگەشتنە ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو کاتەدا.
ڕۆژی 6ـی تشرینی دووەمی 2022 بەپێی یاسا خولی پێبجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دەهات بەڵام ڕۆژی 9ـى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە.
ڕۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی چەند سکاڵایەکی کرد کە یەکێک لەوانە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بوو. دادگاکە بڕیاری دا کە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە.
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی هەرێمی کوردستانی ناچارکرد بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەهۆی ئەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کارا نەکراوەبەوە بۆیە بەپێی یاسا ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە کەوتە ئەستۆی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
ڕۆژی 12ـی ئابی 2023، سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان داوای لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنی عێراق کردبوو کە ئامادەیی نیشان بدات، بۆ ئەوەی ڕۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، سەرپەرشتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بکات، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە وەڵامی داواکەی سەرۆکایەتی هەریمی کوردستان ڕایگەیاند، ناتوانن لە یەک ڕۆژدا، ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن. ئەو کاتە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی کرد، 18ــی مانگی شوباتی یان ڕۆژانی دواتر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت.
ڕۆژی 25ـی ئابی 2023، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لە مەرسومێکدا داوایانکردوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی 25ـی شوباتی 2024 ئەنجام بدرێت.