بەهۆى شەڕى ئیسرائیل و ئێرانەوە گەشتى ئاسمانى لە عێراق و هەرێمى کوردستان راگیراون
سبەى
حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ئەو هاوڵاتییانەى لەوڵاتانى دەرەوە گیریان خواردووە بەهۆى داخستنى فڕۆکەخانەکانەوە، دەتوانن لە رێگەى وەرگرتنى ڤیزای تورکیاوە بگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان.
بەپێی راگەیەنراوێکى حکومەتى هەرێم کە دەست "سبەى" کەوتووە، پێویستە ئەو کەسانە سەردانی نزیکترین نووسینگەی نێردە دیبلۆماسییەکانی تورکیا (کونسوڵخانە یاخود باڵیۆزخانەی تورکیا) بکەن لەو وڵاتانەی کە تێدا گیریان خواردووە، ڕاستەوخۆ ڤیزای ترانزێتی (٣) ڕۆژیان پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتی تورکیا، دواتر بە ڕێگەی ووشکانی دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
دەشڵێت، هەورەها پێویستە ئەو تکێتەی کە پێی دەگەڕێتەوە وڵاتی تورکیا لە ڕێگەی یەکێک لە هێڵە ئاسمانییە تورکییەکان ببڕدرێت و جیاوازی ناکات بۆ هەر فڕۆکەخانەیەکی وڵاتی تورکیا بێت.
لەگەڵ ئەوەشداهاووڵاتیان پێویستە لەو خاڵانەی خوارەوە دڵنیا ببنەوە:
• دڵنیا ببەوە لەوەی کە تکێتەکەت بڕیبێت بەر لە چوونت بۆ کۆنسوڵخانە بۆ وەرگرتنی ڤیزە، چونکە مەرجە تکێتەکەت لە هێڵێکی تورکی بێت تاوەکو سوود لەو کارئاسانییە وەربگری.
• دڵنیاببەوە لەوەی کە (٧٢) کاتژمێرەکەت دوای وادەی دەرچوونت بێت لەو وڵاتە، چونکە ڤیزەکە تەنها بۆ (٧٢) کاتژمێرە.
• پێویستە ئەو کەسانەی کە داواکاری وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتی تورکیا دەکەن، ناویان لە لیستی قەدەغەکراوانی ئەو وڵاتە نەبێت و هیچ پێشینەیێکی نایاساییان لەو وڵاتە لەسەر نەبێت.
• ئەگەر هاتوو پاسپۆرتەکەت، پاسپۆرتی دۆمۆنیکا یاخود هەر پاسپۆرتێکی ترە، پێویستە پاسپۆرتە عێراقیەکەت لەگەڵ خۆت ببەی بۆ نووسینگەی نێردە دیبلۆماسییەکان، تاوەکو سوودمەند بیت لەو کارئاسانییە.
حکومەتى هەرێم جەختدەکاتەوە ئەو کارئاسانییە کاتیە و تەنها تاوەکو کردنەوەی ئاسمانی عێراق بەردەوام دەبێت.