ئەمەریکا: ئەگەر هەیە لە تورکیا هێرش بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانمان

#ئەمەریکا#عێراق#لوبنان#تورکیا#هێرش#بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا
15 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 15 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوا لە هاوڵاتیانی دەکات سەردانی عێراق نەکەن
  • ئەمەریکا بەدووری نازانێت لە تورکیا هێرش بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانیان
  • سەرجەم کارمەندانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە لوبنان و خێزانەکانیان ئاگادار دەکاتەوە ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن
  • وەزارەتی دەرەوە ستافەکەی لە سعودیە رێنمایی کردووە کە وریایییەکی زیاتریان هەبێت و خۆیان لە گەشتە ناپێویستەکان بۆ شوێنە سەربازییەکان بەدوور بگرن
Primary Asset

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تورکیا

سبەی

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوا لە هاوڵاتیانی دەکات سەردانی عێراق نەکەن. سەرجەم کارمەندانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە لوبنان و خێزانەکانیان ئاگادار دەکاتەوە ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن. بەدووری نازانێت لە تورکیا هێرش بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانیان. داوای لە ستافی دیپلۆماسی وڵاتەکەشی لە سعودیە کردووە وریاییەکی زیاتریان هەبێت و گەشتی ناپێویست بۆ ناوچە سەربازییەکانی ئەنجام نەدەن.

دوای هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە (22ـی حوزەیرانی 2025) وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداریی پلەی چوار (سور) دەداتە هاوڵاتیانی گەشتی عێراق نەکەن بۆ هیچ هۆکار و کارێک، بەهۆی ئەوەی هەستێکی خراپ دروست بووە بەرامبەر سیاسەتی ئەمەریکا.

 بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکا، بەدووری نازانن و ئەگەر هەیە هێرش بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانی لە تورکیا.

ئەو هۆشدارییانەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، پێشتر ئەو وڵاتە نێردە دیپلۆماسییەکانی لە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو کەمکردەوە، بەتایبەتی لە سەروبەندی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.

نێردەی دیپلۆماسی ئەمەریکا لە بەغداد، بەشێکی زۆری فەرمانبەر و کارمەندانی نا سەرەکیی گواستوەتەوە و رێوشوێنەکانی توندترکردوەتەوە و داوای کرد بەهیچ شێوەیەک گەشتەکانیان لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقەوە ئەنجام نەدەن.

بەرپرسێکی ئاگادار لە پرۆسەی گواستنەوەکە، ئاشکرای کردووە، لە رۆژی 12ـی حوزەیران و یەک رۆژ پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پرۆسەی گواستنەوەی فەرمانبەران و کارمەندانی دیپلۆماسی ئەمەریکا لە عێراق دەستیپێکردووە، وەک رێکارێکی خۆپارێزیی لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەڵام کارە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا لە باڵیۆزخانەکەی لە بەغداد و کۆنسوڵخانەکەی لە هەولێر بەردەوامە.

ئەمەریکییەکان لوبنان بەجێبهێڵن

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە رێگەی نامەی ئەلیکترۆنییەوە، ئاگاداری کارمەندان و فەرمانبەرانی وڵاتەکەی لە لوبنان و خێزانەکانیان کردووەتەوە کە بە زوترین کات ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن، بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە سەرەکیی نین، ئەوەش بەهۆی ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەکەوە.

ساڵی رابردوو، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەکدارانی حیزبوڵڵاوە، ئەمەریکا زۆرینەی فەرمانبەران و کارمەندانی دیلۆماسی وڵاتەکەی لە لوبنان گواستەوە، دوای کۆتایی هاتنی هێرشەکان و کەمبوونەوەی ئاڵۆزییەکان بڕیارەکەی هەڵوەشاندنەوە و بەشێکی زۆری کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی گەڕانەوە بەیروت.

هۆشداریی بۆ ئەمەریکیەکان لە سعودیە

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نوێنەرایەتی دیپلۆماسی وڵاتەکەی و ستافەکەی لە سعودیە رێنمایی کردووە کە وریایییەکی زیاتریان هەبێت و خۆیان لە گەشتە ناپێویستەکان بۆ شوێنە سەربازییەکان بەدوور بگرن.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی