خۆپیشاندانی مامۆستایانی ڕانییە. 11-2-2024
ئەمڕۆ ئەو وادەیە تەواو بوو کە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سنوری پارێزگای سلێمانی بە مامۆستایانیان دابوو بۆ گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن و مامۆستایانی ناڕازیش سورن لەسەر درێژەدان بە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان و دەڵێن: “سزادان نامانترسێنێت”.
مامۆستایان لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، سەیدسادق، ڕانیە، کۆیەو قەڵادزێ بەردەوامییان بە خۆپیشاندان و مانگرتنەکاندا و جەخت لەوە دەکەنەوە کە مانگرتن بەردەوامدەبێت تا کاتی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.
پەروەردەی سلێمانی پێشتر بڕیاریدابوو، هەر مامۆستایەكی وانەبێژ 7 رۆژ غیابی هەبێت لە كارەكەی دوردەخرێتەوە، سەبارەت بە مامۆستایانی میلاكیش ئەمڕۆ دوا وادەبوو بۆ گەڕانەوەیان ئەگەر نا بە وتەی پەروەردە “فەسڵ دەكرێن دەكرێن”، هەر سەرپەرشتیارێكیش بەردەوام بوو لە بایكۆت، پلەی سەرپەرشتیاری لێ وەردەگیرێتەوە.
بەشێک لە سزاکان لە هەندێک لە پەروەردەکاندا بەسەر مامۆستایاندا جێبەجێکراوەو بڕیاری بەرایی گواستنەوەی ژمارەیەک مامۆستا دەرکراوە، هەر ئەمەش هێندەی تر مامۆستایانی توڕە کردوەو پێیانوایە سزادانی مامۆستایان کارێکی نایاساییە لەم دۆخەی ئێستادا.
لەلایەکی دیکەشەوە هەندێک لە مامۆستایان لە ترسی سزاکان گەڕاونەتەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن و ئەوەش بە بەشێک لە گردبونەوەکانی مامۆستایانەوە دەرکەوت کە وەک ڕۆژانی دیکە جۆش و خرۆشی پێوە دیار نەبوو. جگە لە مامۆستایانی هەڵەبجەو ڕانیە کە خۆپیشاندانی گەورەو فراوانیان ڕێکخستبوو.
مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری نزیکەی ٥ مانگ دەبێت بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، جەختدەکەنەوە لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.
پاش دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەم و زیادبوونی فشارەکان لەلایەن پەروەردەوە بۆ مامۆستایان، بایکۆت لە بەشێکی بەڕێوەبەرایەتییەکان شکا و مامۆستایان گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن. هاوکات مامۆستایانی ناڕازی ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و بانگەوازیان بۆ خۆپیشاندان دوپاتکردەوە لە ژێر دروشمی “یەکشەممەی دووپاتکردنەوەی بایکۆت و ناڕەزایەتیەکان”.
بەشێک لە دروشمەکانی مامۆستایان لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆدا جەختکردنەوەبوو لە ڕەتکردنەوەی سزاکان بە دروشمی، “سزامان بدهن سهربهزیین، رۆژێك دێت خهڵك سزاتان دهدات و روڕهش دهبن” هەروەها دروشمەکان دهوامكردنی زۆرهملێیا بە كۆیلایهتی سهردهم ناوبردووە و دەشڵێن: “كاری زۆرهملێ جۆرێكه له بازرگانیكردن به مرۆڤ”.
لەبارەی ئەو هەڕەشانەی پەروەردەکان پارێزەران و یاسا ناسان دەڵێن، بەڕێوەبەری پەروەردە ئەو دەسەڵاتەی نییە مامۆستا فەسڵ بكات، تەنها وەزیر دەسەڵاتی ئیجرائاتی ئیداری هەیە لەگەڵ مامۆستایان و لە ئێستاشدا خودی وەزیری پەروەردە بە شێوەیەکی نا شەرعی لە پۆستەكەی ماوەتەوە بۆیە كەس ناتوانێت مامۆستایان فەسڵ بكات.
هەروەها دەوترێت بابەتی بایکۆتی مامۆستایانی دۆسیەیەکی گشتییە نەک کەیسێکی تایبەت تا ئیجرائاتی ئیداری لە بەرامبەر مامۆستایەك بكرێت، بەڵكو بەهۆی خواردنی مافیانەوە ئەو مامۆستایانە خۆپیشاندان دەكەن و بایكۆتی دەوامیان كردووە.