بۆچی ئامادەبوون لە قوتابخانە زۆر گرنگە؟ مەترسییەکانی لەدەستدانی ڕۆژێکی خوێندن چین؟

#
یەک ساڵ لەمەوپێش
Primary Asset

چەندین توێژینەوەی زانكۆو ناوەندە پەروەردەییە بە ناوبانگەكان لەدەستدانی رۆژێكی خوێندن بە "مەترسی گەورە" دەزانن لەسەر ئێستاو ئایندەی قوتابیەكان، بەڵام لە هەرێمی كوردستان چەند ساڵێكە پرۆسەی خوێندن بە تەواوی كراوەتە قوربانی بێباكی حكومەت و ناوەندە پەروەردەییەكان و بێ دەنگی دایكان و باوكان.

لە بەشێكی زۆر لە وڵاتانی جیهاندا بە تێکڕا زۆربەی قوتابخانەکان ڕێگە بە نزیکەی ٨ بۆ ١٠ رۆژ ئامادەنەبوونی بێ پاساو دەدەن لە وەرزێکدا یان ساڵێکدا. چونكە بە بروای پسپۆڕانی پەروەردە ئامادەنەبونی تەنها یەك رۆژیش كاریگەری لەسەر دەرەنجامە ئەكادیمییەكانی قوتابی دەبێت. بە تێڕامان لەم پرسە روبەروی ئەنجامی شۆكهێنەر دەبینەوە سەبارەت بە رەوشی خوێندن لە هەرێمی كوردستان. ئایا چۆن قەرەبوی زیاتر لە 4 مانگ خوێندنی قوتابیان دەكرێتەوە؟ دەرەنجامە مەترسیدارەكانی چی دەبن لەسەر ئێستاو ئایندەی ئەو خوێندكارانە؟

لە ئێستادا وڵاتانی پێشكەوتوو بە تەنگ قەرەبوكردنەوەی ئەو رۆژە لەدەستچوانەوەن كە بەهۆی پەتای كۆڤید-19وە خوێندنگاكان داخرابوون. زۆربەی ئەو وڵاتانەی كە خوێندن پایەی سەرەكی پیشكەوتنیانە لە مەترسییەكان تێدەگەن و پێانوایە ئاسەوارەكانی لەدەستچونی چەند مانگێكی خوێندن لە داهاتوودا دەردەكەون. هەربۆیە چەندین توێژینەوەیان لەسەر ئاست و جۆری كاریگەرییەكان ئەنجامداوە. ئەوان پێیانوایە هێشتا پرۆسەی پەروەردە لە قۆناغی چاكبونەوەدایە لەو زەبرەی بەهۆی پەتاكەوە بەریكەوتووە. بەڵام لە هەرێمی كوردستان مەرترسیەكە زۆر گەورەترە، لە ساڵی 2014ەوە هیچ ساڵێك نەبووە بەهۆی بارودۆخی جۆراوجۆرەوە چەندین هەفتەو مانگی خوێندنی قوتابیان نەفەوتابێت.

داتاکان چیمان پێدەڵێن دەربارەی ئامادەبوون لە قوتابخانە؟

بوونی منداڵ لە دەوروبەری مامۆستایان و هاوڕێیان لە ژینگەی قوتابخانەكاندا باشترین ڕێگایە بۆ فێربوون و دەرخستنی تواناکانی منداڵ لە تەمەنی خوێندندا. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئامادەبوون لە قوتابخانە زۆر گرنگە و حکومەت پابەندە بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانەی کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی هەندێک لە منداڵان لە قوتابخانە بێبەش بن. ڕێژەی ئامادەبوون لە سەرجەم قوتابخانەکانی ئینگلتەرا 92.6% بووە لە هەفتەی دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن لە 6ی شوباتی 2023، لە چاو تێکڕای وەرزی پاییز کە 92.1% بووە. مانگرتنی گشتی مامۆستایان لە ئینگلتەرا لە شوباتی ٢٠٢٣ ئەنجامدرا کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕێژەی ئامادەبوون هەبوو. لەو ڕۆژەدا ڕێژەی ئامادەبوون بۆ 43% دابەزی، سەرەڕای ئەوەی 90%ی قوتابخانەکان بە کراوەیی مانەوە. هەروەها نوێترین داتا ڕێژەی ئەو خوێندکارانە نیشان دەدات کە بەردەوام ئامادەنەبوون (ئەوانەی کە 10% یان زیاتر لە وانەكانیان لەدەستداوە). بە درێژایی ساڵ تا ئێستا، 23.4%ی خوێندکاران بە بەردەوامی ئامادەنەبوون – ئەمەش بەهۆی ڕێژەی بەرزی نەخۆشییەوە بوو لە کۆتایی وەرزی پاییزدا.

ئامادەبون چۆن کاریگەری لەسەر دەرئەنجامەکان هەیە بۆ قوتابیان؟

پسپۆڕانی خوێندن و توێژەرانی كۆمەڵایەتی جەخت لەوە دەكەنەوە كە سەرجەم توێژینەوەكان ئەوەیان سەلماندووە ئامادەبوونی منداڵ لە قوتابخانە گرنگە بۆ دەستکەوتی منداڵەکەت و خۆشگوزەرانی و گەشەکردنی فراوانتر. بەڵگەکان دەریدەخەن کە ئەو قوتابیانەی زۆرترین ئامادەبوونیان هەیە بە درێژایی کاتەکانیان لە قوتابخانە باشترین ئەنجامی GCSE و A Level بەدەست دەهێنن. كە دوو تاقیكردنەوەی ستانداردن بۆ هەڵسەنگاندنی ئاست و توانای زیرەكی قوتابییەكان كە ناوەندە ئەكادیمییەكانی ئینگلتەرا كاری پێدەكەن. هەروەها توێژینەوەکان دەریانخستووە ئەو قوتابیانەی ئاستێکی باشتریان هەبووە لە کۆتایی قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیدا، ڕۆژێکی کەمتریان لەدەستداوە بە بەراورد بەوانەی کە ئاستێکی باشیان نەبووە.

داتاکان دەریدەخەن کە لە ساڵی ٢٠١٩دا، منداڵانی قوتابخانە سەرەتایییەكان كە بە تێکڕا چوار ڕۆژی زیاتریان لە ساڵێکی خوێندندا فەوتاوە، ئاستێكی ستانداردی چاوەڕوانکراویان لە خوێندنەوە و نووسین و بیرکاریدا بەدەست نەهێناوە، لە چاو ئەو خوێندكارانەی تر كە هیچ رۆژێكیان نەفەوتاوەو ئەنجامەکانیان لە ستانداردی چاوەڕوانکراو زیاتر بووە.

مەترسییەکانی لەدەستدانی ڕۆژێک لە خوێندن چین؟

تا ئامادەبوونی قوتابی زیاتر بێت، ئەگەری فێربوونی زیاترە و ئەگەری ئەوەی هەیە لە تاقیکردنەوەکان و هەڵسەنگاندنە فەرمیەکاندا باشتر دەربکەوێت. داتاکانی ساڵی 2019 قوتابخانەکانی ئینگلتەرا دەریدەخەن کە 84%ی قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی کە 100% ئامادەبوونیان هەبووە ستانداردی چاوەڕوانکراویان بەدەستهێناوە، بە بەراورد لەگەڵ ئەو قوتابیانەی کە بەردەوام ئامادەنەبوون لە سەرانسەری قۆناغی سەرەتاییدا. لە زۆرێك لە وڵاتاندا دایک و باوک و چاودێران ئەرکی یاسایییان لەسەر شانە کە دڵنیابن لەوەی منداڵەکەت پەروەردەیەکی تەواو بەدەست دەهێنێت. بەگشتی ئەوە بە واتای چوونە قوتابخانە لە تەمەنی ٥ بۆ ١٦ ساڵییەوە دێت. تەنها ژمارەیەکی کەم لەو بارودۆخانە هەن کە ئامادەنەبوونی ڕۆژێکی خوێندن ڕێگەپێدراوە. منداڵەکەت دەبێت هەموو ڕۆژێک ئامادە بێت کە قوتابخانە کراوە بێت، مەگەر:

منداڵەکەت زۆر نەخۆشە و ناتوانێت ئامادەبێت.

پێشوەختە داوات کردووە و مۆڵەتت پێدراوە لەلایەن قوتابخانەوە بۆ ئەوەی منداڵەکەت لە ڕۆژێکی دیاریکراودا ئامادەنەبێت بەهۆی بارودۆخی ناوازە.

منداڵەکەت ناتوانێت لە ڕۆژێکی دیاریکراودا بچێتە قوتابخانە چونکە چاودێری بۆنەیەکی ئایینی دەکات.

ئەمانە تاکە بارودۆخن کە قوتابخانەکان دەتوانن ڕێگە بە منداڵەکەت بدەن کە ئامادەنەبێت.

ئامادەنەبوون لە قوتابخانە کێشەیەکی گەورەترە لەوەی زۆر کەس درکی پێدەکەن

بەشێکی زۆری لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە ئامادەنەبوون لە قوتابخانە زیانبەخشە بۆ فێربوون و دەستکەوتی ئەکادیمی و دەرئەنجامە پەروەردەییەکان. 

بەشی کۆمەڵناسی و سەنتەری زانستەکانی فێربوون (TiCeLS)، لە زانکۆی تیلبۆرگ، لە هۆڵەندا بە بەکارهێنانی داتای کارگێڕی قوتابخانەكان سەبارەت بە ئامادەبوونی ٦٢,٨٤١ خوێندکار لە خوێندنی ناوەندیدا، لێکۆڵینەوەیان لەوەکرد کە ئایا پەیوەندی نێوان ئامادەنەبوون لە قوتابخانە و ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خوێندکار لە کۆتایی ساڵی خوێندندا لەگەڵ کات و هۆکارەکانی ئامادەنەبوون دەگۆڕێت یان نا؟ 

دۆزینەوەکان دەریانخستووە کە ئامادەنەبوون بەبێ بیانوو، ئامادەنەبوون بەهۆی نەخۆشی و دەرکردن لە قوتابخانە، هەموویان کاریگەری نەرێنییان لەسەر دەستکەوتی خوێندنی خوێندکار هەیە. جگە لەوەش، دۆزینەوەکان پێشنیاریان کردووە کە ئامادەنەبوون بەبێ بیانوو لە سەرەتای ساڵی خوێندن و کۆتایی ساڵی خوێندندا زیانێکی زیاتری هەیە. هەروەها پێدەچێت ئامادەنەبوون بەهۆی نەخۆشیەوە لە کۆتایی ساڵی خوێندندا زیانبەخشتر بێت. 

لە کاتێکدا قوتابخانەکان سەرنجیان لەسەر چۆنیەتی یارمەتیدانی خوێندکارانە بۆ چاکبوونەوە لە لەدەستدانی فێربوون کە پەیوەندی بە پەتای كۆرۆناوە هەبووە، پسپۆڕان دەڵێن ئامادەبوونی بەردەوامی خوێندکاران زۆر گرنگە. بەڵام ئامادەنەبوون لە قوتابخانە کێشەیەکی گەورەترە لەوەی زۆر کەس درکی پێدەکەن. تایری پۆلارد، بەڕێوەبەری ئامادەبوون لە قوتابخانەکانی شاری کۆڵۆمبۆس لە ئۆهایۆ دەڵێت: "دایک و باوکان بە کەم سەیر دەکەن کە منداڵەکانیان چەند کات لەدەست دەدەن".

ئامادەنەبوونی درێژخایەن – کە بەگشتی بە ئامادەنەبوونی 10% یان زیاتر لە ساڵی خوێندن پێناسە دەکرێت – پەیوەندی بە کۆمەڵێک دەرئەنجامی نەرێنی ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی-هەستیارییەوە هەیە. 

مایکل گۆتفرید، مامۆستا لە قوتابخانەی پەروەردەی دەرچووانی زانکۆی پێنسیلڤانیا دەڵێت، پەیوەندییەکی راستەوانە لە نێوان ئامادەبوون لە قوتابخانە و دەستكەوتە ئەکادیمییەکانەوە هەیە، "تەنانەت ئامادەنەبونی یەک ڕۆژ پەیوەندی بە کەمبوونەوەی نمرەی تاقیکردنەوەکانەوە هەیە". دەڵێت: “زۆرێك لە دایک و باوکان ئاگاداری ئەوە نین کە ئامادەنەبون لە قوتابخانە چەندە مەترسیدارە بۆ نمرەی تاقیکردنەوەکان.” توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢١ی (گۆتفرید و توێژەر ئاریا ئەنساری) دەرکەوتووە کە منداڵانی باخچەكان تا پۆلی پێنجەم کە زیاتر ئامادەنەبوون، باسیان لە زیادبوونی فشاری پەیوەندیدار بە قوتابخانە و کەمبوونەوەی هەستی سەربەخۆیی و کەمبوونەوەی پاڵنەریان کردووە بۆ ئەركەكانی رۆژانەیان لە چاو هاوتەمەنەکانیان. 

گۆتفرید دەڵێت ئەو خوێندکارانەی کە زۆرجار ئامادەنابن، ڕەنگە هەست بە دابڕان بکەن لە هاوپۆلەکانیان و ئەگەری ئەوە زیاترە کێشەی ڕەفتاریان هەبێت بە بەراورد بەو خوێندکارانەی کە ڕۆژانە بەشداری دەکەن. ئەو تویژەرە باسی لەوەشكرد كە داخستنی بینای قوتابخانەکان لە کاتی کۆڤید-19 بارودۆخی زۆرێک لە خوێندکارانی خراپتر کردوە لەرووی پابەندبوون بە وانەكانەوە، کێشەکانی ئامادەبوون هێشتا ماونەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێموایە ئێمە بە کەم سەیرمان کردووە. پێمان وابوو کە گەڕانەوە بۆ قوتابخانە لە هەفتەیەکدا پێنج ڕۆژ، هەموو شتێک چاک دەکات."

هیچ تویژینەوەیەكی زانستی یان داتایەكی فەرمی سەبارەت بە كێشەكانی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستاندا بەردەست نین، بەڵام بە لێوردبونەوە لە دەرەنجامی توێژینەوەكان و بۆچونی توێژەران، بارودۆخەكە چەند قات بۆ قوتابیانی كورد خراپترە، بەوپێیەی تەنها ئەمساڵ زیاتر لە 4 مانگی خوێندنیان فەوتاوەو هیچ ئاسۆیەكیش نییە بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندنی جدی و قەرەبوكردنەوەی ئەوەی لە كیسچووە. هەربۆیە چاوەرواندەكرێت قوتابیان لە ساڵانی ئایندەدا روبەروی گرفتی گەروی ئەكادیمی و فێربوون ببنەوە، بەجۆرێك لە سەردەمی تەكنەلۆژیاو پێشكەوتندا بەردەوام چەند قۆناغێك لە دواتر بن بەراورد بە هاوتەمەنەكانی خۆیان لە وڵاتانی دەوروبەردا. چونكە وا بۆ نزیكەی 10 ساڵ دەچێت خوێندن لەم هەرێمە بوەتە شتێكی لاوەكی و بێ بایەخ بۆ حكومەت و ناوەندە پەروەردەییەكان خۆشیان.

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی