نەخشەی ناوەندی ئەتۆمی فۆردۆ
سبەی
ناوەندی فۆردۆ کە لە قوڵایی چیاکانی شاری قومی ئێراندایە، بووە بە خاڵی بەهێزی تاران بەرامبەر ئیسرائیل. فۆردۆ بەجۆرێک بنیاتنراوە کە بۆمبی تایبەت نەبێت ناتوانێت زیانی پێبگەیەنێت. تەنها ئەمەریکا خاوەندارێتی ئەو جۆرە بۆمبە دەکات کە لەلایەن فڕۆکەی جەنگی تایبەتەوە هەڵدەگیرێت.
بەهێزترین ناوەندی ئەتۆمی ئێران کە بڕێکی زۆر یۆرانیمی تێدا دەپیتێندرێت، فرۆدۆ-یە لە شاری قوم. تەنها هێزەکانی ئەمەریکا ئەو توانایەیان هەیە ناوەندەکە تێکبشکێنن.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی، تەقاندنەوەی ناوەندی فۆردۆ پێویستی بە بۆمبێکی 13 تۆنی هەیە کە بە فڕۆکەی جەنگی ئاراستەی ناوەندەکە بکرێت. تەنها ئەمەریکا ئەو توانایەی هەیە.
ئەمەریکا خاوەنی بۆمبێکە بە ناوی "تەقێنەرەوەی پەناگەکان" (Bunker Buster) تایبەتە بە تەقاندنەوەی ئەو ناوەندانەی لە ژێر زەویدا بنیاتنراون وەک فۆردۆ. ئەو بۆمبە 13 تۆنییە دەبێت بە فڕۆکەی تایبەت هەڵبگیرێت و بهاوێژرێت، تەنها ئەمەریکاش خاوەنی ئەو جۆرە فڕۆکە گەورە بۆمبهەڵگرانەیە، لەوانە وەک بی-2ـی بۆمبهاوێژ (B-2 stealth bomber).
بۆمبەکە رووکارێکی پۆڵای زۆر ئەستووری هەیە و بڕێکی کەمتر لە تەقەمەنی لەخۆدەگرێت لە چاو بۆمبە گشتیەکانی قەبارەی هاوشێوە. بۆمبەکە خاک یان کۆنکرێتی ناوەندەکان دەبڕێت و رووکارە قورسەکە ناهێڵێت تەقەمەنییەکان بتەقنەوە تا دەگەنە قوڵایی خاکەکە، بە ئەو ڕێگەیەش ناوەندە بەهێزەکانی ژێر زەوی دەتەقنەوە.
ئیسرائیل بە تەنها ناتوانێت زیان بە ناوەندی فۆردۆ بگەیەنێت، چونکە توانا سەربازییەکانی سنوردارن. هەرچەندە داوای لە واشنتن کردووە بۆمب و فڕۆکە جەنگییە تایبەتەکەی پێبدات، بەڵام ئەمەریکا رازی نەبووە.
وەک پلانی جێگرەوە، بە وتەی بەرپرسێکی سەربازی کە قسەی بۆ رۆژنامە ئەمەریکییەکە کردووە، سوپای ئیسرائیل بۆ راگرتنی ناوەندەکە، دەتوانێت سەرچاوەکانی وزەی ناوەندەکە لەکاربخات، یان لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی نهێنی بتوانن بە هەر رێگەیەک ناوەندەکە لەکاربخەن.
تاکە رێگە بۆ راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناوبردنی ناوەندی فۆردۆیە، چونکە لە ئازاری 2023، ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی رایگەیاند، رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوەندەکە گەیشتووەتە 83.7%، نزیکە لە 90% کە پلەی پێوستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمە.
سەبارەت بە هۆکاری پێنەدانی بۆمبی "تەقێنەرەوەی پەناگەکان" و فڕۆکەی B-2ـی بۆمبهاوێژ، جەنەراڵ جۆزێف ڤۆتڵ، فەرماندی پێشووی سێنتکۆم لە ئیدارەی پێشووی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: "بۆ ماوەکی زۆرە ئێمە سیاسەتی تایبەت بە خۆمان هەیە کە ئەو بۆمب و فڕۆکە جەنگییە بە ئیسرائیل نادەین، چونکە نامانەوێت بەکاری بهێنن."
لە ماوەکانی رابردوودا، ئیسرائیلییەکان چەندین پلانی جیاوازیان پێشکەشکردووە بۆ بە ئامانجگرتنی ناوەندی فۆردۆ. یەکێک لە پلانەکان کە پێشکەشی ئیدارەی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، کراوە ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت بووە، لە رێگەی دابەزاندی یەکەی تایبەتەوە لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە بۆ ناو ناوەندی فۆردۆ، پاشان چاندنی بۆمب و تەقاندنەوەی ناوەندەکە، ئەوەش بەپێی وتەی بەرپرسێکی پێشووی ئەمەریکا.
ساڵی رابردوو ئیسرائیلییەکان بە پلانێکی هاوشێوە ئۆپەراسیۆنیان لە سوریا بە سەرکەوتوویی بۆ تەقاندنەوەی ناوەندەکانی دروستکردنی موشەکی دوورهاوێژ ئەنجامدا، بەڵام بەپێی وتەی فەرماندە ئەمەریکییەکە، ئۆپەراسیۆنی هاوشێوە دژی فۆردۆ زۆر مەترسیدارە و ئەگەری سەرکەوتنی زۆر نییە.
بەپشتبەستن بە وتەی بەرپرسانی ئەمەریکا، ئێستا کە ئیسرائیل باڵادەستی خۆی بەسەر ئاسمانی ئێراندا سەپاندووە، دەتوانێت بەشێوەیەکی بەردەوام هێرش بکاتە سەر ناوەندەکە، هەرچەندە ئەو هێرشانە دەتوانێت زیان بە فۆردۆ بگەیەنێت و بۆ ماوەیەکی کاتی کاری ناوەندەکە رابگرێت، بەڵام رەنگە نەتوانێت بەتەواوی ناوەندەکە خاپووربکات، چونکە زۆر لە قوڵایی زەویدا بنیاتنراوە.