سبەی
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت ئێران بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام تاران داواکاری قەتەر و عومانی ڕەتکردووەتەوە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل و تا بە تەواوەی بەرپەرچی ئیسرائیل نەداتەوە، دانوستان ناکات.
لە 13ی حوزەیرانەوە ئیسرائیل و ئێران کەوتوونەتە شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکتر و لەو کاتەشەوە سەرۆکی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان لە سەروویانەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا؛ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی بە دانوستان کێشەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە چارەسەر بکرێن و کۆتایی بەو شەڕە بهێندرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 16ی حوزەیرانی 2025 دۆناڵد ترەمپ بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند کە ئێران لەو شەڕەدا سەرکەوتن بە دەست ناهێنێت و دەڵێت: "پێموایە بەر لەوەی زۆر درەنگ ببێت، پێویستە ئێران دانوستان بکات".
ئەمەریکا بە یەک تەلەفۆن دەتوانێت ئیسرائیل ڕابگرێت
لای خۆیەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند ئەمەریکا تەنها بە یەک تەلەفۆن دەتوانێت هێرشەکان بە ئیسرائیل ڕابگرێت و دەڵێت: "ئەگەر ترەمپ بە جیدیەتی دەتوانێت ئەمە بکات، تاکوو ئیسرائیل هێرشەکانی نەوەستێنێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە تۆڵەسەندنەوە".
ترەمپ بەر لەوەی بە مەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی G7 بەرەو کەنەدا بەڕێ بکەوێت، دوێنێ رایگەیاند: "دەبێت ئێران و ئیسرائیل ڕێک بکەون و ڕێکیش دەکەون" و بانگەشەی ئەوەیشی کرد خۆی ئەو دوو وڵاتە دەگەیەنێتە ڕێککەوتن.
ئێران ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل ڕەت دەکاتەوە
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە ئێران بە قەتەر و عومانی ڕاگەیاندووە تاکوو ئیسرائیل بەردەوام بێت لە هێرشەکانی، ئەوا ئامادە نین بۆ دانوستان بە مەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگربەست.
کاربەدەستێک بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "ئێرانییەکان بە نێوەندگیرە قەتەری و عومانییەکانیان ڕاگەیاندووە تاکوو لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل تەواو نەبن، ناچنە ناو دانوستانێکی جیدییەوە".
ئەگەر ترەمپ بیەوێت، دەتوانێت کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت
ئەڵۆن پینکس کە پێشتر ڕاوێژکاری دوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بووە بە BBC ڕاگەیاند ئەگەر ترەمپ بیەوێت دەتوانێت کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت و دەڵێت: "ترەمپ بە پاراستنی متمانە دەتوانێت داوا ئێران بکات شەڕ ڕابگرێت، یان دەتوانێت بە ناتانیاهۆ بڵێت ئیدی بەسە و 24 کاتژمێرت لەبەردەستە بۆ کۆتایی هێنان بەو شەڕە".
ئەڵۆن پینکس ئاماژە بەوە دەدات بەڵام نازانێت ترەمپ یەکێک لەو کارانە دەکات، یان نا.