سبەی
دامەزراوەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ڕەتی دەکاتەوە ئەو جووتە پێڵاوە قاوەییەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەپێی کردبوون، بڕاندێکی بەناوبانگی ئیتاڵیا بن و بە شەش هەزار و 415 دۆلار کڕدرابن.
بینینی جووتەپێڵاوێکی ڕەنگ قاوەیی لە پێی ئەردۆغان، هەر زوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی و تورهان چۆمەز، پەرلەمانتاری پارتیی ئیی بڵاوی کردەوە کە ئەو جووتەپێڵاوە هیی بڕاندی Stefano Ricci و لە چەرمی تیمساح دروست کراوە و نرخەکەیشی 5550 یۆرۆیە (نزیکەی شەش هەزار و 415 دۆلار).
ئەمەیش لە کاتێکدایە بەردەوام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هانی خەڵک دەدات، لەبری کڕینی کاڵاو بەرهەمی هاوردەکراو، ئەو کاڵا و بەرهەمانە بکڕن کە لە نێوخۆی تورکیا بەرهەم دەهێندرێن.
تورهان چۆمەز ئاماژەی بەوەشدا جیاوازی زۆر لە دابەشکردنی داهاتدا هەیە و بۆیە هەژاری تەنگی بە خەڵکی تورکیا هەڵچنیووە و دەڵێت: "بە موچەی یەک مانگی 20 فەرمانبەری خانەنشین، دەتواندرێت ئەو پێڵاوە گرانبەهایانە بکڕدرێن".
دوای بڵاوی کردنەوەی ئەو دەنگۆیانە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی ناڕاست لە دامەزراوەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لەسەر پێڵاوەکانی ئەردۆغان هاتە دەنگ.
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی ناڕاست لە ڕاگەیەندراوێکدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو پێڵاوانەی لەپێی ئەردۆغاندا بیندراون هیی بڕاندێکی تەواو تورکین و ئەو دەنگۆیانەیش باس لەوە دەکەن گوایە پێڵاوەکان هیی بڕاندێکی بیانین و نرخیان 5550 یۆرۆیە، دوورن لە ڕاستیەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان پیشەسازیی نیشتمانیی تورکیا زۆر بەرەوپێش چووە و ئەردۆغان پشتیوانی لەو هەنگاوانە دەکات کە دەبنە هۆی بەهێزکردنی توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و کۆتایی دەهێنن بە وابەستەیی بە بەرهەمی هاوردەکراو.