سبەى
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمەریکا کۆنتڕۆڵکردنى تەواوەتى ئاسمانى ئێرانى راگەیاند و دەڵێت، دەزانن عەلى خامنەیی رابەرى باڵاى ئێران لە کوێ خۆى حەشارداوە بەڵام جارێ نایکوژن.
ترەمپ لەپۆستێکدا لە تۆڕى تروس سۆشیال نوسیویەتى، ئێستا بەتەواوى و بەشێوەیەکى گشتگیر ئاسمانى ئێران لەدەستى ئەواندایە.
ترەمپ لە پۆستێکى دیکەدا ئاماژەى بەوەداوە کە دەزانن خامنەیی لە کوێ خۆى حەشارداوە و بە ئامانجێکى ئاسانى دانا، لەگەڵ ئەوەشدا جەختیکردەوە کە نایانەوێت لە ئێستادا بیکوژن و خەریکە ئارامیان بەرانبەر ئێران کۆتایی دێت.
ترەمپ رۆژى دووشەمە فەرمانى بە دانیشتوانى تاران کرد شارەکە چۆڵ بکەن، لەگەڵ چڕکردنەوەى بۆردومانکردنى شارەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەوەش دواى چەند کاتژمێرێک لە داوایەکى هاوشێوەى بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنى شارەکە.
ترەمپ هەروەها پێشتر داوای لە ئێران کردبوو قسەیان لەگەڵدا بکات پێش ئەوەى کار لەکار بترازێت.
لەکاتێکدا ترەمپ تاوتوێی بەشدارى راستەوخۆ لە جەنگى ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکات، ململانێیەکى نوێ لە واشنتن سەریهەڵداوە لەنێوان هەڵۆکانى کۆمارییەکان، کە داواى هێرشى دەستبەجێ دەکەن بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى ئێران، لەگەڵ بەشێکى تر لە کۆمارییەکان کە داواى پابەندبوونى ترەمپ دەکەن بە بەڵێنەکانى لەکاتى هەڵبژاردن لەبارەى دەستوەرنەدانى ئەمەریکا لەشەڕێکى نوێی دەرەکیدا.
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمەریکا دەستیکردووە بە گواستنەوەی فڕۆکەى هەڵگرى سووتەمەنی و کەشتیگەلى “یو ئێس ئێس نیمیتز” بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش وەک بەشێک لەو ئامادەکارییانەی کە شارەزایان دەڵێن پێویستە بۆ بەشداریى ئەمەریکا لەشەڕەکە.