دوای هێرشەکانی ئەمەریکا؛ نیویۆرک تایمز نوێترین وێنەی ناوەندە ئەتۆمییەکانی بڵاوکردەوە

#ئەمەریکا#ئێران#ناوەندە ئەتۆمییەکان#فۆردۆ#نەتانز#ئەسفەهان#نیویۆرک تایمز#The New York Times
6 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • ئەمەریکا لە رێگەی تایبەترین فڕۆکەی جەنگی و موشەکەوە هێرشی کردە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران. هەرچەندە هێشتا قەبارەی زیانەکان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە، وێنەی هەر سێ ناوەندەکەی دوای هێرشەکان بڵاوکردەوە.
Primary Asset

وێنەی مانگی دەستکردنی هەر سێ ناوەندەکە

سبەی

ئەمەریکا لە رێگەی تایبەترین فڕۆکەی جەنگی و موشەکەوە هێرشی کردە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران. هەرچەندە هێشتا قەبارەی زیانەکان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە، وێنەی هەر سێ ناوەندەکەی دوای هێرشەکان بڵاوکردەوە.

دوێنێ 22ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئەمەریکا هێرشێکی ئاسمانی و بێپێشینەی کردە سەر سێ ناوەندی ئەتۆمی ئێران، فۆردۆ، نەتانز و ئەسفەهان.

سەبارەت بە ئاستی زەرەر و زیانەکان، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پنتاگۆن)، رایگەیاند، هەرچەندە هێشتا زووە بۆ زانینی قەبارەی زیانەکان، بەڵام بەهۆی هێرشەکانەوە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران زیانی زۆریان پێگەیشتووە.

هێرشەکان لە رێگەی حەوت فرۆکەی جەنگی جۆری (B-2)ـەوەوە ئەنجامدراوە، فڕۆکە جەنگییەکان ژمارەیەک بۆمبی تایبەت بە تەقاندنەوەی پەناگەکانەوە زیانی زۆریان بە ناوەندی ئەتۆمی فۆردۆ و نەتانز گەیاندووە، هەروەها ژێردەریاییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە لە رێگەی موشەکی تۆماهۆک و کروزەوە ناوەندی ئەتۆمی نەتانز و ئەسفەهانیان بە ئامانج گرت.

ناوەندی ئەتۆمی فۆردۆ

ناوەندی ئەتۆمی فۆردۆ بە گرنگترین ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆم دادەنرێت، لە قوڵایی چیاکانی شار قوم بنیاتراوە.

وێنەی نوێی مانگە دەستکردەکان دوای هێرشەکەی 22ـی حوزەیران دەریدەخات، بەهۆی هێرشەکانی ئەمەریکاوە شەش کون لە سەرەوەی چیاکان دروست بووە، کە هەر کونێک ئاماژەیەک بە موشەکێک بۆ بە ئامانجگرتنی ناوەندی فۆردۆ.

جگە لە کونەکان، لەسەر رووکاری ناوەندەکە، خاشاکی کۆنکرێتی ناوەندەکە دەبینرێت کە بەشێكی زۆری رووکارەکەی خۆڵەمێشی کردووە.

سەبارەت بە زیانەکان کە بە فۆردۆ گەیشتووە، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا، ئاگادار لە بابەتەکە، رایگەیاندووە، ناوەندی فۆردۆ بە تەواوی لەناونەبراوە، بەڵام هێرشەکان زیانی زۆری پێگەیاندووە. بەرپرسەکە دەشڵێت: "تەنانەت دەیان بۆمبی تایبەتی "تەقینەرەوەی حەشارگەکان" ناتوانێت ناوەندی فۆردۆ بەتەواوی لەناوببات."

ناوەندی ئەتۆمی نەتانز

ناوەندی ئەتۆمی نەتانز، یەکێکە لە گەورەترین سەنتەری پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران. پێشتر چەندینجار لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیراوە.

بەپێی وێنەی مانگە دەستکردەکان، دوو کون لە رووکاری ناوەندەکە بە روونی دەردەکەوێت، ئەوەش واتە بەشێک لە هێرشی دوێنێی ئەمەریکا بۆ سەر بەشی ژێرەوەی ناوەندی نەتانز بووە. 

لە هێرشەکانی 13ـی حوزەیرانی 2025ـی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندەکە ژمارەیەک لە ژێرخانی بەشی سەرەوەی ناوەندەکە بە ئامانجگیراوە. بەپێی راپۆرتی ئاژانسی وزەی ئەتۆم هێرشەکانی ئیسرائیل بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە سەرچاوەی کارەبای ناوەندەکە، ئەوەش دەبێتە هۆی لەناوچوونی سەنتەرفیوجەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم.

سەنتەری بەرهەمهێنان و توێژینەوەی ناوەندنی ئەتۆمی ئەسفەهان

ناوەندی ئەتۆمی ئەسفەهان یەكێکی دیکە بووە لە ئامانجەکانی ئسرائیل و ئەمەریکا، چونکە ئەو دوو وڵاتە باوەڕیان وایە، رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوەندەکە، نزیکە لە رێژەی تایبەت بە دروستکردنی چەکی ئەتۆم، بۆیە لە سەرەتای هێرشەکەی ئیسرائیلەوە، هەروەها هێرشەکەی دوێنێی ئەمەریکا بەردەوام ئەسفەهان بە ئامانج گیراوە.

وێنەی مانگە دەستکردەکان دەری دەخەن هێرشەکەی دوێنێی ئەمەریکا کە لە رێگەی موشەکی تۆماهۆکەوە بۆ سەر ناوەندی ئەتۆمی ئەسفەهان ئەنجامدراوە، زیانێکی زۆری بە ناوەندەکە گەیاندووە.

شارەزایان باوەڕیان وایە ئەگەر زیانەکانی ناوەندەکە زۆر بێت، ئەوا بەرنامەی ئەتۆمی ئێران چەند ساڵێک دوادەکەوێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی