سبەى
دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە نزیک گەرووی هورمز پێکیاندادا و بەهۆیەوە ئاگریان گرت کە یەکێکیان دوو ملیۆن بەرمیل نەوتى عێراقى هەڵگرتبوو، لەگەڵ زیادبوونی هێرشى ئەلیکترۆنی بەهۆى شەڕى ئێران و ئیسرائیلەوە.
ئاڵوگۆڕی هێرشى مووشەکی ئێران و ئیسرائیل کە لە ڕۆژی هەینیەوە بەردەوامە، سیستەمی کەشتیوانی لە نزیک ڕێڕەوی دەریایی گرنگ لەنێوان ئێران و عومان تێکداوە کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان پێیدا تێدەپەڕێت.
پاسەوانی کەناراوەکانی ئیمارات ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، دوای ڕووداوەکە کە بە دووری 24 میل لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ڕوویداوە، 24 کەسیان لە کەشتیی نەوتهەڵگری ئادالین گواستووەتەوە بۆ بەندەری خورفکان.
کۆمپانیای فرۆنتلاین کە خاوەنی کەشتى دووەمە، پشتڕاستیکردەوە کە ئەندامانی تیمەکەی سەلامەتن و هیچ پیسبوونێک دەستنیشان نەکراوە دوای ئەوەی ئاگر لە کەشتیەکە کەوتەوە. دواتر فرۆنتلاین بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکات، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ دەستوەردانى دەرەکی.
پێگەى TankerTrackers.com، کە خزمەتگوزارییەکی بەدواداچوونی تانکەرەکانە، بڵاویکردەوە کەشتیی فرۆنت ئیگل 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراقی هەڵگرتووە و لە ڕێگەدا بووە بەرەو چین، کەشتیەکەى دیکەش بەرەو کەناڵی سوێس لە میسر بەڕێکەوتبوو.
بەپێی پێگەکە، کەشتى فرۆنت ئیگل کاتێک ویستویەتى بەلای ڕاستدا لابدات تووشى پێکدادان بووە لەگەڵ کەشتی ئادالین کە بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات دەڕۆیشت.