قۆناغەکانى گەشەسەندن و پێشکەوتنى ژمێرەر

یەک ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ساڵ نوێ کراوەتەوە
کۆشان علی
Primary Asset

لەم سەردەمەى ئێستاماندا مۆبایل یەکێکە لە نزیکترین هاوڕێکانى زۆرێک لە ئێمە، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو تەنها ئامێرێک کە تاڕاددەیەک هاوشێوەى مۆبایل لە مرۆڤایەتییەوە نزیک بووبێت دەکرێت ژمێرەر بێت. ژمێرەر لەکوێوە دەستى پێکرد و لەئێستادا لە چ ئاستێکى پێشکەوتندایە؟ هەرچەندە لەم سەردەمەدا مۆبایلەکانمان هێندەى نیوەى لاپتۆپێک دەتوانن کاروبارەکانمان ئەنجام بدەن، ئایا هێشتا پێویستمان بە ژمێرەر هەیە؟!

 

مێژووى ئەو ئامێرە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى میسرى کۆن و سۆمەریەکان (لە ئێستاى عێراق) کە نزیکەى 2000 بۆ 2500 ساڵ پێش زاین ئامێرێکیان داهێنا بەناوى  (ئابەکەس). ئامێرەکە بەشێوەیەکى زۆر سادە لە 10 مروو بە چەند ڕیزێک ڕێکخرابوون و زۆرینەى ئەو ئامێرانە لە تەختە دروستکرابوون.

ئابەکەس یەکەم ئامێرى ژماردن بوو لەمێژووى مرۆڤایەتیدا، لە پاشاندا تەختەى ژماردن کە لە یۆنانى کۆن لە دەوروبەرى ساڵانى300 پێش زاین داهێنرابوو.

بەرلەوە مرۆڤ پەنجەکانى خۆى بەکاردەهێنا بۆ ژماردن، بەتایبەت بۆ کۆکردنەوە.

بەلاتانەوە سەیرنەبێت گەر بڵێین تاوەکو ئێستا لە بەشێک لە وڵاتانى ئاسیا هێشتا ئامێرى ئابەکەس بەکاردەهێنن.

 

ئەو ئامێرە زیاتر لە سێ هەزار ساڵ لە ئەوروپا خزمەتى کرد تاوەکو ساڵى 1617. لەو ساڵەدا بیرکاریزانى سکۆتى جان ناپیە کتێبێکى بڵاوکردەوە لەبارەى ئامێرێکى نوێى ژماردن کە بە ستوونەکانى ناپیە ناودەبرا. ئەو ئامێرە پێشکەوتنێکى گەورەبوو لەو سەردەمەدا بەشێوەیەک کە دەتوانرا هاوکێشەى لێکدان و دابەشکردنى زۆر ئاڵۆز شیکاربکات. هەروەها ڕەگى ژمارەى زۆر گەورە دەربکات و هەنگاوێکى باش بوو بۆ سەدەى17یەم .

 

چەند ساڵێک دواى ئەوە، بیرکاریزانى فەڕەنسى و فەیلەسووف بلەیس پاسکاڵ لە ساڵى 1642دا یەکەم ژمێرەرى میکانیکى داهێنا. ئامێرەکە کە بە پاسکالاین ناسرا، دەیتوانى بەشێوەیەکى سیستماتیکى کۆکردنەوەو کەمکردنەوە ئەنجام بدات. لە پاشاندا بیرکاریزانى ئەڵمانى گۆتفرێد ویلهێڵم لێبنیز ئامێرێکى پێشکەوتووترى داهێنا کە دەیتوانى لێکدان و دابەشکردنیش ئەنجام بدات.

 

ژمێرەرە میکانیکییەکان لە ساڵانى 1940ەکاندا پێشکەوتنى زیاتریان بەخۆیانەوە بینى و شێوەى گونجاوتریان وەرگرت، بەشێوەیەک کە دەتوانرا بخرێتە گیرفانەوە.

چیرۆکێکى سەرنجڕاکێش هەیە لەبارەى یەکەم ژمێرەرى گیرفان لەلایەن کەرت هێرزتارکەوە، کە داهێنەرێکى نەمسایى بوو. لەماوەى جەنگى جیهانى دووەمدا کەرت دیزاینى کەرتاى تەواو کرد، بەڵام بەهۆى ئەوەى باوکى جوو بوو بۆیە ڕەوانەى کامپى زۆرەملێى بوکنڤاڵد کرا. بەڵام زیرەکى و لێهاتوویى لەبوارى میکیانیکیدا ژیانى ڕزگارکرد و نازییەکان مامەڵەیەکى جیاوازیان لەگەڵدا دەکرد و پێیان دەوت "کۆیلەى-زیرەک".

شێوەو قەبارەى ژمێرەرى کەرتا هەم زۆر جوان و هەمیش گونجاو بوو لەو سەردەمەدا. ئامێرەکە تواناى کۆکردنەوە، کەمکردنەوە، لێکدان و دابەشکردنى هەبوو و لەناو لەپى دەستدا جێگەى دەبووەوە. بەهۆى گونجاوى شێوەکەیەوە بۆماوەى چەندین دەیە کەرتا بێ ڕێکابەر مایەوە.

لەوکاتەدا تێچووى هەریەکێکیان نزیکەى 125 بۆ 175دۆلار دەبوو، بەڵام لەئێستادا نرخەکەى لەنێوان 1000 بۆ 2000 دۆلاردایە بەپێى مۆدێل و دۆخى ئامێرەکە.

کەرتا تاوەکو ساڵانى 1960ەکان بەکاردەهێنرا بەتایبەت لەلایەن فڕۆکەوانان وپێشبڕکێى ئۆتۆمبێل، ئامێرەکە بەشێوەیەکى خێرا هاوکێشەى ژماردنى لێکدەدایەوە.

 

با باس لە ژمێرەرى ئەلیکترۆنى و مۆدێرن بکەین

چیرۆکى ژمێرەرى مۆدێرن دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانى ساڵانى 1930 ییەكان، لەوکاتەدا ڕکابەریەکى جیهانیى هەبوو بۆ پێشخستنى تواناى تۆپخانە، چەک و ئامانجى بۆمبەکان و چەندین هۆکارى دیکەى جەنگ وایکرد کە ژمێرەرى زۆر پێشکەوتوو و خێرا و متمانەپێکراو ببێتە پێویستییەکى نادیدە نەکراو.

بەوهۆیەشەوە هێزى دەریایى ئەمریکا و سوپاى بەڕیتانیا و وڵاتانى دیکە چەند سیستمێکى جەنگیى میکانیکیان گەشەپێدا.

لەماوەى جەنگى جیهانى دووەمدا سیستمى دیکەى ئاڵۆز داهێنرا کە تواناى ئەوەى هەبوو کە شیفرەى هێزەکانى دوژمن لێکبداتەوە، کە لەدواجاردا هاتنەکایەى کۆلۆسەس (یان کۆمپیوتەر)ى لێکەوتەوە. لە ساڵى 1946 دا یەکەم ژمێرەرى کۆمپیوتەرى بەرهەمهێنرا بەناوى ئینیاک.

ئەرکى سەرەکى ئەو ئامێرە شیکردنەوەى خشتەى لێکدانەوەى تۆپخانەبوو، بەڵام لەهەمانکاتدا چەندین شیکارى ژمارەشى دەکرد. ئەو ئامێرە هەزار ئەوەندەى ئامێرەکانى سەردەمى خۆى خێراتربوو لە لێکدانەوەى ژمارەکان.

بەڵام، ئامێرەکە زۆر زەبەلاح بوو، کە کێشى 27 تۆن بوو.

 

ئەوەبوو قۆناغ بە قۆناغ پڕۆسەى بچووکردنەوەى ئامێرەکان دەستى پێکرد. لە ساڵى 1961دا لەلایەن کۆمپانیایەکى بەریتانییەوە یەکەم ژمێرەرى تەواو ئەلیکترۆنى بە قەبارەیەکى بچووک بەرهەمهێنرا بەناوى (ئانیتا). ژمێرەرەکە لەڕێگەى دوگمەوە کارى دەکرد و بەتەواوى ئەلیکترۆنى بوو.

سەرەڕاى گرنگى ئەو هەنگاوانە لەوکاتەدا، بەڵام زۆرێک لەو ئامێرانەى لەو سەردەمەدا بەرهەم دەهێنران کێشیان زۆر بوو و لەڕووى نرخیشەوە گران دەکەوتن.

لەوماوەیەدا یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکان داهێنانى کال تێک بوو لەلایەن کۆمپانیاى تەکساس ئینسترومێنت. کە زۆربەئاسانى لە لەپى دەستدا هەڵبگیرێت و بەشێکى زۆر لە کارى ژمێریارى بنەڕەتى ئەنجام بدات و تەنانەت ئەنجامەکانیش لەسەر کاغەز چاپ بکات.

خاڵى وەرچەرخان لە گەشەسەندنى ژمێرەر بەوشێوەى ئێستا هەیە بەهۆى گەشەسەندنى مایکرۆچیپ بوو. بۆئەو مەبەستەش زانایان دەبوو کار لەسەر سێ کێشەى بنەڕەتى بکەن:

١-بۆردى گەورەى ژمێرەرەکە بچووک بکرێتەوە لە مایکرۆچیپدا.

٢-بەشێوەیەک دروست بکرێت کە وزەیەکى زۆرى پێویست نەبێت، بەشێوەیەک کەبتوانرێت بەهۆى پاتریەوە کاربکات.

٣-دیزان و شێوەى هەم بچووک و هەمیش سادەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنى.

لەم قۆناغە نوێیەدا کۆمپانیا ئەمریکییەکان و ژاپۆنییەکان پێکەوە کاریان دەکرد بۆئەوەى بگەن بەو ئەنجامانەى سەرەوە. هەریەکە لە کۆمپانیاى تەکساس ئنیسترومێنت لەگەڵ کانۆن و جێنرەڵ ئینسترومێنت پێکەوە لەگەڵ سانیۆ و ژمارەیەک کۆمپانیاى دیکە جۆرێک لە کارى هاوبەش و هاوپەیمانێتیان ڕاگەیاند.

دواى چەند ساڵێک لە کارکردنى پێکەوەیى، شارپ کیوتى-٨تى-یان بەرهەمهێنا. هەرچەندە وەکو ژمێرەرى ئەم ڕۆژانەى ئەمڕۆمان پێشکەوتوو نەبوو بەڵام بەئاسانى هەڵدەگیرا و دەگوازرایەوەو تواناى بارگاویکردنى هەبوو، لەبەرئەوە داهێنانێکى زۆر گەورەبوو لەوکاتەدا.

دوابەدواى ئەوە شارپ ئى ئێڵ-٨ و کانۆن و سانیۆ ژمێرەرى بچووکیان دروستکرد.

یەکێک لە بەرهەمەکانى دیکەى کۆمپانیاکەى تەکساس بریتى بووە لە تى ئاى-٨٩ کە لەم ساڵانەى دواییدا لە 2004 دروستکراوە و نرخەکەى 285 دۆلارە.

لەساڵانى 1970 كانەوە ساڵ بۆ ساڵ ژمێرەرى بچووکتر دادەهێنرا و تاوەکو ئەوەى ژمێرەرى بچووکى هاندى (ئێڵ ئى -١٢٠) داهێنرا کە شاشەکەى ئێڵ ئى دى بوو و بە پاترى کارى دەکرد.

دواتر هەر ئەو (چیپ)انەى لەبەرهەمهێنانى ئەو ژمێرەرانەدا بەکارهێنران دواتر لە بەرهەمهێنانى کۆمپیوتەرى ئاساییدا بەکارهێنرانەوە.

کێشەیەکى سەرەکى ئەوکاتەى ئەو جۆرە ژمێرەرانە ئەوەبوو کە لەڕووى نرخەوە بۆ کڕیاران گرانبەها بوون.

هەربەوهۆیەشەوە، لە کۆتاییەکانى ساڵانى 1970 کاندا ڕکابەرى بەهێز لەنێوان کۆمپانیا پێشکەوتووەکانى جیهاندا هاتەکایەوە کە هەندێجار بە جەنگى ژمێرەر ناودەبرا. کۆمپانیاکان ڕکابەریان دەکرد لەسەر بەرهەمهێنانى بچووکترین، هەرزانترین و پێشکەوتووترین ژمێرەر.

بەوشێوەیە لەکۆتایەکانى ساڵى 1970 کاندا یەکەم ژمێرەر بەرهەمهێنرا کە بە وزەى خۆر کاریدەکرد.

لە ساڵانى ١٩٨٠کاندا کۆمپانیاى زەبەلاحى ئێچ پى و کاسیۆى تازە لەدایکبوو لەپێشەنگى ڕکابەرى و بەرهەمهێنانى ژمێرەردا بوون.

 

لەگەڵ دەرکەوتنى کۆمپیوتەرى مۆدێرندا ترسێک هەبوو کە ئیتر کۆتایى و مەرگى ژمێرەریش نزیکە.

هەربۆیەشە لەناوەڕاستى ساڵانى 1980کانەوە بەرهەمهێنەرانى ژمێرەر کاریان لەسەر تایبەتمەندى زیاترى ژمێرەر دەکرد بۆئەوەى بتوانن لەڕکابەرى ژمێرەرو ئامێرەکانى دیکەدا لەپێشەنگدا بمێننەوە.

بەوشێوەیە لە ساڵى 1985دا کاسیۆ یەکەم ژمێرەرى گرافیکى بەرهەمهێنا کە پێشکەوتنێکى نوێ بوو. ئەو ژمێرەرە لەوکاتەدا نرخەکەى نرخەکەى 75 دۆلار بوو.

ساڵ بۆ ساڵ پێشکەوتنى نوێ لە ژمێرەردا هاتنەکایەوە، تەنانەت هەژمارکردنى بیرکارى دوو ڕوو و سێ ڕوو و پێشخستنى تواناى ژمێرەر بۆئەوەى بتوانرێت پەیوەست بکرێت بە وایفایەوە.

لەگەڵ دەرکەوتنى کۆمپیوتەردا ژمێرەر هێشتا تواناى ڕکابەرى هەبوو، بەڵام دەرکەوتنى مۆبایل مەترسییەکى نوێ بوو لەسەر ژمێرەر.

یەکەم مۆبایلى بێڵ ساوس/ئاى بى ئێم لەساڵى ١٩٩٢دا دەرکەوت، کە دەیتوانى ئیمەیڵ و ڕۆژمێر و تەنانەت ژمێرەریش لەخۆى بگرێت.

لە ساڵى 1996 یەکەم مۆبایلى زیرەک دەرکەوت، کە بریتى بوولە نۆکیاى ٩٠٠٠، کە تواناى پەیوەست بوونى بە ئینتەرنێتیشەوە هەبوو.

لە ناوەڕاستى ساڵى 2000 ئیتر بەشێوەیەکى بەرفراوان مۆبایلى زیرەک دەرکەوت، بلاکبێرى، ئایفۆن و مۆبایلەکانى سیستمى ئاندرۆید و سیستمى ویندۆز، کە هەموویان ژمێرەریان

لەخۆ دەگرت.

بەڵام هێشتا ژمێرەر نەبووەتە مێژوو، بەڵکو هێشتا فرۆشى زۆرى هەیە و نرخیان بیست سى دۆلارەوە تاوەکو سەدان دۆلارە.

 

بەشێک لە ژمێرەرە مۆدێرنەکان کە توانایەکى بەرفراوانیان هەیە، نرخەکانیان بەمشێوەیەن:

تەکساس ئینسترومێنت تى ئاى-٨٤ نرخەکەى 136 دۆلارە، زۆر گونجاوە بۆپسپۆرانى بوارى بیرکارى و خوێندکارانى کۆلیژ.

کاسیۆ ئێف ئێکس-١١٥ نرخەکەى 17 دۆلارە، دەتوانێت هەژمارى ئاسایى، جەبر و فیزیک و کێشەى سەرژمێرى شیکار بکات.

کاسیۆ ئێف ئێکس-٩٧٥ نرخەکەى 100 دۆلارە، بەکارهێنانى ئاسانترە و بۆ خوێندکارانى کۆلیژ زۆر گونجاوە.

 

بەپێى ئامارەکان لە ساڵى 2020دا کاسیۆ، کە یەکێکە لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانى بەرهەمهێنانى ژمێرەر، 23 ملیۆن ژمێرەرى فرۆشتووە، بەڵام بەهۆى داخستنى ناوەندەکانى خوێندن، لە ساڵى 2021 دا نزیکەى 13 ملیۆن و 400هەزار ژمێرەرى فرۆشتووە.

ساڵى 2006 کاسیۆ بەفەرمى ڕایگەیاند کە ژمارەى فرۆشتنى ژمێرەرەکانیان لەسەرتاسەرى جیهاندا لە مێژووى دەستبەکاربوونیانەوە گەیشتووەتە 1ملیار ژمێرەر.

سەرەڕاى بەربڵاوى مۆبایلى زیرەک و پێشکەوتنى بەرنامەکانى مۆبایل، تاوەکو ئێستا کۆمپانیاى کاسیۆى ژاپۆنى و هاوشێوەکانیان بەهۆى توانا و گونجاوی بەرهەمەکانیان توانیوویانە پێگەى ژمێرەر بپارێزن لە بازاڕى جیهانیدا بپارێزن. بەڵام ئایا ژمێرەر دەتوانێت خۆڕاگربێت لەبەرامبەر زریانى پێشکەوتنەکانى مۆبایلى زیرەک؟!

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی