سبەى
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بە ئامانجگرتنی عەلی خامنەیی رابەرى باڵای ئێران کۆتایی بە شەڕی بەردەوامی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەهێنێت کە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو دەستیپێکرد و تا ئێستا بەردەوامە.
ناتانیاهۆ ئەمڕۆ دووشەممە لە وەڵامى پرسیارێکى کەناڵی ABC Newsی ئەمەریکى لەبارەى رەتکردنەوەى پلانى ئیسرائیل لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ کوشتنى خامنەیی و مەترسی هەڵکشانى ئاڵۆزییەکان لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەمە ناکۆکییەکە گەورەتر ناکات، بەڵکو کۆتایی پێدەهێنێت".
وتیشی: "نیو سەدە ململانێمان هەیە لەگەڵ ئەم ڕژێمە کە ترس و تیرۆر لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بڵاودەکاتەوە؛ کێڵگە نەوتییەکانی ئارامکۆی لە سعودیە بۆردومان کردووە؛ تیرۆر و چەوساندنەوە و تێکدان لە هەموو شوێنێک بڵاودەکاتەوە".
"شەڕی هەتاهەتایی ئەوەیە کە ئێران دەیەوێت، ئەوانیش ئێمە دەگەیەننە لێواری شەڕی ئەتۆمی. لە ڕاستیدا ئەوەی ئیسرائیل دەیکات ڕێگرییە لەم کارە، کۆتایی بەم دەستدرێژییە دەهێنێت."
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئیسرائیل بەڕاستی رابەرى باڵاى ئێران دەکاتە ئامانج، ناتانیاهۆ وتی "ئەوەی پێویستە بیکەین دەیکەین، من ناچمە ناو وردەکارییەکان، بەڵام ئێمە زانایانی ئەتۆمی باڵامان کردووەتە ئامانج".
جەختیشیکردەوە، لە بەرژەوەندی ئەمەریکایە پشتیوانی لە ئیسرائیل بکات لە کاتێکدا هەوڵی نەهێشتنی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران دەدات.
"ئەمڕۆ تەلئەبیب سبەی نیویۆرک. سەیرکە، من لە ئەمەریکا تێدەگەم. ئەوان دروشمی 'مەرگ بۆ ئەمریکا' دەڵێنەوە." ئەوە شەڕی چاکەیە دژی خراپەکاری کە ئەمریکا دەیکات، ئەوەش ئەوەیە کە سەرۆک ترەمپ دەیکات، من بە قووڵی پشتگیرییەکەی بەرز دەنرخێنم"، ناتەنیاهۆ وایوت.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها ڕاپۆرتێکی رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵی ڕەتکردەوە لەبارەى ئەوەى ئێران پەیامى بۆ هاوپەیمانەکانى ناردووە کە هەوڵدەدات کۆتایی بە هێرشەکان بهێنێت و دانوستانەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێبکاتەوە.
وتیشى "ئەوان دەیانەوێت بەردەوام بن لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی خۆیان و دروستکردنی جبەخانەی موشەکی بالیستی".
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەى دژایەتى بەشێکى کۆمارییەکان بۆ پشتیوانی سەربازی ئەمریکا بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل دژی ئێران، نەتانیاهۆ وتی "ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو جیهان".
"ئەمەریکا لە بەرگریدا پشتیوانیمان دەکات. بە قووڵی پێزانینمان هەیە. بەڵام ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو جیهان، بۆ سەر ئیسرائیل؛ بۆ دراوسێ عەرەبەکانمان؛ بۆ ئەوروپا؛ بۆ ئەمەریکا. ئەوان دروشمی 'مەرگ بۆ ئەمەریکا' دەڵێنەوە."، ناتەنياهۆ وایوت.