ئێران: ئیسرائیل بە چەکی ئەمەریکی هێرشەکانی ئەنجام دەدات

#بەقائی#وەزارەتی دەرەوەی ئێران#هێرشەکانی ئیسرائیل
8 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ئێران چەکی پێشکەوتووی ئەمەریکا بەکاردەهێنێت و داوای هەڵوێست لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات.
Primary Asset

سبەی

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ئێران چەکی پێشکەوتووی ئەمەریکا بەکاردەهێنێت و داوای هەڵوێست لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات.

بەقائی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: پێ دەنێینە رۆژی چوارەمی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کە لە رۆژی هەینییەوە و لەوکاتەی خەڵک خۆی ئامادە دەکرد بۆ جەژنی غەدیر ئیسرائیل دەستی بە هێرش و پەلامارەکانی کرد بە جۆرەها چەکی پێشکەوتووی ئەمەریکا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دانی بەوەدانا کە چەندین بەرپرسی پلەباڵای ئێران و هاوڵاتی لەو هێرشانەدا کوژراون، ئەو وڵاتانەی کە پاڵپشت و هاوکاری ئیسرائیلن بەشدارن لەو تاوانانە و ناوەکانیان لە بیرەوەری ئێراندا دەمێنێتەوە.

ئیسماعیل بەقائی، ئەو هێرشانە درێژکراوەی هەڵسوکەوتی ئیسرائیلە بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و درێژکراوەی تاوانەکانی غەززە و کەرتی رۆژئاوایە، نەبوونی لێپرسینەوە لەو "قەوارە تاوانکارە" ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و جیهان دەخاتە مەترسییەوە.

بەوتەی بەقائی، هەر وڵاتێک باوەڕی بە پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتوەکان و سەروەری یاسا بێت، پێویستە هەڵوێستی هەبێت، پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی بە رۆڵی خۆی هەستێت، ئەو لێدوانانەی داوای دانبەخۆداگرتنی ئێران دەکەن، جگە لە دووڕویی و هەست نەکردنی بە بەرپرسیارێتی هیچی تر نییە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: هێرشەکانی ئیسرائیل ناوچەکانی نیشتەجێ بوون و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کردوەتە ئامانج ئەوەش پێشێلکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە لەکاتێکدا شەڕ نییە ژمارەیەک سەرکردەی سەربازیی تیرۆر دەکات، هاوڵاتیان لەناو ماڵەکانی خۆیان دەکوژێت، ئەوەش نیشاندەری ئەوەیە "ئیسرائیل دەوڵەتێکی تیرۆریستە"، ئەوەش بەوتەی ئیسماعیل بەقائی.

بڕیاربەدەستانی ئەمەریکا بەشێکن لە تاوانەکە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند: ئێمە سەرقاڵی دانوستانی دیپلۆماسی بووین، بەڵام روبەڕووی هێرش بوینەوە، باوەڕمان بەوەنییە ئەمەریکا پاڵپشتیی ئەو وڵاتە نەکات، بەوەش دانوستانەکان شکستیان هێنا، ئەرکی ئەمەریکا کە هەڵوێستی روونی هەبێت، بەڵام بڕیاردەستانی ئەمەریکا بەشێکن لەو کارە دوژمنکارانەیە.

هیچ مانایەک بۆ دانوستان نییە لەم دۆخەکە

ئیسماعیل بەقائی رایگەیاند: ئەوانەی داوای دانوستان دەکەن لەم دۆخەدا، گومانی تێدانییە لەم کەشەدا دانوستان هیچ مانایەکی نییە، ئەگەر ئەمەریکا وەک ئەندامێکی ئەنجومەنی ئاسایش دان بەو کارە دوژمنکارانەیەدا نەنێت.

بەرنامەی ئەتۆمی ئێران

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرن رایگەیاند: بەرنامەی ئەتۆمی ئێران تاکە بەرنامەیە لە جیهاندا کە دانپێدانانی هەیە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایش و لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، بۆیە پێویستە رێزی ئەو رێککەوتنە بگرن و ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل بکەن.

وتیشی: "بەرنامەی ئەتۆمی ئێران روبەڕوی هێرش بوەتەوە، ئەوەش پێشێلکاریی پەیماننامەی بڵاوبونەوەی ئەتۆمییە، بۆیە چاوەڕوانی وڵاتانی جیهان دەکەین هەموو هەوڵێکیان بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکان و وەستاندنی بێت بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی