ئیمامئۆغڵو چاکسازیی یاسایی و کارگێڕی بە پێویست دەزانێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد

#چارەسەرکردنی پرسی کورد#ئەکرەم ئیمامئۆغڵو#ئەحمەد داودئۆغڵو
12 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 12 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • لە کاتێکدا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ بە پێویستی دەزانێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە حکومەتی تورکیا بەبێ دواخستن چاکسازی یاسایی و کارگێڕی ئەنجام بدات؛ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی ئایندە'یش جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت بەربەستەکانی بەردەم هاوڵاتییانی کورد نەهێڵدرێن تاکوو بە زمانی خۆیان بخوێنن و یاساکان بە جۆرێک ڕێک بخرێنەوە ئیدارە خۆجێیەکان بتوانن خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن.
Primary Asset

سبەی

لە کاتێکدا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ بە پێویستی دەزانێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە حکومەتی تورکیا بەبێ دواخستن چاکسازی یاسایی و کارگێڕی ئەنجام بدات؛ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی ئایندە'یش جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت بەربەستەکانی بەردەم هاوڵاتییانی کورد نەهێڵدرێن تا بە زمانی خۆیان بخوێنن و یاساکان بە جۆرێک ڕێکبخرێنەوە ئیدارە خۆجێیەکان بتوانن خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن و کۆتایی بهێندرێت بە دانانی قەییوم لە جێی سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێرداوەکان.

لە میانی کۆنفرانسی "کردنەوەی ڕێی ئاشتی" کە مەبەستی تاتوێکردنی ئەم پرۆسەیەی بۆ چارەسەری پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییان لە تورکیا ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025 دەستی پێ کرد، پەیامی ژمارەیەک لە پارتە سیاسییەکان خوێندرایەوە کە پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن.

هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی لە پەیامەکەیاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە هەر هەوڵێک، زیاتر لە سەرخستنی پرۆسەکە نزیکیان دەکاتەوە و دەڵێن: "برینەکانی گەلی کورد بە دانپێدانان و دیموکراتیزەکردن ساڕێژ دەبن، نەک بە نکۆڵی لێکردن و سەرکوتکردنەوە و قەدەغەکاری و پەراوێزخستن".

لە پەیامەکەی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە تورکیا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هێنانەدی ئاشتی ئەرکی هاوبەشی هەموو لایەکە و دەڵێت "ئاشتی تەنها بە کۆتایی هێنان بە پێکدادانەکان بەدی نایەت. بەڵکو پێویستی بە هێنانەدی دادپەروەری و پێکەوەژیانە بە جیاوازییەکانەوە".

ئۆزگور ئۆزەل سەرنجیشی خستووەتە سەر ئەوەی کە پێویستە بۆ خزمەتکردنی پرۆسەکە زمانێکی نەرم بەکار بهێندرێت لەبری بەکارهێنانی زمانی زبر و ئیستیفزازیانە.

عەلی باباجان، سەرۆکی گشتییی پارتی دەستپێشخەری و دیموکراسی (دەڤا)، وەزیری پێشووتری دەرەوەی تورکیا (2007-2009) جێگری سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا (2009-2015) لە پەیامەکەیدا سەرنجی خستە سەر ئەوەی تەنیا بە دەستبەسەرکردنی ماف و ئازادییەکان و لەسەر بنەمای هاوڵاتیی هاوبەش دەتواندرێت پرسی کورد چارەسەر بکرێت.

لای خۆیشییەوە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ بە پێویستی دەزانێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە حکومەتی تورکیا بەبێ دواخستن چاکسازی یاسایی و کارگێڕی ئەنجام بدات و دەڵێت: "لە کەشێکدا کە ئۆپۆزسیۆن سەرکوت دەکرێتەوە، ناتواندرێت ئاشتی و ئارامی بەدی بهێندرێت".

 ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی ئایندە، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا (2014-2016) و وەزیری دەرەوەی تورکیا (2009-2014) لە پەیامەکەیدا کە بۆ کۆنفرانسەکەی ناردووە 10 پێشنیازی خستووەتەڕوو بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە.

داودئۆغڵو بە پێویستی دەزانێت تورکیا بە چاوی دوژمن بۆ کوردی پارچەکانی دیکە نەڕوانێت و دەستورێکی مەدەنی کە تیایدا ڕێز لە ماف و ئازادییەکان و جیاوازیییەکان بگرێت لە تورکیا بنووسرێتەوە و کۆتایی بە کارکردن بهێندرێت بەو دەستورەی کودەتاچییەکان بەسەر تورکیایاندا سەپاندووە. 

 داودئۆغڵو جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە بەربەستەکانی بەردەم خوێندنی هاوڵاتییانی کورد بە زمانی دایک و فێربوونی زمانی دایک هەڵبگیرێت و سیستەمی ئیدارەی خۆجێیەکان بە جۆرێک ڕێک بخرێتەوە بتوانن خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن و کۆتایی بهێندرێت بە دانانی قەییوم بۆ سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان. 

لای خۆیشیەوە بولەنت ئارینچ، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی تورکیا (2002-2007) و جێگری پێشووی سەرۆکوەزیرانی تورکیا (2009-2015)  پێکهێنانی لیژنەی پەرلەمانی بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان بە مەبەستی ڕەخساندنی زەمینەی یاسایی و سیاسیی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە پێویست دەزانێت و ئاماژە بەوە دەدات کە هێشتا پلان و بەرنامەی حکومەتی تورکیا و مەهەپەی هاوپەیمانی دیار نییە کە چی دەکەن و هێشتا هەنگاوی کردەیییان نەناوە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.  

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی