هاوسەرۆكی دەم پارتی: توركیا ئەگەر دەیەوێت لە زریانەكە رزگاری ببێت رێگاكە ئاشكرایە

#تورکیا#ئێران#ئیسرائیل#کورد
6 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • تونجەر باكرهان باس لەوەشدەكات "بۆ دەربازبوونی توركیا لەم شەڕەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێ و رێبازێكی ئاشكرا هەیە، بە چارەسەری دیموكراتی پرسی كورد دەتوانێت خۆی لەو زریانە رزگار بكات، بەوەی بەدەم بانگەواز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئەو پەیامەوە بچێت كە ئاراستەی كۆنگرەی پەكەكەی كرد".
Primary Asset

تونجەر باکرهان

سبەی

تونجەر باكرهان، هاوسەرۆكی گشتیی دەم پارتی، هۆشداری دەداتە توركیا، "ئەگەر شەڕی ئیسرائیل و ئێران گەورە ببێت شكستی گەورەی جیۆپۆلۆتیكی بەدواوە دەبێت". دەشڵێت "ئەگەر توركیا دەیەوێت لەو زریانە رزگاری ببێت تەنها رێگا چارەسەر دیموكراتییە و رێگاكە ئاشكرایە".

هاوسەرۆكی گشتیی "پارتی دیموكراسی و یەكسانی گەلان " لەمیانی كۆبوونەوەی فراكسیۆنەكەی وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند:"لەكاتێكدا هێشتا لە سوریا ئارامیی بەدینەهاتبوو، بینیمان لە غەززە چی روویدا، لە 13 ی حوزەیران بە شەڕی ئیسرائیل و ئێران شكستێكی گەورە روویدا، كە رەنگە چارەنوسی ناوچەكە بەتەواوەتی بگۆڕێت، بە رێ و رێبازە ئاشكراكان ئەم شەڕە بەڕێوەدەچێت".

وتیشی:"ئەگەر ئەم شەڕە گەورە ببێت لە هەرێمەكە شكستێكی جیۆپۆلۆتیكی گەورە روودەدات، لە سوریا زۆرتر كۆچبەربوون و مردنی مرۆڤەكان دەبینین، دەكرێت ناوچەكە بچێتە ناو شەڕێكی درێژخایەن".

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و لە رێگایەك دەگەڕێت

باكرهان دەڵێت "مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روبەرووی ریسكێكی بومەلەرزەیی بووەتەوە لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە، ئەم شەڕە دەبێت دەستبەجێ كۆتایی بێت، چونكە هیچ سودێكی بۆ فارس و عەرەب و تورك و كورد و جولەكەش نییە، كێشەكان زیاتر زەحمەت دەكات، بۆیە بانگەواز لە هەموو لایەك دەكەین لەدەوری مێزی گفتوگۆ كۆببنەوە".

"كاتێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ هەیە، پێویستە لە توركیا پرسی ئاشتی و چارەسەری بەرەوپێش ببەین، بە وەرگرتنی وانە لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، دەبێت ئیرادەی چارەسەر لە توركیا كە بە بێدەنگی بەڕێوەدەچێت، ئیتر بە ئیرادەیەكی زیاترەوە بەڕێوەبچێت". هاوسەرۆكی دەم پارتی وا دەڵێت.

تونجەر باكرهان باس لەوەشدەكات "بۆ دەربازبوونی توركیا لەم شەڕەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێ و رێبازێكی ئاشكرا هەیە، بە چارەسەری دیموكراتی پرسی كورد دەتوانێت خۆی لەو زریانە رزگار بكات، بەوەی بەدەم بانگەواز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئەو پەیامەوە بچێت كە ئاراستەی كۆنگرەی پەكەكەی كرد".

هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریكا (سی ئای ئەی) هەوڵ دەدات توركیاش ڕابكێشێتە ناو شەڕەكەوە

پێشتر ڕۆژنامەی تەقیوم'ی نزیك لە ئاك پارتیی دەسەڵاتداری توركیا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە:" لە كاتێكدا شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران پێ دەنێتە ڕۆژی پێنجەمیەوە دامەزراوەی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریكا (سی ئای ئەی) هەوڵ دەدات توركیاش ڕابكێشێتە ناو شەڕەكەوە".

ڕۆژنامەكە سەرنجی خستووەتە سەر گوتارێكی مایكڵ ڕۆبن كە گوتوویەتی: "شەڕی ئێران و ئیسرائیل پڕۆڤەیە بۆ شەڕی داهاتوو لە نێوان توركیا و ئیسرائیل".

ڕۆژنامەكە بە جۆرێك ناوی مایكڵ ڕۆبن'ی هێناوە كە گوایە "سیخوڕی سی ئای ئەی" و "دوژمنی توركیا"یە و دەڵێت: "ڕۆبن دەیەوێت توركیا ڕابكێشێتە ناو شەڕەكە و گەشەی پیشەسازیی بەرگریی توركیا بە ئامانج بگیرێت".

ئەمە دوای ئەوە دێت مایكڵ ڕۆبن لە National Security Journal گوتارێكی بە ناوی "ئایا شەڕی ئیسرائیل و ئێران: پرۆڤەیە بۆ شەڕی داهاتوو لەگەڵ توركیا؟" بڵاو كردەوە.

ڕۆبین بە ئاماژەدان بەوەی كە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا بە دامەزراندنی پیشەسازیی بەرگریی ناوخۆیی و لەژێر ناوی كاری مەدەنیدا دەیەوێت بەرنامەی ئەتۆمی دروست بكات و بە سپۆنسەری توركیا پشتیوانی گروپەكانی وەك حەماس و حزبوڵڵا دەكات.

ڕۆبین بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی كە لەگەڵ ئەمانەدا هەڵوێستە نەرێنییەكانی توركیا لەسەر ئیسرائیل، هاوتەریبییەكی مەترسیدار دروست دەكات، گوتی: "نابێت خۆرئاوا هەڕەشەی جیدی توركیا نادیدە بگرێت و هەڵەی شكستە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ ئێران دووبارە بكاتەوە".

ڕۆبین پشتیوانییەكانی توركیا بۆ حەماس لە دژی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە بە "پشتیوانی لە تیرۆر" ناوبردووە و نوسیوویەتی: "توركیا وەك ئەوەی ئێران پێشتر دەیكرد وەك پشتیوانی تیرۆر دەجوڵێتەوە. ئەردۆغان نەك هەر داوای لێبوردنی نەكردووە چونكە پشتیوانی لە حەماس كردووە، تەنانەت ڕێگەی دا بە ئەندامانی حەماس لە بەندەرەكانی توركیاوە پلان بۆ هێرشكردنە سەر دەوڵەتی جوو دابنێن".

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی