لە دوای دەستبەکاربوونی ترەمپەوە ئەمەریکا لە چوار بنکەى سەربازى لە سوریا کشاوەتەوە
سبەى
هێزەکانی ئەمەریکا لە دوو بنکەی دیکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کشانەوە، ئەمەش بووەتە هۆی خێراترکردنی پڕۆسەى کەمکردنەوەى هێزەکانیان لەو وڵاتە، کە هەسەدە پێیوایە رەنگە ببێتە هۆى سەرهەڵدانەوەی داعش.
ئاژانسى رۆیتەرز بڵاویکردەوە، هەردوو دوو بنکەی وەزیرییە و تل بەیدەر لەسنورى حەسەکە لەلایەن هێزەکانى ئەمەریکاوە چۆڵکراون. هەردوو بنکەکە لە ئێستادا لەلایەن لەلایەن هێزێکى بچووکی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە پاسەوانی دەکرێن.
بەپێی ئاژانسەکە، هەروەها ئەو کامێرایانەی کە لەسەر ئەو بنکانە جێگیرکرابوون خراونەتە خوارەوە.
سیاسەتمەدارێکی کورد و پاسەوانانی هەسەدە جەختیان کردەوە کە هێزى ئەمەریکى لەو دوو بنکەیە نەماون و بەم دواییە ڕۆیشتوون. پنتاگۆن ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە بدات.
بەلایەنی کەمەوە لە دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپەوە سەربازانى ئەمەریکا لە چوار بنکەى سەربازى لە سوریا کشاونەتەوە.
ئیدارەی ترەمپ لەم مانگەدا ڕایگەیاند، بوونی سەربازی خۆی لە سوریا کەمدەکاتەوە بۆ یەک بنکە لە هەشت بنکە لە بەشێک لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بڵاویکردەوە کە ڕەنگە ژمارەى سەربازەکان لە دوو هەزارەوە بۆ ٥٠٠ سەرباز کەمبکرێنەوە.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە کە لە بنکەیەکی دیکەی ئەمریکی بەناوی شەدادی قسەی لەگەڵ ڕۆیتەرز کرد، وتی بوونی چەند سەد سەربازێک لە بنکەیەکدا "بەس نییە" بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڕەشەکانی داعش.
وتیشی: "مەترسی داعش لەم دواییانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. بەڵام ئەمە پلانی سوپای ئەمەریکایە. ئێمە ماوەیەکی زۆرە لەبارەیەوە دەزانین و لەگەڵیان کاردەکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی هیچ بۆشایییەک دروستنابێت."
عەبدی ڕۆژی هەینی لەگەڵ ڕۆیتەرز قسەیکرد، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی هێرشى ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. ناوبراو ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەوە بدات کە شەڕی نوێی ئیسرائیل و ئێران چۆن کاریگەری لەسەر سوریا دەبێت و هیواى خواست ئەو شەڕە کاریگەرى دروستنەکات.
چەند کاتژمێرێک دوای چاوپێکەوتنەکە، سێ مووشەکی ئێرانى بنکەی شەدادییان کردە ئامانج و لەلایەن سیستەمی بەرگری ئەمەریکاوە خرانە خوارەوە، ئەوەش بەپێی دوو سەرچاوەی ئەمنی هەسەدە.
داعش لە شارەکانی سوریا چالاکە
مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوەکرد، شانەکانی داعش لە چەند شارێکی سوریا چالاکن، لەوانە دیمەشق، گروپێک لە جیهادییە بیانییەکان کە سەردەمانێک شەڕیان لەگەڵ ڕژێمی سوریادا کردووە، پەیوەندییان بە ڕیزەکانی داعشەوە کردووە. بەبێ ئەوەى وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، داعش لە ئاڵۆزییەکانى دوای ڕووخانی ئەسەد دەستی بەسەر چەک و تەقەمەنی کۆگاکانی ڕژێمی سوریادا گرتووە.
چەند بەرپرسێکی کورد بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێستاوە دەستیکردووە بە جوڵەی ئاشکراتر لە دەوری بنکەکانی ئەمریکا کە بەم دواییە داخراون، لە نزیک شارەکانی دێرەزوور و ڕەققە کە سەردەمانێک قەڵای ئەو گرووپە توندڕەوە بوون.
عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ناوچەکانى لە ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات، داعش زنجیرەیەک هێرشی ئەنجامداوە و لانیکەم 10 شەڕڤانى هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزە ئەمنییەکانی کوشتووە.
2000 سەربازی ئەمەریکی لە سوریا
لە مانگی کانوونی دووەمی 2024 پنتاگۆن ڕایگەیاند کە نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئەمەریکا لە سوریا جێگیرکراون، ئەوەش زیاترە لەو ژمارە فەرمیانەی کە پێشتر وەزارەتەکە ڕایانگەیاندبوو.
لەو ژمارەیە 1100 سەربازیان لەلایەن پنتاگۆنەوە بە هێزى کاتى ناوبران، 900 سەربازەکەى دیکەش بە هێزى سەرەکى.
پنتاگۆن هۆکارى زیادکردنى هێزەکانى لە سوریا بۆ پێشهاتە خێراکانى ئەم دواییەى سوریا گەڕاندبووەوە.
بەوتەى بەرپرسێکی پنتاگۆن بۆ ئێن بی سی، رەنگه ژمارەى سەربازانى ئەمەریکا زۆر زیاتر بێت لەوەى که پنتاگۆن رایگەیاندووە.
پشتیوانی هەسەدە
هێزەکانى ئەمەریکا له بنکەی بچووک له ناوچه جیاجیاکان جێگیربوون وەک کێڵگەى نەوتی عومەر، شەدادی و حەسەکه و قامیشلۆ.
ئەم هێزانە پاڵپشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن، کە بەرپرسیارە لە دەستەبەرکردنی ئاسایشى تۆڕێکی ئاڵۆزی زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە نزیکەی 45 هەزار چەکداری داعش و ئەندامانی خێزانەکانیان تێیدا زیندانیکراون.
ترسەکان لە زیادبووندایە کە ماندووبوونی ئەو هێزانە بەهۆى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا و گروپەچەکدارەکان، توانایان لاواز بکات بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشى ئەو دامەزراوانە، کە ڕەنگە دەرگای هەڵاتن بۆ ئەندامانی داعش بکاتەوە.
بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، لە نێوان هەشت هەزار بۆ 10 هەزار چەکداری داعش لەو کەمپانەدا بوونیان هەیە بەتایبەتى کەمپى هۆل لانیکەم دوو هەزاریان بە مەترسیدار دادەنرێن.
بنکەی تەنەف
جگە لە بنکەکانیان لە سوریا، هێزەکانی ئەمریکا هەروەها لە بنکەی تەنەف لە سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق و سوریا و ئوردن جێگیرکراون.
بنکەی تەنەف بووەتە بەشێک لە ستراتیژیی ئەمەریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک قاعیدە و داعش و گرنگترین ئامانجیش کۆنتڕۆڵکردنی هەژمونى ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.
بنکەکە دەکەوێتە سەر سنووری عێراق و چەند میلێک لە سنووری ئوردنەوە دوورە.
لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ئەم بنکەیە خاڵی دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش و مەشقپێکردنی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا بووە.
وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە هاوپەیمانی دژ بە داعش نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە کاتێک پێشتر دووجار ئیدارەی ترەمپ فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی دابوو، ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی هێرشی وێرانکەری داعش ببنەوە وەک ئەوەی لە ساڵانی 2015 و 2016 لە پاریس، کان، برۆکسل و بەرلین ڕوویاندا.