سبەی
کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، هۆشداریی سور ئاڕاستەی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات و ئاشکرای دەکات، زۆرینەی کارمەندە ناپێویستییەکانیان لە دوو رۆژی رابردوودا عێراقیان بەجێهێشتووە، بەڵام باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد و کۆنسوڵخانەکەی لە هەولێر بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیان.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر بڵاوی کردەوە، لە رۆژی 12ـی حوزەیرانەوە، نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە عێراق دەستی کردووە بە گواستنەوەی رێکوپێکی ژمارەیەک لە کارمەندانی، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ رێکخستنی کارەکان، رۆژانی 21 و 22ـی حوزەیران بەشێکی زۆریان عێراقیان بەجێهێشتووە، بەڵام باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی گشتی بەردەوامن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیانی ئەمەریکا.
ئاماژەی بەوەکردووە؛ ئەگەری زیادبوونی توندوتیژی یان هێرشکردنە سەر ناوەندە ئەمەریکییەکان و ئەو شوێنانەی کە هاوڵاتیانی ئەمەریکی زۆر سەردانیان دەکەن زیادی کردووە، لە لایەن رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانەوە. بۆ ئەوەش داوا لە سەرجەم هاوڵاتیانی ئەمەریکی لە عێراق دەکەن خۆیان شوێنە قەرەباڵغەکان و ئەو شوێنانە بەدوور بگرن کە بیانییەکان سەردانیان دەکەن.
لەبەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەدا هاتووە: ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکییانەی کە پلانیان هەیە لە ڕێگەی سنووری وشکانییەوە بچنە ناو تورکیا، پێویستە بەرواری پلانەکەیان، شوێنی پەڕینەوەیان، وردەکارییە کەسییەکان (ناو، بەرواری لەدایکبوون، زانیاری پاسپۆرت، دەروازەی سنوور، هەر نیگەرانییەکی پزیشکی/تەندروستی/سەلامەتی) و وێنەیەکی لاپەڕەی بایۆداتای پاسپۆرتەکەیان بنێرن بۆ یەکەی خزمەتگوزاری هاوڵاتیانی ئەمەریکی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنقەرە.
هەروەک دەروازەی سنوریی (ئیبراهیم خەلیل لە دیوی عێراق) بە شێوەیەکی ئاسایی کاردەکات و دەروازەی سنوریی ئوزوملو (سەر زێری لە دیوی عێراق) رۆژانە لە کاتژمێر 08:30 بەیانی تا 5:30 ئێوارە کراوە دەبێت، هەروەها ئەو هاوڵاتییە ئەمەریکییانەی کە پلانیان هەیە لە عێراقەوە لە رێگەی سنووری وشکانییەوە بچنە ناو کوێت، بەرواری پلان بۆ داڕێژراو و شوێنی پەڕینەوەیان و وردەکارییە کەسییەکان (ناو، بەرواری لەدایکبوون، زانیاری پاسپۆرت، دەروازەی سنوور، هەر نیگەرانییەکی پزیشکی/تەندروستی/سەلامەتی، زانیاری پەیوەندیکردن) و وێنەیەکی لاپەڕەی بایۆداتای پاسپۆرتەکەیان بنێرن بۆ باڵیۆزخانەی ئەمەریکا یەکەی خزمەتگوزاری هاووڵاتیانی ئەمەریکی لە کوێت بۆ ئەوەی باڵیۆزخانەکە خێراتر یارمەتیان بدات لە ئەگەری رودانی حاڵەتێکی لەناکاودا و پێویستیشە گەشتیاران پێشبینی دواکەوتنی درێژخایەن بکەن لە دەروازە سنوورییەکان.
جەختی لەسەر ئەوەی کردوەتەوە کە هاوڵاتیانی ئەمریکی نابێت بە هیچ هۆکارێک گەشت بکەن بۆ عێراق و هۆشدرایی ئاستی چوارەمی "گەشت مەکە" بۆ عێراق بەردەوام دەبێت.