سبەی
ئۆجەلان داوا لە بارزانی دەکات سەرۆکایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بکات و دڵنیایی پێداوە کە پاڵپشتی لە هەموو هەوڵەکان دەکات بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و پێیوایە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کۆتایی بە دابەشبوونی کورد دەهێنێت.
وەک بەشێک لە بانگەوازەکەی بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی دیدار و نامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە و بەپێیوستی زانیوە لەقۆناغی ئێستادا و لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و داننان بە پێگەی گەلی کورد، بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بە پێویستییەکی بەپەلە دەزانێت و نابێت دوابخرێت.
ئۆجەلان لە دیدار و نامەکانیدا باس لەوەکردووە کە لە ساڵانی (2013-2015) هەوڵی زۆری داوە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، بەڵام هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئەم پرۆسەیە هەبووە.
بەپێی لێکدانەوەکانی ئۆجەلان، دابەشبوونی کورد برینێکی گەورەیە و کورد لاواز دەکات. پێویستە ئەو مەرج و دەرفەتانەی کە هەن بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد سودیان لێ وەربگیرێن و داوای کرد کۆنگرە ببەسترێت.
ئۆجەلان داوای لە پارتە کوردییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، رێکخستنە کۆمەڵایەتییەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان کردووە بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ بەستنی کۆنگرە وەک ئەرکێکی مێژوویی هەڵبگرن.
ئاژانسی هەواڵی میزپۆتامیا بڵاوی کردەوە؛ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە دیدارەکانی پێشووی لەگەڵ شاندی ئیمراڵی پەیامی بۆ حزب و بازنە کۆمەڵایەتییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ناردبوو، لە پەیامە نوێیەکەیدا بۆ بازنەکانی سیاسی کورد لە باکور، باشور، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و رەوەند، جارێکی دیکە داوای کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کردووە.
پەیامی ئۆجەلان بۆ بارزانی
بەپێی ئاژانسەکەی باکوری کوردستان، ئۆجەلان لە ڕێگەی شاندی ئیمراڵییەوە پەیامێکی تایبەتی بۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ناردووە و داوای کردووە سەرۆکایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بکات.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا دڵنیایی داوەتە بارزانی کە پاڵپشتی لە هەموو هەوڵەکان دەکات بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و ئەرکەکانی و پێیوایە رەنگە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کۆتایی بە دابەشبوونی کورد بهێنێت. لەژێر چاودێری کۆنگرەی نەتەوەییدا، پێویستە کۆمیتەی نەتەوەیی هاوبەش و کۆمیتەی زمان و رۆشنبیری و مێژوو دابمەزرێنرێت و بەپێی پێویست لیژنەی نوێ دابمەزرێندرێت.
بەپێویستیزانییوە کۆنگرەی نەتەوەیی هەڵوێستێکی هاوبەش دیاری بکات و لە بەرامبەر هێرشە چاوەڕوانکراوەکان دژ بە بوونی کورد و ناسنامە و زمان و کولتور و جوگرافیادا هەنگاو بنێت.
میزپۆتامیا بڵاوی کردوەتەوە، کە ئۆجەلان رۆڵی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورددا لەبەرچاو دەگرێت و دەبێت بەرپرسیارێتی ئەو پرسە لە ئەستۆ بگرێت.