سبەى
پەرلەمانى عێراق بۆ تاوتوێکردنى جەنگى ئێران و ئیسرائیل کۆبووەوە و چوار بڕیارى دەرکرد، کە یەکێکیان تایبەتە بە رەتکردنەوەى بەکارهێنانى ئاسمانى عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە.
بەپێی راگەیەنراوى کۆتایی کۆبوونەوەکە کە دەست “سبەى” کەوتووە، لە کۆبوونەوەى پەرلەماندا کە تایبەت بووە بە گفتوگۆکردن لەبارەى جەنگى ئێران و ئیسرائیل چوار بڕیار دەرکراون کە بریتین لە:
یەکەم: پشتیوانى گەلی عێراق لەگەڵ گەلی ئێران لە دوای دەستدرێژی ئاشکرای ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.
دووەم: ڕەتکردنەوەی ڕەسمی پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق و بەکارهێنانی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.
سێیەم: پشتیوانی لە هەوڵ و ڕێوشوێنەکانی حکومەت لە بەرامبەر پێشێلکردنی سەروەری ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیل و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.
چوارەم: پتەوکردنی یەکڕیزی ناوخۆیی بۆ وەستانەوە بەرامبەر هەر پێشهاتێکى ناوچەیی یان نێودەوڵەتی.
لەدواى دەستپێکردنى شەڕى ئیسرائیل و ئێرانەوە، عێراق لەگەڵ دەربڕینى پشتیوانى بۆ تاران هەوڵدەدات خۆى لە ئاگرى شەڕەکە بەدوور بگرێت.
عێراق هەروەها رۆژى هەینى لە ئەنجوومەنی ئاسایشى نێودەوڵەتى سکاڵاى لەسەر ئیسرائیل تۆمارکرد، بەهۆى بەکارهێنانى ئاسمانى وڵاتەکەى لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى ئەو وڵاتەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە راگەیەنراوێکدا رۆژى هەینى رایگەیاند، لە دژی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئاسمانی عێراق و بەکارهێنانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لە ناوچەکەدا لە ئەنجومەنى ئاسایش سکاڵاى لەسەر ئیسرائیل تۆمارکردووە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەم کارانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری وڵات و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەڵێننامەى نەتەوە یەکگرتووەکانە.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ڕاگرتنی ئیسرائیل و رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە پێشێلکارییە.
بەرەبەیانى رۆژی هەینی 13 ى ئایار ئیسرائیل لەسەرتاسەرى ئێران هێرشى دەستپێکرد و ڕایگەیاند "دڵی" بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی کردووەتە ئامانج، هێرشەکان لە رێگەى 200 فڕۆکەى جەنگییەوە ئەنجامدران کە 300 هێرشیان ئەنجامدا بۆ سەر 100 پێگەی ئێران.
دواى هێرشەکە، حکومەتى عێراق لە راگەیەنراوێکدا وێڕاى ئیدانەکردنى هێرشەکە جەختیکردەوە، نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک تەماشاکەری پێشێلکاریی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە بمێنێتەوە
دەشڵێت، تەنها ئیدانەکردن بەس نییە؛ پێویستە هەڵوێستی نێودەوڵەتی وەربگێڕدرێت بۆ ڕێوشوێنی کرداریی.
حکومەتی عێراق داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات دەستبەجێ کۆببێتەوە و ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە و کۆنکرێتی بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانى ئیسرائیل.