مارکۆ روبیۆ
سبەی
ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی هەوڵی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران نادات.
ماركۆ روبیۆ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "فۆكس نیوز" ی ئەمەریكی رایگەیاند:"ئەمڕۆ جیهان ئارامتر و سەقامگیرترە، وەك ئەوەی پێش 24 كاتژمێر هەبوو، ئەوەش بە مانای جەنگ دژ بە ئێران نایەت".
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا وتیشی:"ئەگەر ئێران وەڵام بداتەوە، دەبێتە خراپترین هەڵە كە ئەنجامی بدات، ئەمەریكا ئامانجی گۆڕینی رژێمی ئێران نییە".
روبیۆ جەختیكردەوە "تائێستاش ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، تائێستاش دەستپێشخەرییەكەمان بەردەوامە".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كۆتایی هاتنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانی راگەیاند، ئەو بەرنامەیەی نزیكەی 68 ساڵ لەمەوبەر ئەمەریكا خۆی بەردی بناغەكەی دانا.
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، گورزەكانی بە "خۆپارێزی" وەسف كرد، بەڵام هەڵسەنگاندنەكان لەبارەی زیان و كاردانەوەكانی جیاوازن. هەرچەندە پێت هێگسێت وەزیری بەرگری ئەمەریكا دەڵێت "ئامانجەكەیان بە تەواوەتی پێكاوە و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان لەناوبردووە".
دوای هێرشەكە، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند:"سەركۆنەی هێرشی سەربازیی بۆسەر وێستگە ئەتۆمیەكانمان دەكەین، بەردەوامیش دەبین لە بەرگریكردن لە سەروەری خاكەكەمان وێستگە ئەتۆمیەكانمان ئاشتیانەن".
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی :"هیچ دەوڵەتێكی سەربەخۆ هێرشكردنەسەر خاكەكەی قبوڵ ناكات، هێرشەكەی ئەمەریكا پێشێلكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشە، بۆیە داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەكەین دانیشتنێكی نائاسایی ئەنجام بدات".
"وێستگە ئەتۆمیەكانی ئێران لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدان، داوا لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەكەین ئەركە یاساییەكانی جێبەجێ بكات وەك وەڵامێك بۆ ئەو هێرشە مەترسیدارەی كراوەتەسەر وێستگە ئاشتیانەكانمان". عەراقچی وا دەڵێت.